کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بایدن نەدەبوو لە ڕێککەوتنی ناوکیدا کۆمارییەکان پاشگوێ بخا

17:17 - 16 خەرمانان 2722

و: کەماڵ حەسەن‌پوور

واشینگتۆن پۆست-بابی گۆش

لە بەهاری ٢٠١٥، لە جەنگەی بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکان کە وڵاتە یەکگرتووەکان و زلهێزانی دیکەی دنیا خەریکە دەگەڵ ئێران پەیماننامەیەکی ناوکی واژۆ بکەن، تاقمێکی ٤٧ کەسی لە سێناتۆرە کۆماریخوازەکان نامەیەکی سەرئاواڵایان واژۆ کرد کە بەناو بۆ ڕێژیمی تاران بوو، بەڵام مەبەست سەرکۆمار باراک ئۆباما بوو. پەیامی ئەوان: بەرجام -کە ناوی ڕێککەوتنەکەیە- لە ماوەیەکی نە زۆر دووردا بایەخی ئەو کاغەزەی نابێ لەسەری نووسراوە.

نامەکە، سەناتۆر تام کاتن نوێنەری ئارکانزا و میچ مەک-کانڵ، کە ئەوکاتی سەرۆکی زۆرینە بوو، تێیدا نووسرابوو: هەر چەشنە ڕێککەوتنێکی پەیوەندیدار بە بەرنامەی ناوکیی ئێوە کە لەلایەن کۆنگرەوە پەسەند نەکرابێ، شتێکی زیاتر لە ڕێککەوتنێکی جێبەجێکار لەنێوان سەرکۆمار ئۆباما و ئایەتوڵڵا خامنەیی سەیر ناکەین. سەرکۆماری داهاتوو دەتوانێ ڕێککەوتنێکی جێبەجێکاری ئەوتۆ لە چاوترووکانێکدا هەڵوەشێنێ و کۆنگرەی داهاتوو دەتوانێ هەرکات بیهەوێ، مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە بگۆڕێ."

ئۆباما ئەو وریاکردنەوەی پاشگوێ خست و ڕێککەوتنەکەی جێبەجێ کرد، بەڵام سێناتۆرەکان ڕاستیان دەکرد: سێ ساڵ دواتر سەرکۆمار دۆناڵد ترامپ وڵاتە یەکگرتووەکانی لەبەر ئەو هۆیە کە بەگوێرەی پێویست نەیتوانیوە پێش بە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ناوکی یان پێش بە چالاکییە ناسەقامگیرکەرەکانی لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بگرێ، لە ڕێککەوتنەکە کشاندەوە. پاشان ناوبراو ئابلۆقەی ئابووریی بەسەر ئێراندا سەپاند.

ڕێبەرانی ئێران، دەگەڵ واژۆکەرانی دیکەی ڕێککەوتنەکە و کاربەدەستانی پێشووی بەڕێوەبەرایەتیی ئۆباما، گوتیان لە کشانەوەی یەکلایەنانەی ترامپ پەشۆکاو و ناڕازین. بەڵام ئەوان هۆشدارییان پێ درابوو.

ڕەنگبی کاتی نامەیەکی دیکە هاتبێ. بەڕێوەبەرایەتیی بایدن ڕایگەیاندووە لە بڕگە کۆتاییەکانی کەمپەینێکی درێژمەودا بۆ ژیاندنەوەی ڕێککەوتنەکەدایە. کاربەدەستان لە واشینگتۆن دەڵێن ئێران وەلانانی داخوازییە سەرەکییەکانی پەسند کردوە کە بۆ وڵاتە یەکگرتووەکان جێگای پەسەند نەبوون. تاران بانگەشە دەکات کە وڵاتە یەکگرتووەکان پاشەکشەی کردوە. وێدەچی هەردوو لا گوێگرە نێوخۆییەکانیان بۆ ڕاگەیاندنێک بەمزووانە ئامادە بکەن.

ژیاندنەوەی ڕێککەوتنەکە هاوکات دەبێ دەگەڵ هەڵگرتنی ئابلۆقەکان، ڕێگا بۆ دەستڕاگەیشتنی ئێران بە پارەی دەستبەسەرداگیراو خۆش دەکات و داهاتی نوێ بە هەناردەکردنی نەوت و کاڵای دیکە دەگاتە دەستی ڕێژیم کە بە میلیاردها دۆڵار مەزەندە دەکرێ. لە کاتێکدا کە تاران بەڵێنی سڕکردنی پیتاندنی ئۆرانیۆم بۆ ماوەی چەند ساڵ دەدا، دەستی ئاواڵا دەبێ بودجەی سەربازیی بەرز بکاتەوە، بە تایبەتی بۆ گەشەپێدانی بەرنامەی مووشەکی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کە بۆ جاڕز کردنی دراوسێکان و هێڵە ژینەکییە نێونەتەوەییە دەریاییەکان کەڵکیان لێ  وەردەگرێ. ڕایەڵەی میلیشیای شیعە و تێرۆریستان کە بە ناوچەدا بڵاو بوونەوە، لە نێویاندا حیزبوڵڵا و حەماس، وەک ڕابردوو، گیرفانەکانیان پڕ دەبنەوە لە دراو.

وەک ئۆبامای ٢٠١٥، بایدن پەیتا پەیتا داواکانی دوو حیزبەکانی کۆنگرە بۆ ئەوەی پێش گەیشتن بە هەر جۆرە ڕێککەوتنێک و هەڵگیرانی ئابلۆقەکان ڕاوێژیان دەگەڵ بکرێ، پاشگوێ خستوە. کاربەدەستانی بەڕێوەبەرایەتییەکە هەر جۆرە بەرهەڵستکارییەکی واشینگتۆن دژی ژیاندنەوەی ڕێککەوتنەکە، وەک هەوڵێک کە پاڵنەرەکەی سیاسەتی بچووکە نەوەک پڕەنسیپ، ڕەت کردۆتەوە.

