کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پارلمانی نۆروێژ

14:37 - 18 خەرمانان 2722

ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی خەرمانانی ٢٧٢٢ی کوردی شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پارلمانی نۆروێژ پێشوازیان لێ کرا.

بە مەبەستی زیاتر ئاگادارکردنەوە و زانیاری گەیاندن سەبارەت بە دۆخی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خەبات و چالاکیی حیزبی دێموکرات بۆ مافەکانی کورد، شاندێکی حیزبی دێموکرات پێکهاتوو لە: "ئیدریس ئابده، گەلاوێژ محەممەدی و ئالان خاس" لەگەڵ "مانی حوسێنی (Mani Hussaini) پارلمانتار لەسەر لیستی حیزبی کاری نۆروێژ، ئۆسموند ئاوکروست (Åsmund Aukrust) پارلمانتار لەسەر لیستی حیزبی کار و "یۆرن ویکە پێدەرشن" (Jørn Wichne Pedersen) ڕاوێژکاری سیاسیی کاروباری "دەرەوە و بەرگری" لە پارلمانی نۆروێژ کۆ بوونەوە.

سەرەتای کۆبوونەوە "مانی حوسێنی" وێڕای کردنەوەی کۆبوونەوەکە و بەخێرهاتنی شاندی حیزبی دێموکرات و ناساندنی شاندی یاوەری، پیرۆزبایی یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کرد و باسێکی سەبارەت بە پرسی کورد و زانیارییەکانیان لەو بوارەدا پێشکەش کرد.

هەروەها "ئۆسموند" بە نۆرەی خۆی باسێکی لە هەمان ڕاستادا پێشکەش کرد و خۆشحاڵیی خۆی لە پێکهاتنی ئەو کۆبوونەوەیە دەربڕی.

"مانی حوسێنی و ئۆسموند ئاوکروست" لەسەر گرینگیی درێژەدان بەو پەیوەندیانەوە جەختیان کردەوە و خوازیار بوون شاندی حیزب بە شێوەیەکی کارا و بەردەوام زانیاری سەبارەت بە ڕەوشی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتیان پێ بگەیەنن.

دواتر "ئیدریس ئابدە" وێڕای سپاسی شاندی خانەخوێ و ناساندنی هەیئەتی حیزب، باسێکی تێروتەسەلی سەبارەت بە پرسی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە گشتی و خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات بەتایبەتی پێشکەش کرد.

پاشان "گەلاوێژ محەمەدی" و "ئالان خاس" بۆ دەوڵەمەندترکردنی باسەکان سەرنج و تێبینیی خۆیان هێنا بەرباس.

گرینگترینی ئەو خاڵانەی کە باسیان لەسەر کرا بریتی بوون لە:

"بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی کاری نۆروێژ بە گشتی و پارلەمانتاران بەتایبەتی، ڕوونکردنەوە سەبارەت بە یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات کە لەگەڵ پێشوازیی گەرمی شاندی خانەخوێ بەرەوڕوو بوو و بە گرینگ پێناسە کرا، پرسی هەڕەشەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر ڕزگاریخوازانی کورد بە گشتی و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی دێموکرات بە تایبەتی؛ کە لەو ڕاستایەدا "ئالان خاس" ئاماژەی بە مووشەکبارانی ١٧ی خەرمانان کرد و مەحکومکردنی ئەو جینایەتەی لەلایەن نوێنەری ئامریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەرز نرخاند و داوای لە شاندی پارلمان کرد کە ئەوانیش هەر چەند ئەو کات سەبارەت بە ئەو جینایەتە هەڵوێستی ئاشکرایان نەبوو بەڵام خوازیارین پشتیوانیی سیاسییان بۆ گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و حیزبی دێموکرات بەهێزتر بکەن.

باسێکی دیکە کە لەلایەن "مانی حوسێنی" داوای زانیاریی زیاتری لەسەر کرا، باسی پرسی مافی مرۆڤ و زیندانیانی سیاسیی کورد لە ئێراندا بوو، کە لەو بوارەدا "ئیدریس ئابدە و گەلاوێژ محەممەدی" بەرچاوڕوونیی پێویستیان پێشکەشی ئامادە بووان کرد.

پرسی زانیاریی هەڵە لە ماڵپەڕی نەتەوە یەکگرتووەکان بەشی نۆروێژ سەبارەت بە خواستەکانی کوردی کوردستانی ڕۆژهەڵات باسێکی دیکە بوو، کە لەلایەن ئالان خاس ڕوونکردنەوەی لەسەر درا.

 

دوای چەندین باسی گرینگی دیکە سەبارەت بە حیزبی دێموکرات و کار و چالاکییەکانی لە نۆروێژ،  جەخت لەسەر بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی دوو لایەن  کرایەوە.