کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچونی خۆپێشاندانێکی بەرین لە فەڕانسە لەدژی کۆماری ئیسلامی ئێران

11:54 - 19 رەزبەر 2722

خۆپێشاندانێکی بەرین بە بەشداریی هەزاران کەسیی خەڵک بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی جەماوەری لە شەقامەکانی ئێران و کوردستان بەڕیوە چوو.

خۆپێشاندانی ئەمجارەی شاری پاریس لە سەر بانگەوازی چەندین ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی ژنان، سەندیکای مافی کرێکاران، حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە فەڕانسە، حیزبی چەپی ئێران (فیدائیانی خەڵک)، ڕێکخراوی فیدائیانی خەڵک، کوردەکانی دانیشتووی فەڕانسە و ئەنجومەنی زیندانییانی سیاسی و عەقیدەتی بەڕێوە چوو.

لەم خۆپێشاندانەدا کە بە بەشداری هەزاران کەس بەڕیوە چوو، دروشمی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران و پشتیوانی لە خۆپێشاندانەکانی نێو شەقامەکانی ئێران درا کە بەرچاوترینیان دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و هەروەها دروشمی "مەرگ بەر ستمگر چە شاە چە رهبر" بوون.

ئەم خۆپێشاندانە لە گۆڕەپانی "پلاس دێ فێت" دەستی پێ کرد و بە ڕێپێوانێک هەتا گۆڕەپانی "پلاس دێ لا ڕێپۆبلیک" واتە گۆڕەپانی کۆماری درێژەی کێشا و بە خوێندنەوەی چەندین وتار کۆتایی هات.