کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانێک دژی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتی دانمارک

13:33 - 24 رەزبەر 2722

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە شاری "هۆرسنس"ـی وڵاتی دانمارک خۆپێشاندانێکی جەماوەریی دژی کۆماری ئیسلامی بەڕێوە برد.

ڕۆژی شەممە ٢٣ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، ناوەندیی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، خۆپێشاندانێکی جەماوەریی بەمەبەستی شەرمەزارکردنی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پاڵپشتی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران، لە شاری "هۆرسنس"ـی وڵاتی دانمارک بەڕێوە برد.

خۆپێشاندانەکە بە ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان و شۆڕشی ئەمجارەی گەلانی ئێران دەستی پێکرد.

پاشان لە لایەن "دانا ئەلیاسی" بەڕێوەبەریی خۆپیشاندانەکە، چەند وتەیەک پێشکەش کرا کە تێیدا ئاماژەی بە هۆکاری سەرهەڵدانی شۆڕشی ئەمجارەی گەلانی ئێران کرد کە کوردستان چەخماخەلێدەری ئەو شۆڕشەیە و وتی: گەلانی ئێران ڕێژیمێکی دێکتاتۆریان بە شۆڕشێکی جەماوەری لە ساڵی ١٩٧٩ سەرەوژێر کرد و توانایی ئەوەیان هەیە کە ڕێژیمی ئاخوندیش بە هەموو وەحشیگەری و زوڵم و ستەمێکەوە سەرەوژێر بکەن و ئێمەی کورد دەزانین ئازادی نرخی هەیە.

لە درێژەدا، لە لایەن "لیسبێت تۆرفینگ" پەیامی پارتی لیستی یەکگرتوو "Enhedlisten" پێشەکش کرا و جەختی لەسەر پشتیوانیی گەلانی ئێران بەگشتی و گەلی کورد بەتایبەتی کرد و ئاماژەی بە ویستی گەلانی ئێران بە ئازادی و دێموکراسی کرد و وتی: وڵاتانی ڕۆژئاوایی دەبێ پشتگیری لە خەباتی ئازادیخوازیی گەلانی ئێران بکەن، دواتر وتاری ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە لایەن "سەحەر حیسامی" پێشکەش کرا کە تێیدا باسی لە خەباتی ژنان دژی هەڵاواردن و بێ‌مافی و زوڵمی نەتەوەیی دەرهەق بە گەلانی ئێران و کوشتنی "ژینا ئەمینی" کرد، کە بە شێوەیەکی نامرۆڤانە لە لایەن هێزە دڕندەکانی ڕێژیمی ئاخوندییەوە شەهید کرا.