ئەوە هەمان هەڵوێستە کە بەڕێوەبەرایەتیی ئۆباما لە وەڵامی نامەی کاتن و مەک-کانڵ لە ٢٠١٥ گرتبوویە بەر. لە کەشوهەوای فرەسیاسیی واشینگتۆندا، پەرچەکرداری ئەوان لەلایەن کۆشکی سپی و دێموکراتەکانەوە ئیدانە کرا و لە شەبەنگی شەرمەزاریدا لە شوێنێکی نێوان بێڕێزیی بە پاشا و خەیانەتێکی ڕاشکاوانە ئەژمار کرا. ئەوان گوتیان، کۆمارییەکان بە ئەتک ئەوکارە دەکەن و هەوڵ دەدەن پێش بە سەرکەوتنێکی زەبەلاحی سیاسەتی دەرەوەی سەرکۆمار ئۆباما بگرن. بایدن، کە ئەوکات جێگری سەرکۆمار بوو، ڕایگەیاند، نامەکە "لەژێر کەرامەتی دامەزراوەیەکە کە ڕێزم بۆی هەیە."  

حاشای لێ ناکرێ کە کۆماریخوازەکان حەولی خۆیان دا پێش هەرجۆرە دەستپێشخەرییەکی ئۆباما بگرن، بەڵام ڕەخنەگرانی نامەکەی کاتن-مەک-کانڵ گەرینگترین خاڵەکەیان لەبەر چاو نەگرت: سەرکۆمار خەریک بوو ئەمریکا پابەندی خاوەن دەرەنجامترین سیاسەتی دەرەوەی خۆی بۆ ماوەی دەیان ساڵ بکات، بێ ئەوەی ڕاوێژ دەگەڵ دامەزراوەیەک بکات کە بایدن بانگەشەی دەکرد هێندە بەرز دەینرخێنێ.

ئێستا وا وێدەچێ بایدن خەریکی دووپاتکردنەوەی هەمان هەڵە بێ. هەمدیسان، کۆمارییەکان داوا دەکەن کە کۆنگرە ڕێگای پێ بدرێ قسەی خۆی لەو بوارەدا بکات پێش ئەوەی کۆشکی سپی کەڵک لە دەسەڵاتی جێبەجێکاری خۆی وەرگرێ. مایکڵ مەک-کاڵ، ئەندامی پلەبەرزی کۆماریی لە کۆمیتەی سیاسەتی دەرەوەی کۆنگرەدا، نامەیەکی بۆ بایدن نووسیوە و تێیدا دەڵێ دەبێ ڕێگا بە کۆنگرە بدرێ پێداچوونەوە بە مەرجەکانی گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنەکە بکات.

وێناچێ مەک-کاڵ بتوانێ بایدن ڕازی بکات. لە ڕوانگەی سەرکۆمارەوە، زیندووکردنەوەی بەرجام ئامانجی سەرەکی سیاسەتی دەرەوەیە، بۆیە ئاکاری بێ‌سەرەنج و دوژمنکارانەی ئێران تەحەممول دەکات، لە نێویاندا پیلانی کوشتنی کاربەدەستانی پلەبەرزی بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ لە خاکی ئەمریکادا، چونکە دەیهەوێ ڕێککەوتنەکە زیندوو بکاتەوە.

بەڵام بێتوو کۆنگرە نەتوانێ پێش بە بایدن بگری تا ڕێککەوتن بکات، دەتوانێ وەبیری سەرجەم لایەنەکان بێنێتەوە کە بێ پەسەندکردنی یاسایی، ئەو کارە چەندە بێ سوودە. هەر وەک کاتن-مەک-کانڵ لە نامەکەیاندا ئاماژەیان پێ کردوە، تەنیا پێویست بە "هێڵێکی نووکی پێنووس" لە لایەن سەرکۆماری کۆماریی دەکات تا بەرجام بکاتە نامەیەکی بێ‌کەڵک.

ئێرانییەکان بە ئەزموونی تاڵیان ئەوە دەزانن. لێکدانەوەی تاران ئەوەیە بێتوو ئەوان ئابلۆقەکەنیان تەنانەت بۆ دوو ساڵیش، پێش ئەوەی کۆمارییەکان شانسی گەڕانەوە بۆ کۆشکی سپیان هەبێ، لەسەر هەڵبگیرێ؛ ئەوان دەتوانن سندووقی دراوەکانیان بە دەیان میلیارد دۆڵار پڕ بکەنەوە. بەڵام بێتوو پێشبینییەکانی سەرکەوتنی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنەکانی مانگی نۆڤەمبەردا وەڕاست بگەڕێن، حیزبەکە دەتوانێ کەڵک لە دەسەڵاتی لە کۆنگرەدا وەرگرێ تا هەڵگیرانی ئابلۆقەکانی هێشتا ماون هێواشتر بکات و تەنانەت هێندێک ئابلۆقەی نوێش وەک وەڵام بە چالاکییەکانی ئێرانییەکان بسەپێنێ کە بایدن لە سزادانیان دوودڵ بوو، بۆ وێنە پیلانەکانی کوشتن لە ئەمریکا.

ئێشتا گەیاندنی ئەو پەیامە، شاگەشگەیی کۆمپانیاکانی کە ڕەنگبێ بەتەما بن مامەڵە دەگەڵ ئێران بکەن، دەنیشێنێتەوە. و دەتوانێ کەمێک دڵنیایی بداتە دۆستانی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست کە ئێران دەستی بۆ تەنگەپێهەڵچنینی ئەوان ئاواڵا نابێ.