کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناسر باباخانی: قۆناغی دوای یەکگرتنەوە، دەبێ کردنەوەی دەروازەیەکی نوێی خەبات بێ لە ڕێگەی بە ڕۆژەڤ‌کردنی پرسی کورد لە وڵاتانی دەرەوە

15:39 - 17 خەرمانان 2722

دیمانە: ڕەحمان سەلیمی

ئاماژە: یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات پاش چاوەڕوانییەکی زۆر سەرنجی زیاتری لەسەر پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆ کردۆتەوە. پرسی وەسەر‌یەک‌کەوتنەوەی دێموکرات، کاریگەریی ئەو ڕووداوە و قۆناغەکانی دوای یەکگرتنەوە و شوێنکاری لەسەر جووڵانەوەی سیاسیی کورد لە گرینگترینی ئەو سەرنجانەن. "کوردستان" بۆ شرۆڤەی زیاتری ئەو بابەتە دیمانەیەکی لەگەڵ ناسر باباخانی، مامۆستا زانکۆ و چاودێری سیاسی پێک‌هێناوە:

پێویستی یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات لە چیدا بوو، و ئەم یەکگرتنەوەیە چ دۆخێکی نوێی دیکە بۆ حیزبی دێموکرات دەخوڵقێنێ؟

ئەگەر بەکورتی چاوێک بە مێژووی لێکدابڕانەکاندا بخشێنین، "خەڵک" وەک پێگە و پتانسییەلی سەرەکیی ئەم حیزبە بەو لێکترازانانە نیگەران بوون، دیارە کە دەڵێم خەڵک مەبەستم لایەنگرانی حیزبی دێموکراتە. بەڵام ئەگەر لە لێکدابڕانەکانی ڕابردوودا بەهۆی بوونی ڕێبەرە کاریزماکانی ئەم حیزبە، تا ڕادەیەک دەتوانین بڵێین خەڵک بە جۆڕێک - هەر چەند پێی دڵخۆش نەبوون - قەناعەتیان پێ‌هێنابوو، بەڵام لەم لێکدابڕانەی دواییدا واتە بوونی حیزبی دێموکرات بە حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، خەڵک پێ پێمل نەبوو. یانی پاش ١٦ ساڵ خەڵک چاوەڕوانیی ئەوەی دەکرد کە ئەو حیزبە سەرلەنوێ یەک بگرێتەوە و پێویستییەکەی لەوەدا بوو کە لە دۆخێکی هەستیاری وەک ئێستا کە ئێران لە بواری نێونەتەوەیی و ناوچەییدا تەریک کەوتۆتەوە و لە لایەکی دیکەوە خەڵک لەبەر گوشارە ئابوورییەکان بڕستیان لێ‌بڕاوە، پێم‌وایە یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات لانی‌کەم دەتوانێ لە سەرەتادا لەباری سایکۆلۆژییەوە شوێندانەریی ئەرێنی هەبێ لەسەر کۆی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەسەر ئەندامان، بەدەنە و کادر و پێشمەرگە و تەنانەت لە دەرەوەی وڵات. بۆیە من لە یەکەم ڕوانیندا پێویستی ئەو یەکگرتنەوەیە لەسەر سازکردنی کەشێکی ڕەوانی ئیجابی بەنیسبەت خەباتی حیزبی دێموکرات لەنێو خۆ و لە دەرەوەدا دەبینم و ئەم بوارە و ئەم کەشە ڕەوانییە وا دەکا بەرەو دۆخێکی نوێ هەنگاو هەڵێنین، کە بە باوەڕی من ئەم دۆخە سازکردنی گوتارێکی نوێیە لەسەر بنەمای پێداویستی و پێویستییەکانی کۆمەڵگەی نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها لەسەر پتانسییەل و تواناکانی حیزبی دێموکرات و دواجار هاوتەریب‌کردنی ئەم گوتارە لەگەڵ سەرجەم ئۆپۆزیسیۆنی کوردی!

یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات چ کاریگەرییەکی لەسەر یەکڕیزی و هاوخەباتی حیزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان دادەنێ؟ ئەمە دەکرێ چەند هەنگاو بۆ پێشەوە بێت؟ هەر لەو چوارچێوەیەدا دەتوانێ چ شوێنکارێکی لەنێو ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی بە دێموکرات و ناوەندگەراوە هەبێت؟

بەبێ گومان یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات وەک باسم کرد یەکەم کارتێکەری، شوێندانەرییەکی سایکۆلۆژییە لەسەر دەوری سێکۆچکەی خەبات! سێکوچکەی خەبات واتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دیاسپۆرا و حیزبی دێموکرات لە باشوور و سنوورەکان. ئەمە دەتوانێ کاریگەریی ڕەوانی هەبێ بۆ ئەوەی کە گڕوتینێکی نوێ ببەخشێتەوە گیانی ئەم حیزبەوە. لە لایەکی تریشەوە دەتوانێ ببێتە کاتالیزۆرێک بۆ لایەنەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی کە لێک دابڕاون، بۆ ئەوەی یەک بگرنەوە و دواجار لە بەرەیەکی کوردستانیدا خۆیان ببیننەوە. لە هەمان کاتیشدا دەتوانێ شوێندانەرییەکی بەرچاوی هەبێ لەسەر ئۆپۆزیسیۆنی سەرانسەری و هەروەها دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، بەو مانایەکە لەمەوبەدوا ئیتر ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بە چاوی دوو لەت سەیری تۆ ناکا، وەک حیزبێکی خاوەن‌مێژوو و شوێندانەر کە نوێنەرایەتی چەندین ملیۆن کورد دەکا سەیرت دەکا و ئەمە قورساییەکی تایبەتی پێ دەبەخشێ و ئەمە زۆر کاریگەرە بۆ ئەوەی دواجار لەسەر هاوکێشە سیاسییەکانی نێو ئێران شوێندانەر بێ. لەلایەکی دیکەوە دەکرێ ئاماژە بە کارتێکەریی ئەم یەکگرتنەوەیە لەسەر لایەنە کوردستانییەکانی دیکە بکەین. حاشا لەوە ناکرێ کە هەموو لایەنێکی سیاسی لە پارچەکانی دیکە بەتایبەت ئەو حیزبانەی کە دەسەڵاتدارن، بۆخۆیان جۆرێ لە قووڵایی ستراتیژیک ڕەچاو دەکەن بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بەڵام بە بوونی حیزبی دێموکراتی بەهێز و یەکگرتوو، ئەم قووڵاییە ستراتیژیکە کە لە بۆشایی ئەم حیزبەدا ساز بووە، ئەو کاتی پڕ دەبێتەوە. حیزب دەبێتە خاوەنی ڕاستەقینەی ئەو خەڵکەی خۆی کە لەوە پێش لە نەبوونی ئەودا لایەنەکانی دیکە قووڵایی ستراتیژیکیان بۆ ڕەچاو دەکرد. لە هەمان کاتیشدا شوێندانەرییەکەی لەسەر ئەدمینیسترێیشێنەکانی دەرەوەی وڵات بۆ وێنە لەسەر دەوڵەتەکان، پارلمانەکان، حکوومەتەکان. زۆرجاران لە سەرکردایەتی حیزبی دێموکراتم بیستوە کە سەردانی ئەو شوێنانەیان کردوە و گوتوویانە کە ئێوە بۆ دوو لایەنن، ئێوە بۆ بەیەکەوە نایەن، بۆیە کە کۆی ئەوانە چاو لێ دەکەین دەتوانین بڵین کە ئەم یەکڕیزییە لە سەرەتادا لەنێوان ئەو دوو باڵەدا ببێتە هۆی کۆبوونەوەوی لایەنەکانی دیکە لەگەڵ یەکتر و دواجار سازبوونی بەرەیەکی کوردستانی و شوێندانەریی لەسەر ئۆپۆزیسیۆن و کۆماری ئیسلامی و ئەدمینیسترێیشێنی وڵاتانی دەرەوە.

یەککەوتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات چ شوێنێک لەسەر پێگە و ستاتوی حیزب دادەنێ و چەندە مەیدان بۆ خەباتی سیاسی و دیپلۆماسیی حیزب لە هاوکێشە ناوچەیی و جیهانییەکان ئاوەڵاتر دەکا؟

ئەم یەکڕیزییە دەبێ ببێتە هۆکارێک بۆ سازکردنی گوتارێکی هاوبەش، مەبەست لە گوتاری هاوبەش ئەوەیە کە ئەو گوتارە دەبێ بڕواتە نێوخۆی وڵات، ئەو گوتارە دەبێ بتوانێ بە هەموو ئەو تایبەتمەندییانەی کە لە نێوخۆی وڵاتدا هەیە لەسەر بنەمای پتانسییەلەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردی بخەمڵێندرێ و ڕووبەڕووی دەسەڵات بکرێتەوە. بۆیە بەر لە هەموو شتێک قۆناغی دوای یەکگرتنەوە ئەوەیە کە بتوانین گوتارێک لە سەر ئەو دوو بنەما سەرەکییە واتە پێداویستی و پێویستییەکانی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها پتانسییەل و توانایی‌یەکانی ‌حیزبی دێموکرات دابمەزرێنین. دیارە گوتاری بزوتنەوەی نەتەوەیی تایبەتمەندییەکانی خۆی لە دێرزەمانەوە هەبووە و هەیە، بەڵام ئەو گوتارە بەپێی ئەم دۆخەی کە ئێمە تێیدا دەژین دەبێ بخەمڵێندرێ. واتە دۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و فەرهەنگیی حیزبی دێموکرات و خەڵک لە نێوخۆی وڵات ڕەچاو بکرێ. کە تۆ توانیت ئەمە ساز بکەی قۆناغی دواتر ئەوەیە کە ئێمە چۆن خەباتی سیاسی بتوانین بگوازینەوە بۆ دەرەوەی سنوورەکانی کوردستان. دیارە ئەوەی کە ئێمە چەندە شوێندانەرین لەسەر هاوکێشە ناوچەیی و جیهانییەکان ڕەنگە ئەوە بە باوەڕی من پرسیارێکی زۆر ورد نەبێ، بەڵام دەتوانین بە پشت‌بەستن بەو گوتارە مەیدانی خەباتەکەمان بەرفراوانتر بکەین. ڕێک ئەو کارەی شەهید دوکتور قاسملوو لە سەردەمی نەبوونی سۆشیال میدیادا کردی، لەسەردەمی کەمی میدیا سوننەتییەکان وەک تەلەڤیزیۆن و ڕادیۆدا کردی. ئەویش ئەوە بوو کە لەگەڵ ڕۆژنامە بەناوبانگەکانی جیهان دەستی پێ کرد بە وت‌ووێژ بۆ ئەوەی کە پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌ بە دنیا بناسێنێ، بۆیە ئەوەش پێویستی بە وزەیەکی یەکجار زۆر هەیە و دەبێ تەرکیزی سەرەکی حیزبی دێموکرات لە قۆناغی تێپەڕبوون لەو هەست و سۆز و عاتیفەیە بۆ قۆناغی سازکردنی گوتار یا خەمڵاندنی گوتار و دواجار پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە بێ.

ڕوانینی کۆماری ئیسلامیی ئێران یەمجارەیان بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی یەکگر و یەکگرتوو چۆن دەبێت؟

ڕوانینی کۆماری ئیسلامی بۆ حیزبی دێموکراتی ڕەنگە ئاڵوگۆڕێکی ئەوتۆی بەسەردا نەیە، ئەو بەنیسبەت هەر دووباڵی حیزبی دێموکرات دوژمنایەتی کردوە، بەنیسبەت لایەنە سیاسییەکانی تری کوردستان و بەردەوام وەک دوژمن سەیری کوردی کردوە و نەک تەنیا هەر حیزبی دێموکرات، بەڵکوو خەڵکی لەنێوخۆی کوردستانیشدا. چون ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆرە  سوورسوور دەزانێ کە حیزبی دێموکرات خاوەنی پێگە و جێگەیەکی زۆر بەرچاوە لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات‌. نموونەی هەرەدوایی مووشەک‌بارانی قەڵای دێموکرات بوو. بۆیە کۆماری ئیسلامی فەرقی پێ ناکا کە چ چەکی بە دژی هەڵبگری، چ لە ڕێگەی وتووێژەوە بکەویە دانوستان لەگەڵی، ئەوەی سەلماندوە کە لە هەموو دۆخێکدا لە هەموو کات و شوێنێکدا دوژمنی کوردە. بۆیە بەتایبەتی لە دوای ئەم یەکگرتنەوەیەش بۆی هەیە لە ڕێگای نەفووزی سیخوڕەکانییەوە، لە ڕێگای سایبێری، لە ڕێگای فیزیکی و لە ڕێگای هەڕەشەی چەکداری گوشارەکان زیاتر بخاتە سەر حیزبی دێموکرات و زیاتر لە جاران لەگەڵی بکەوێتە ململانێ. چونکە هەر ئێستا ئەو ژووری فکری هەیە و کاردانەوەکانی ئەو یەکگرتنەوەیە لە ئاستی دەرەوە و نێوخۆدا دەبینێ بۆیە بە باوەڕی من بەنیسبەت پێشوو بەردەوامتر دەبێ لە دژایەتیکردن لەهەمبەر بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد، بەتایبەت حیزبی دێموکرات.

