کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانێک دژی کۆماری ئیسلامی لە ئوسترالیا

13:30 - 24 رەزبەر 2722

لە شاری "بریزبن"ـی وڵاتی ئوسترالیا بە بەشداریی سەدان کەس لە نەتەوەکانی ئێران خۆپێشاندێک بەمەبەستی مەحکوومکردنی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ٢٣ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، خۆپێشاندانێکی سەدان کەسی دژی کۆماری ئیسلامی لە ناوەندی شاری "بریزبن"ـی وڵاتی ئوسترالیا بە بەشداریی زۆربەی نەتەوەکانی ئێران بەڕێوە چوو.

 لەو خۆپێشاندانە‌دا چەندین دروشمی جۆراوجۆر دژی ڕێژیمی ئیران وترانەوە و بە تێکڕای دەنگ داوای ڕووخانی ڕێژیم کرا، ھاوکات داوا لە حکوومەتی ئوسترالیا کرا کە باڵوێزخانە و سەفارەتی ڕێژیم کە ناوەندی جاسووسیە دابخات.

 لە درێژەی خۆپێشاندانەکەدا، "سەلاح پوورئەسەد"، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئوسترالیا بابەتێکی پێشکەش بە بەشداربووان کرد و وتی: ئێمەی کورد کارنامەی ٤٣ ساڵ خەباتمان دژی کۆماری ئیسلامی ھەیە و ئێستاش لە کوردستانەوە ئەو خەباتە جەماوەرییە دەستی پێکردووە و ھەموو گەلانی ئێران ھاوکار و ھاوخەباتن کە ئەوە وەرچەرخانێکی گرینگ لە مێژووی  تێکۆشانی خەڵکی ئێرانە، تەنیا بە ھاوکاری وتێکۆشانی ھەموو گەلانی ئێران ڕێژیم دەڕووخێ و نابێ ھیچکەس و لایەنێک بکەوێتە ژێر پڕوپاگەندەی ڕێژیم کە بیھەوێ یەکگرتوویمان تێک بدا.