کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان و ئێران

19:13 - 24 رەزبەر 2722

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، هاوکات لەگەڵ خۆپێشاندانە جەماوەرییەکان لە ئێران‌ و کوردستان، لە سێ شاری وڵاتی فینلاند، خۆپێشاندان‌ و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەمەبەستی پشتیوانی لە خەڵکی ناڕازی‌ و ڕاپەڕیوی ئێران‌ و کوردستان، بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە، کوردان ‌و ئێرانییەکانی دانیشتووی وڵاتی فینلاند، لە شارەکانی ''هێلسینکی، تورکو و یوڤاسکولا''  لە دەوری یەک کۆ بوونەوە و سیاسەتی سەرکوت، کوشتن، گرتن‌ و ئازار و ئەشکەنجەی لاوانی ئێران ‌و کوردستانی ڕۆژهەڵاتیان مەحکووم کرد کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پەیڕەو دەکرێت.

ئەم کۆبوونەوانە کە لەلایەن کۆمیتەی حیزبەکانی کوردستان ‌و ڕێکخراوە مەدەنییەکانەوە ڕێک خرابوون، درێژەی ئەو خۆپیشاندان ‌و ناڕەزایەتییانەن کە ماوەی مانگێکە دەستیان پێ کردووە.

ئەم کۆبوونەوەیە بە سروودی نەتەوایەتیی ''ئەی ڕەقیب'' و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدانی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی ئێران‌ و کوردستان دەستی پێ کرد.

ئامانجی ئەم کۆبوونەوەیە، گەیاندنی دەنگی ناڕەزایەتیی ژنان، لاوان ‌و تێکڕای خەڵکی ناڕازیی کوردستان‌ و ئێران بە وڵاتانی ئورووپاییە.

لە نێوئاخنی ئەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتییانەدا، پەیامی بەڕێوەبەران پێشکەش کرا و چەندین کەس وتەیان پێشکەش کرد.

ناوەڕۆکی پەیام‌ و وتەی بەڕێوەبەرانی ئەم ڕێوڕەسمانە بریتی بوو لە داخوازی لە وڵاتانی ئورووپایی و ڕۆژاوایی بۆ پشتیوانی لە خواستی خەڵکی ناڕازیی کوردستان ‌و ئێران‌.

بەشدارانی ئەم خۆپیشاندانانە، لەگەڵ ئەوەی کە وێنە، ئاڵا و پووستێری جۆراوجۆریان هەڵگرتبوو، دروشمی "ژن ژیان ئازادی"‌ و "ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی"یان دەوتەوە.