کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە وڵاتی ئاڵمان بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی کوردستان و ئێران خۆپێشاندان بەڕێوە چوو

19:09 - 24 رەزبەر 2722

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، لە شاری "کۆڵنـ"ـی وڵاتی ئاڵمان بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان و ئێران، خۆپێشاندانێکی بەرین بە بەشداریی ئەندامانی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران و بەشێک لە حیزب و لایەنە ئێرانییەکان و خەڵکی ئاسایی بەڕێوە چوو.

خۆپێشاندانەکە بە ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی  بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی ئەو دواییانەی شەقامەکانی کوردستان و ئێران و شەهیدانی مووشەکبارانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران دەستی پێ کرد.

لەلایەن "ڕەزا دانشجوو" بە زمانی کوردی و فارسی بەخێرهاتنی بەشدارانی خۆپیشاندانەکە کرا و دواتر پەیامی ناوەندی هاوکاری و بەشێک لە حیزبە ئێرانییەکان بە زمانەکانی کوردی، فارسی و ئاڵمانی پێشکەش کران.

لە پەیامی ناوەندی هاوکاری کە لەلایەن خاتوو "سۆهەیلا بابەک" بە زمانی کوردی خوێندرایەوە، وێڕای دەڕبڕینی پەیامی هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی سەرجەم گیانبەختکردوانی ڕێگای ئازادی و مەحکوومکردنی ڕێژیمی ئێران، ئاماژە بە کوشتنی بەناحەقی "ژینا ئەمینی" و سەرجەم شەهیدان و سەرکوتی بێبەزەییانەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک و هێرش بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران درا.

دەقی پەیامەکە بە زمانەکانی ئاڵمانی و "فارسیـ"ـش خوێندرایەوە.

پاشان پەیامی ئەنجومەنی ژنانی ئێرانی لە وڵاتی ئاڵمان و پەیامی چەندین ئەنجومەنی ژنانی بەلووچستان پێشکەش کران.

دواتر ڕێپێوانێکی یەک کاتژمێری بەنێو بازاڕی شاری "کۆڵنـ" بە دانی دروشم بە زمانەکانی ئاڵمانی، کوردی و فارسی بەڕێوە چوو.

دوای یەک کاتژمێر ڕێپێوان، بەشداران گەڕانەوە شوێنی سەرەتا و لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەرییەوە درێژە بە خوێندنەوەی وتار و پەیامەکان درا .

"سوڵتان گوڵاوی" بە زمانی ئاڵمانی، وتارێکی لەسەر دۆخی نێوخۆی ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی پێشکەش کرد.

دواتر پەیامی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران لەلایەن "وریا ئەحمەدی" و پەیامی حیزبی چەپی ئێران لەلایەن "فەرها" خوێندرانەوە.

دوای سێ کاتژمێر ڕێپێوان و خۆپیشاندان، بە دانی دروشمەکانی "نەمان بۆ ڕێژیمی ئێران" و "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی بە خۆپیشاندانەکە هات.