کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانێکی هەزاران کەسی لە نۆروێژ

19:12 - 24 رەزبەر 2722

لە درێژەی خۆپێشاندانەکانی گەلانی ئێرانی، لە دوای شەهیدکرانی ''ژینا ئەمینی''، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، خۆپێشاندانێکی گەورە بە بەشداریی هەزاران کەس لە گەلانی ئێرانی و کوردستانیی دانیشتووی نۆروێژ و هەروەها ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی نۆروێژ بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی جەماوەریی کوردستان و ئێران بەڕێوە چوو.

 خۆپێشاندانی ئەمجارەی شاری ئۆسلۆ لە سەر بانگەوازی چەندین حیزب و ڕێکخراوی کوردستانی و ئێرانی بەڕێوە چوو.
 
خۆپێشاندەران سەرەتا لە بەردەم وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی نۆروێژ کۆبوونەوە و دواتر بڕیارنامەی خۆپێشاندەران خوێندرایەوە کە بۆ جارێکی دیکە وێڕای مەحکوومکردنی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، داوایان لە کۆڕ و کۆمەڵی نێودەوڵەتی و حکوومەتی نۆروێژ کردبوو کە هەڵوێستی جیددی و کارایان بەرانبەر بە ڕێژیمی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەبێ و پشتیوانیی خۆیان لە گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران دەربڕن. 


دواتر خۆپێشاندەران بە ڕێپێوان و وتنەوەی دروشم دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پشتیوانی لە خۆپێشاندانەکانی نێو شەقامەکانی ئێران بە زمانەکانی نۆروێژی، کوردی و فارسی بەرەو باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران لە ئۆسڵۆ وەڕێ کەوتن.
 
بەشی دووهەمی خۆپێشاندان لە بەردەم باڵوێزخانەی کۆماری تێرۆریستی ئیسلامیی ئێران بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستی پێ کرد و تا کاتژمێر ٥ی ئێوارە درێژەی هەبوو. 
 
ئەم حیزب و ڕێکخراوانەی کە ئەو خۆپێشاندانە بەرینەیان بەڕێوە برد بریتی بوون لە: 

- حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران 

- کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران 

- کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان 

- پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)

- حزب چپ ایران( فدائیان خلق)

- کۆمیتەی پشتیوانیی نۆروێژی - ئێرانی


لە کۆتاییدا بە وتنی دروشمی جۆراوجۆر دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆتایی بە خۆپێشاندانەکە هێنا.