کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانی بەر دەرکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئۆتریش

13:15 - 21 رەزبەر 2722

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات بەشدارییان لە خۆپیشاندانی بە دەرکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ئۆتریش کرد و جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێرانیان مەحکووم کرد.
ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی ڕەزبەر ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بەشدارییان لە خۆپیشاندانی بەر دەرکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە بە مەبەستی مەحکوومکردنی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە بڕیارنامەیەک لە لایەن شۆڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتوەکان لە دژی کۆماری ئیسلامی پێک‌هاتبوو. ئەو خۆپێشاندان و کۆبوونەوانە هەموو ڕۆژێک لەو شوێنە بەردەوامن.

لە سەرەتای ئەو کۆبوونەوەیەدا بەڕێوەبەری خۆپیشاندانەکە ڕاپۆرتێکی لەسەر چەندی و چۆنیی خۆپیشاندانەکان لە نێوخۆی وڵات بە تایبەت لە شاری سنە پێشکەش کرد. دواتر دوکتور خوسرەو بەهرامی وتارێکی لەسەر دۆخی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەربەرەکایی خەڵکی کوردستان، هەروەها ئەزموونی ٤٣ ساڵەی خەباتی کورد لە دژی کۆماری ئیسلامی پێشکەش کرد.

لە درێژەی کاری کۆبوونەوەکەدا پشتیوانی لە خۆپیشاندەران کرا و  بەشدارانی تریش لە بەشەکانی تری ئێران لە سەر ئەزموونە تاڵەکانی خۆیان لەگەل کۆماری ئیسلامی و پێویستی گرێدانی خەباتی هەموو پێکهاتەکانی ئێران بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و ڕزگاری لە چنگ جینایەتکارانی ڕژیم وتاریان پێشکەش کرد.

خۆپیشاندانەکانی بەر دەرکی نەتەوە یەکگرتووەکان هەموو ڕۆژێک لە کاتژمێر ۹ی بەیانی تا ٨ی ئێوارە بەردەوامە و بەرنامە ڕەسمییەکەی لە نێوان کاتژمێر ٤ بۆ ٦ی ئێوارە بەڕێوە دەچن.