کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمێکی گەورە بەبۆنەی یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات لە ڕۆژاوای کانادا بەڕێوە چوو

18:48 - 17 خەرمانان 2722

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٤ی سێپتامبری ٢٠٢٢ی زایینی بەرامبەر بە ١٣ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕێوڕەسمێکی گەورە و بەشکۆی بەبۆنەی یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات لە ڕۆژاوای کانادا بەڕێوە برد.

ڕێوڕەسمەکە بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات و ڕەوەندی کوردی دانیشتووی هەرێمی "بریتیش کۆلۆمبیا"ی کانادا پێک هاتبوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

دواتر "کیوومەرس بەیگی" وێڕای پیرۆزبایی ئەو بۆنە پیرۆزە، بەخێرهاتنی سەرجەم میوانانی ڕێوڕەسمەکەی کرد.

پاشان بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕۆژاوای کانادا، پەیامی کۆمیتە لەلایەن "سەعدی عەبدی" خوێندرایەوە.
لە پەیامەکەدا وێڕای پیرۆزبایی یەکگرتنەوەی حیزب وەکوو هەنگاویکی مێژوویی و دەسپێکی قۆناغێکی مێژوویی لە خەبات، باس لە ڕەوایینەدان بە دابڕان و جیابوونەوە لەلایەن خەڵکی کوردستان و داوای خەڵک لەو ساڵانە بۆ یەکگرتوویی و فشارەکان تا بە ئەنجامگەیشتنی ئەو پرسە کرابوو.

لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا "ئەنوەر کەریمی" باسێکی گرینگی لەسەر یەکگرتنەوە و ئاکامەکانی و هەروەها ئەرکی ئەندامانی حیزب لەوبارەوە کرد.

ناوبراو لە قسەکانیدا باسی لە ڕیشەداربوونی حیزبی دیموکرات لە کۆمەڵگای کوردستان و کارتێکەریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی گۆڕانکارییەکانی ئەو حیزبەی لەسەر خەڵکی کورد کرد. هەروەها باسی لەوەش کرد کە داوا و پێداگرییەکانی خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆتاییدا پرسی یەکگرتنەوەی گەیاندە ئامانج.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ناوبراو باسی لە ئەرکی ئەندامانی حیزب و ڕوحی پێکەوە کارکردن و سەخاوەتمەندانە کارکردن کردبوو.

دواتر "ئیسماعیل ئیبراهیمی" ڕاگەیەندراوی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکانی بە زمانی ئینگلیسی پێشکەش کرد.

لە ڕێوڕەسمەکەدا "حامید بەهرامی" لەلایەن کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و شاندێکی ڕێکخراوی " بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی بەلووچستان" بە سەرۆکایەتی دوکتور "نائیلا قەدری بەلووچ" وێڕای بەشداری لە ڕێوڕەسمەکە پەیامی پیرۆزباییان پێشکەش بە ئامادەبوون کرد.

لە بڕگەیەکی دیکەدا ناوی ئەو حیزب و لایەن و کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتییە کوردستانی  وئێرانییانە خوێندرایەوە کە بەم بۆنەوە پەیامی پیرۆزباییان ئاراستەی کۆمیتەی حیزب کردبوو.

بە شی کۆتایی ڕێوڕەسمەکە تەرخان کرابوو بۆ شایی و هەڵپەڕکێی بەشداربووان و هەر یەک لە هونەرمەندان موحسێن پاڵانی و محەممەد حوسێن کەرکووکی بە کوتنی گۆرانی ڕێوڕەسمەکەیان ڕازاندەوە و ڕێوڕەسمەکە بە خۆشی و شادی بەشداربووان کۆتایی پێهات.