کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە گڵاسكۆی ئیسکاتلەند پشتیوانی لە ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران کرا

19:29 - 18 رەزبەر 2722

كۆمیتەی حیزبی دێموكرات لە ناوچەی "گڵاسکۆ"ی سکاتلەند بۆ مەحکووم‌کردنی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ڕۆژی یەكشەممە ١٧ی ڕەزبەر كۆبوونەوە و ڕێپێوانێكی بۆ كوردانی دانیشتووی ئەو وڵاتە پێک‌هێنا.

خۆپیشاندانەکە بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شەقامی ''سێت ئینۆخ'' شاری ''گڵاسكۆ'' دەستی پێ کرد  و ئامادەبووان بەرەو ''جۆرج سكوێر'' بەرانبەر بە شارەوانیی ئەو شارە وەڕێ کەوتن.

لەو کۆبوونەوەیەدا چەندین وتار بە زمانەكانی كوردی، فارسی و ئینگلیزی خوێندرانەوە کە نێوئاخنی هەموویان مەحکووم‌کردنی جینایەتەکانی ڕێژیم و سیاسەتە دژی‌‌گەلییەکانی بوو.

هەروەها لەو خۆپێشاندانەدا هێرشی مووشەکیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات مەحکووم و پێداگری لەسەر پێویستیی پشتیوانیی بەردەوام لە خەڵکی کوردستان و ئێران کرا.