مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەلوچستان، پەیامێکی بڵاوکردەوە.
دەقی پەیامەکە:
خەڵکی چەوساوە و ئازادیخوازی بەلووچستان!
لاوانی وشیار و ئازا!
ئێمە لە کاتێکدا هێشتا تەرمی شەهیدانی ٦ی ڕەزبەرمان کە لە ئاکامی مووشەکبارانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگا و جێی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکانمان شەهید بوون ئەسپەردەی خاک نەکردبوو، هەواڵی شەهید بوونی بەربڵاوی خەڵکی زاهیدانمان لە ٨ی ڕەزبەر پێ گەیشت.
هەرچەند لە دەست دانی ئازیزان ناخۆش و بەئازارە، بەڵام جێی شانازییە کە ڕۆڵە ئازاکانی ئەم وڵاتە لە هەموو شوێن و ناوچەیەکی وڵات یەکگرتووانە و یەکپارچە پێکەوە بۆ ڕزگاری لە دەست ڕێژیمێک هەستاون و لێبڕاون بە یەکجاری تێکی وەپێچن کە هیچ شتێک لە مرۆڤایەتی نازانێ.
مانگرتنی بەربڵاوی ئەوڕۆی خەڵکی کوردستان، لە سەر داوای ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و پشتیوانیی کەم وێنەی خەڵکی ئێران لەم مانگرتنە، سەرەڕای هەڕەشەی هێزە سەرکوتکەرەکان، هیوابەخشی ئەم سەرکەوتنەیە.
سەرەخۆشی لە بنەماڵەی تازیەباری زاهیدان و هەموو نەتەوەی بەلووچ دەکەم
ئێمە بە هاوبەشی خەمی خۆتان بزانن
سەرکەوتن بۆ ئێمەیە
بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
مستەفا هیجری
٩ی ڕەزبەری ١٤٠١