کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

23:09 - 16 رەزبەر 2722

ڕاگەیاندراو

ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هاوپێوەندیی و یەکڕیزیی نێوان پێهکاتە نەتەوەیی و مەزهەبییەکانی ئێران لە قۆناغی ئێستای خەبات دژبە رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە زامنی سەرکەوتنی ڕاپەرینی ئەمجارەی خەڵکی ئێران دەزانێ.

ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە تازەترین کۆبوونەوەی خۆیدا کە لە ڕۆژی شەممە، ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠١ بەڕێوە چوو، هاوکات لەگەڵ دووپاتکردنەوەی پشتیوانیی حیزب لە ڕاپەڕینی جەماوەریی نەتەوەکانی ئێران دژبە ڕێژیمی دژی‌گەلیی کۆماری ئیسلامی لە ئێران، پێکهێنانی هاوپێوەندی و یەکڕیزیی نێوان پێکهاتە ئیتنیکی و مەزهەبییەکانی ئێرانی لە قۆناغی ئێستادا بە هۆکاری سەرەکیی سەرکەوتنی ڕاپەڕینی جەماوەریی خەڵکی ئێران‌ زانی.

بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات لە سەرەتای کۆبوونەوەکەیدا پرسی هێرشی تیرۆریستی و مووشەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر هێز و لایەنەکانی کوردستان خستە بەرباس و پێی وابوو ئەم هێرشانە بۆ سەر ئۆپۆزیسیۆنی کورد، لەگەڵ نیشاندانی لاوازیی ئەم ڕێژیمە بەرانبەر بە ئیرادەی گەل، پیلانێکیشە بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتیی خەڵک لە سەر ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەم دواییانەی خەڵکی وڵات. بەڵام هەروەک دوابەدوای هێرشە مووشەکیی و پەهبادییەکانی ڕێژیم بۆ سەر حیزبەکان دەرکەوت، خەڵکی کوردستان لە مانگرتنێکی گشتیدا لە ڕۆژی ٩ی ڕەزبەر و ڕۆژانی دواتردا وێڕای مەحکووم و ڕیسواکردنی هێرشە تیرۆریستییەکانی رێژیم بۆ سەر حیزبەکان، درێژەیان بە ناڕەزایەتییەکانی خۆیان ‌دا.

ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە باس و لێکدانەوەکانی خۆیدا تایبەت بە ڕاپەڕینی جەماوەریی و گشتی لە کوردستان و شار و ناوچە جیاجیاکانی ئێران، بە وردبوونەوە لە داخوازییەکانی خەڵک کە لە گشتییەتی خۆیدا تێپەڕین لە نیزامی کۆماری ئیسلامی و دەستەبەرکردنی ئێرانێکی ئازاد و دێموکراتیک و، خوێندنەوەی پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی بەشدار لە ناڕەزایەتییەکان و قسەکردن لە پیلانەکانی رێژیم و ئاستی سەرکوتی هێزە ئەمنیەتییەکان و هەروەها هەڵسەنگاندنی ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆن لە پشتیوانیکردن خەڵک، لەو باوەڕەدایە کە سەرهەڵدانی ئەمجارەی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران، بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی گەلانی ئێران دژ بە دیکتاتۆری لەم وڵاتە بەرەو قۆناغێکی تایبەت و هیوابەخش دەبات.

هەوڵدان بۆ بەرینکردنەوەی ناڕەزایەتییەکان و پەیوەستبوونی گشت چین و توێژەکانی خەڵکی ئێران بە خۆپێشاندەران، پێکهێنانی یەکگرتوویی و هاوهەڵوێستیی نێوان هێز و لایەنە بەرهەڵستکارەکانی ڕێژیم لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات بۆ پشتیوانی لە خەڵک و چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە سەرکوتکەرەکان و بەتایبەت چەکدارانی خۆجێی سەر بە ڕێژیم لە کوردستان و هەروەها درێژەدان بە ناڕەزایەتییەکان و خۆبواردن لە توندوتیژی، تەوەری دیکەی باس و بابەتەکانی کۆبوونەوەی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب بوون.

جێی ئاماژەپێدانە هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب، بۆ جارێکی دیکە خەڵکی لێبڕاوی زۆرێک لە شارەکانی ئێران و کوردستان ڕژانە سەرشەقامەکان و درێژەیان بە ناڕەزایەتییەکانی خۆیان دژبە رێژیم دا کە بەداخەوە لە ئاکامی پەلاماری سەرکوتکەرانەی هێزەکانی رێژیمدا چەند کەس شەهید و بە دەیان کەس بریندار بوون. بەم بۆنەوە بەڕێوەبەریی حیزب وێڕای پێزانین و دەربڕینی پشتیوانیی خۆی لە خەڵکی ڕاپەریوی گشت ناوچەکانی ئێران دژبە دیکتاتۆری، سەرەخۆشی لە سەرجەم بنەماڵەی قوربانیانی ئەم ڕاپەرینە مەزنە دەکات و ساڕێژبوونەوەی برینداران بەئاوات دەخوازێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی ئیداری

١٦ی ڕەزبەری ١٤٠١