کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: ڕۆژئاوا دەتوانێ بە دانانی ناوچەی دژەفڕین پێشی دەستدرێژییەکانی ڕێژیمی ئێران بگرێت

23:39 - 20 رەزبەر 2722

خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆبوونەوەی ئەنیستیتۆی گۆڵد بۆ کاروباری ستراتیژیی نێودەوڵەتی لەگەڵ بەشێک لە لێكۆلەرانی واشنگتن و ئەندامانی پاڕڵمانی یەكیەتیی ئورووپا کۆبۆوە. لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە ڕێکارەکانی سەقامگیری لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەستێوەردان و دەستدرێژییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرا.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٠ی ڕەزبەر بەڕێوە چوو، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەتا لەسەر دوایین گۆڕانکارییەکانی ئێران و کوردستان، پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە گشتییەکان و ڕاپەڕینی سەرانسەریی خەڵکی ئێران بۆ بەشدارانی کۆبوونەوە دوا. 

پرسی چۆنیەتیی هاریکاریی ئورووپا بۆ سەقامگیرکردنی ئاشتی و دێموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی لە تێکدانی ڕەوشی ئەمنییەتی و سەقامگیریی ناوچەکە دوو تەوەری دیکەی باسەکەی خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوون.

خالید عەزیزی لە باسەکەیدا باسی لەو ڕێکارانە کرد کە دەکرێ پێش بە سنووربەزاندن و هێرشە مووشەکییەکانی ڕێژیم بگرێ و یەک لەوان ئەوە کە ئورووپا ناوچەی دژەفرین بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران دابنێت. 

لە بڕگەیەکی دیکەی کاری دانیشتنەکەدا بەشدارانی ڕاستەوخۆ و ئانلاینی کۆبوونەوە کە بە بایەخەوە سەرنج و بۆچوونەکانی وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان وەرگرت. هەروەها کۆمەڵە پرسیارێکیان لەسەر هاوکێشەکانی ئێستای ئێران و ناوچە هێنایە بەرباس کە لەلایەن خالید عەزیزییەوە وەڵام درانەوە.

خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە لە ڕۆژی چوارشەممە، ٢٠ی ڕەزبەرەوە بۆ چەند دیدارێکی ڕەسمی سەردانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای کردوە، چەند کۆبوونەوە و دانیشتنێکی لەگەڵ بەرپرسان و ئاکادیمیسیەنەکانی ئەو وڵاتە دەبێت.