کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە بولغارستان خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران و کوردستان بەڕێوە چوو

16:11 - 26 رەزبەر 2722

ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ڕەزبەر، کاتژمێر ٥ی ئێوارە لە شاری "سوفیا'' پێتەختی وڵاتی بولغارستان لەسەر بانگەوازی نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو وڵاتە بە بەشداریی چالاکانی ڕێگای ئازادیی ئێران خۆپیشاندانێک بەمەبەستی مەحکوومکردنی سەرکوت و کوشتنی لاوانی ناڕازی لەلایەن ڕێژیمی ئێران و پاڵپشتی لە مانگرتنی گشتیی و خۆپێشاندانەکانی کوردستان و ئێران بەڕێوە چوو.

بەپێی ئەو بانگەوازە کوردانی هەرچوار بەشی کوردستان، چالاکانی ئێرانی وعەرەب، ژمارەیەک لە بولغارییەکان و چالاکانی ئازادیخوازی بولغاری لەو خۆپێشاندانەدا بەشدار بوون و بە وتار، پەیام و دروشم  پشتیوانیی خۆیان بۆ خەبات و سەرهەڵدانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەربڕی.

لەو کۆبوونەوەیەدا پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران لەلایەن "حیشمەت حوسێنی" خوێندرایەوە، لە پەیامەکەدا باسی شەهید و بریندارکردنی شۆڕشگێڕان و ئاگرتێبەردانی زێندانی ئێڤین کرا و هەروەها داوا لە پارلمانی بولغارستان کرا کە باڵوێزی ڕێژیمی ئێران بۆ یەکەم کۆبوونەوی پارلمان کە چەند ڕۆژی تر دەست پێ دەکات بانگهێشت نەکرێت.

دوای ماوەی کاتژمێرێک لە بەردەم پارلمانی بولغارستان بۆ پێش باڵەخانەی سەرکۆماری ئەو وڵاتە خۆپیشاندەران بەڕێ کەوتن و هەمان داواکاری بۆ سەرکۆماری ئەو وڵاتە دووپات کرایەوە .

چەند میدیا و ڕۆژنامەی ئەو وڵاتە لێدوانیان لە خۆپیشاندەران وەرگرت کە ڕاستەوخۆ بڵاو کرایەوە.

کاتژمێر ٧ی شەو بە وتنەوەی سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" لە بەردەم باڵەخانەی سەرکۆماریی بولغارستان کۆتایی بەو خۆپیشاندانە هات.