کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: لە ڕەوتی ڕاپەڕینەکاندا با هەوێنی تەبایی و یەکگرتوویی بین

10:50 - 25 رەزبەر 2722

کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئەمریکا دوانیوەڕۆی یەکشەممە، ٢٤ی ڕەزبەر (١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) سیمینارێکی سیاسیی بۆ خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکرات پێک‌ هێنا.

لە سەرەتای سمینارەکەدا ڕەحیم ڕەشیدی بە ناوی حیزبی دێموکراتەوە وێرای بەخێرهێنانی ئامادەبووان و وتەبێژی حیزب، لەسەر بایەخی ئەو سمینارە و گرینگی سەردانی عەزیزی بۆ ئەمریکا لە پێوەندی لەگەڵ بارودۆخی ئێران بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی قسەی کرد.

لە برگەی سەرەکیی سمینارەکەدا خالید عەزیزی لەمەڕ دوایین ئاڵوگۆڕەکانی کوردستان، ئێران و ناوچەکە قسەی کرد و لە نێوەرۆکی قسەکانیدا پەڕژایە سەر یەکڕیزیی حیزبی دێموکرات و هەروەها لێکەوتەکانی ئەو هێرش و پەلامارانەی ئێران لەم دواییەدا کردیە سەر بنکەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان و؛ لەم چوارچێوەدا ئاماژەی بە مانگرتن و وەڵامی خێرای خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە کۆماری ئیسلامی کرد.

وتەبێژی حیزب لە بەشێکی ئاخافتنەکەیدا باسی لە تایبەتمەندییەکانی ڕاپەرینی خەڵکی ئێران و کوردستان کرد و لەم بازنەدا یەکڕیزی و هاوپشتیی شارە جیاجیاکانی ئێرانی لە یەکتر بە دەسکەوتێکی گرینگ ناو برد.

خالید عەزیزی لە بەشێکی دیکەی قسەکانی تیشکی خستە سەر دۆخی کوردستان و لەم بازنەدا باسی لەوە کرد کە تێکەڵبوونەوەی دێموکرات هیوا و هۆمێدی لای خەڵکی کوردستانی ئێران ساز کردووە و ئەم ڕەوتە لەسەر ناڕەزایەتییەکانی خەڵک دژی ڕێژیم لە کوردستان بە ڕوونی دیارە و هەر ئەمەش وایکرد کە کۆماری ئیسلامی هەوڵ بدات لە ڕێگای مووشەک‌باران و فرۆکەی بێفرۆکەوانەوە بۆ سەر حیزبی دێموکرات، کاریگەریی ڕەوتی یەکڕیزی لە کوردستان کەم بکاتەوە.

عەزیزی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەور و ڕۆڵی ژنانی لە جووڵانەوەی کوردستاندا بەرز نرخاند و لەم پێوەندییەدا هێز و دەوری ژنانی لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەدا بە بابەتێکی گرینگ لێک‌دایەوە.

لە تەوەرێکی دیکەی ئەو سمینارەدا عەزیزی تیشکی خستە سەر دیدار و چاوپێکەوتنەکانی لە ئەمریکا و هەروەها داوای لە خەڵکی کوردستان کرد بە هەست یەکڕیزی و هاوپستی لەگەڵ ڕەوەندی ئێرانی و گرووپە جیاوازەکان کار بکەن و لە ڕەوتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان دا هەوڵ بدەن هەوێنی یەکریزی و تەبایی بن.

لە دوابەشی سمینارەکەدا خالید عەزیزی وەڵامی سەرنج و پرسیاری بەشدارانی دایەوە.