وەک دواپرسیار. یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چ ئەرک و بەرپرسایەتییەکی دی بۆ ڕێبەران و تێکۆشەرانی ئەم حیزبە دروست دەکات؟

ڕەنگە ئەم پرسیارە شابەیتی غەزەلەکە بێ! ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات و تێکۆشەرانی ئەم حیزبە چ شتێکیان لە ئەستۆیە؟ بەر لە هەموو شتێک دەبێ ئەوان بزانن کە ئەم حیزبە حیزبی سکرتێر و جێگر و ئەندامانی دەفتەری سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی و پێشمەرگە و بەدەنە نییە، ئەم حیزبە حیزبی هەمووانە. حیزبی دێموکرات دەبی گەورەتر لە حیزبێک خۆ بنوێنێ، وەک ڕێبازێک خۆ بنوێنێ، بۆ ئەوەی هەموو لایەنەکان لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە. ڕاستە حیزبی دێموکرات پەیرەو و پرۆگرامی تایبەت بە خۆی هەیە و بەرنامەی تایبەت بە خۆی هەیە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام ئەو تواناییەی هەیە کە بتوانێ ببێتە چەترێک و هەمووان لە ژێر ئەم چەترەدا کۆکاتەوە، لە ڕاستێکی خۆبوێری سوننەتییەوە بگرە تا چەپێکی ڕادیکاڵ! بۆیە دەبێ سیاسەتی ئەم حیزبە بۆ ئەوەی کە بەر بە لێکترازانێکی تر بگرێ، دەبێ ئیزنی ئەوە بدرێ کە بیروڕای جیاواز تەنانەت دژواز لەم حیزبەدا بوونی هەبێ، خەڵک قسان بکا، دەنگ هەڵبڕێ، ڕەخنە بگرێ و بتوانن بە شێوەیەکی ئازادانە وتوێژ بکەن، حیزبێک کە بە سینگ‌فراوانییەوە لەگەڵ ئەندامانی خۆی هەڵ‌نەکا و تابشتی ڕەخنە نەهێنێ تووشی گرفتە لەم چەشنە دەبێ.

وەک باسم لێکرد دەبێ بەرنامەی سەرەکی ئەم حیزبە، سەرلەنوێ سازدانەوە و ساغکردنەوە و خەمڵاندنی گوتاری بزووتنەوەی نەتەوەیی بێ لە سەر بنەمای پتانسییەل و تواناییەکانی ئەم حیزبە و هەروەها پێداویستییەکانی نێوخۆی ڕۆژهەڵات لە هەمو بوارێکەوە و دواجار دەبێ ئەم گوتارە شیفت بدرێ بۆ نێوخۆی ڕۆژهەلاتی کوردستان و دەرەوەی وڵات، بۆ ئەوەی ئەم سێکوچکەی خەباتە بتوانن هەموو کوچکەکان کاری خۆیان بکە. وەک ئەزموونی تاکەکەسیم پێم‌وایە گرینگترین شت ئەوەیە کە حیزبی دێموکرات دەبێ تەواوی تەرکیز و هێز و توانای خۆی وەگەڕ بخا بۆ دەرەوەی وڵات و لە دەرەوە ئەم خەباتە درێژە بدا، ڕێک ئەو کارەی کە شەهید دوکتور قاسملوو کردی واتە کردنەوەی دەروازەیەکی نوێ بۆ خەبات.