کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانێک بۆ شەرمەزارکردنی کۆماری ئیسلامی لە ئاڵمان

13:37 - 24 رەزبەر 2722

لە شاری فرانکفۆرت"ـی وڵاتی ئاڵمان، خۆپێشاندانێک بۆ شەرمەزارکردنی کردەوەکانی ڕێژیمی ئێران لە لایەن کۆمیتەی (همبستگی با مبارزات مردم ایران) بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ٢٣ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، کۆمیتەی (همبستگی با مبارزات مردم ایران) خۆپیشاندانێکی جەماوەریی بەدژی کۆماری ئیسلامی بەڕێوە برد و ئەندامانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانیش بە ئاڵای کوردستان و لۆگوی حیزبی بە تایبەت لۆگۆی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بەشدارییان کرد.

بەشێکی بەرچاو لە  کوردانی دانیشتووی ئەو ناوچەیە بەشدارییان لەو خۆپێشاندانەدا کرد و زۆرێک لە ڕێکخراو و لایەنە ئێرانییەکانیش بە هێمای خۆیانەوە دژی ڕێژیمی ئێران بەشدار بوون و جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامییان شەرمەزار کرد.

خۆپێشاندانەکە  لە گۆڕەپانی "ڕومیر پلاتس"ـی ناوەندی شاری فرانکفۆرت بەڕێوە چوو و دوای خوێندنەوەی چەند وتار و شێعر و سروود و دروشم لەلایەن  بەشداربووان دژ بە ڕێژیمی پەت‌وسێدارە بە ڕێپێوان بەرەو گۆڕەپانی "ڕۆزمارکت" بەڕێکەوتن و دژی ڕێژیمی خامنەیی دروشیان وتەوە و جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامییان بە دنیای دەرەوە ناساند.