کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێپێوانێکی بەرین دژی ڕێژیمی ئێران لە واشنتۆن بەڕێوە چوو

14:41 - 26 رەزبەر 2722

ڕەوەندی ئێرانی بەشێویەکی بەرچاو لە شاری واشنتۆن کۆبوونەوە و بە وتنەوەی دروشم و بەرزکردنەوەی وێنەی ژینا ئەمینی و خوێندنەوەی سروود و گۆرانی پشتیوانیی خۆیان بۆ مانگرتن و ناڕەزایەتیی جەماوەری لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران دووپات کردەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لەسەر داوای کۆمیتەی حیزب لە واشنتۆن بەشدارییەکی چالاکانەیان هەبوو.

ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە ڕێگای بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان و وتنەوەی دروشم بە زمانی کوردی و سروودی ''وا هاتن پێشمەرگەی مە" لە وتنی "شڤان پەروەر" و لە "دەوری دەست و تفەنگت گەڕێم ئەی هەڤاڵی پێشمەرگە" لە وتنی "مەرزیە فەریقی" سەرنجی بەشداربووانیان ڕاکێشا.

لە کۆی وتار و لێدوانەکاندا بە ڕێزەوە باسی کوردستان کرا. "سروە سەلیمی" کچە لاوی کورد بە زمانی ئینگلیزی باسی لە سیاسەتی هەڵاواردنی ئێران دژی کوردەکان کرد و لەوبارەوە باسی لەوە کرد کە بۆچی ناوی "ژینا" بووەتە بە "مەهسا".

لەسەر داوای ڕێکخەرانی ڕێپێوانەکە، ''ڕەحیم ڕەشیدی'' بە نوێنەرایەتیی کوردستان و لەنێو ئاپۆڕای ئێرانییەکاندا وتارێکی پێشکەش کرد و وتی: ''لە کوردستانی خوێناوییەوە سڵاوتان لێ بێت، ٤٠ ساڵە ئێمە لەبەر ئەو خواست و دروشمانە سەرکوت دەکرێین کە ئێوە بۆی کۆبوونەتەوە، بەڵام جۆری دروشمەکانتان دڵخۆشمان دەکات و پێمان وایە ئێوە بەڵێنیمان پێ دەدەن و پەیمان دەبەستن کە لە ئێرانی داهاتوودا کوردستان بە تانک و تۆپ و فەرمانی جیهاد پەلامار نادرێت، ئێمە ئەم پەیامە بە دڵ و بە گیان وەردەگرین."

"ڕەشیدی" لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە ڕۆڵ و پێگەی دایکانی کوردستان کرد و وتی کە  دایکانی کوردستان فێریان کردووین "لەبرسان بمرین، لەژێر داری سێدارە گیان بدەین، لە سەرما ڕەق بین، بەڵام هەرگیز لە ترسان نەمرین"، ئەمەش وای لێ کردووین ئەمڕۆ بە دەنگێکی بەرز پێتان بڵێین کوردستان هەرگیز لە بەرانبەر سەرەڕۆیی و سەرکوتدا چۆک دانادات. ئێمە تەسلیم نابین، ئێمە پێتان پەیوەست بووین تاکوو کوردستان هەروەها چاو و چرای ئێران بێت، پێکەوە سروودی یەکگرتووویی دەڵێینەوە و وێکڕا ئەم یەکڕیزییە دەپارێزین و ئەم ڕێژیمە لەرزۆکە دەڕووخێنین.

"ڕەشیدی" لە درێژەی قسەکانیدا بە زمانی کوردی وێڕای هەزاران ئێرانی و کوردستانی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" وتەوە و ڕایگەیاند: ''کوردستان شانازی دەکات کە دروشمەکەی ئەمڕۆ لە دەرەوە زیاتر لە ١٥٠ شاری جیهانی تەنیوە''.

لە کۆتایی قسەکانیدا ناوبراو باسی لە مانگرتنی گشتیی کوردستان کرد و وتی: ''خەڵکی خۆڕاگری کوردستان بەو مانگرتنە وڵامێکی ددانشکێنیان بە مووشەکی بالستیک و فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان دایەوە کە چیدی کۆماری ئیسلامیی ئێران پەلاماری قوتابخانەی منداڵان، نەخۆشخانە و شوێنی مانەوەی بەساڵاچووان نەدات.

"ڕەشیدی" بە وتنەوەی بژی یەکڕیزی، بژی کوردستان و بژی ئێران کۆتایی بە وتەکانی هێنا.

وتاری "ڕەحیم ڕەشیدی" لەگەڵ پێشوازیی گەرم و چەپڵەڕێزانی بەردەوامی ئامادەبووان ڕووبەروو بوویەوە.

دواتر خۆپێشاندەران چوونە بەردەم نووسینگەی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست و پاشان لە بەردەم نووسینگەی نوێنەرایەتیی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران کۆبوونەوە و بە وتنەوەی دروشمی جۆراوجۆر تێکڕا خواستی خۆیان بۆ ڕووخانی ڕێژیمی ئێران دووپات کردەوە.