کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: زیندانییانی سیاسی زیاتر لە جاران مەترسیی سڕینەوە و ڕەشەکوژی و تۆڵەکردنەوەی ڕێژیمیان لەسەرە

15:45 - 27 رەزبەر 2722

(پەیامی بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکرات لەبارەی ئاگرکەوتنەوەی گوماناویی زیندانی ئێڤین)

خەڵکی مافخوازی ئێران و کوردستان!

بنەماڵەی زیندانییانی سیاسی!

چەند شەو بەسەر ئاگرکەوتنەوەی گوماناویی "زیندانی ئێڤین"دا تێپەڕ دەبێت. ڕووداوێک کە لە گەرمەی تووڕەیی جەماوەری سەرشەقام و شەپۆلی بێ‌ئامانی ڕقی پەنگخواردووی خەڵک دژ بە ڕێژیمی تاوان و تێرۆر، سەرنجی ڕای گشتیی ئێران و ڕێکخراوە و کۆمەڵە بەشەردۆستەکانی جیهانی بۆلای خۆی ڕاکێشا.

زیندانی ئێڤین لە لایەک هێمای خۆڕاگری و ئیرادەی لەشکان‌نەهاتووی هەزاران شۆڕشگێڕ و خەباتگێڕی سەر بە نەتەوەکانی ئێرانە، لە لایەکی دیکەشەوە، هێمای بەردەوام‌بوونی سیاسەتی کوشتار، ئەشکەنجە و ڕەشەکوژیی کۆماری پەت و سێدارەیە. ئەگەرچی تاکوو ئێستا لایەنەکانی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە ڕوون نەبووەتەوە، بەڵام تاوان و پیلانگێڕییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی جێی گومان نین.

ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە، ئەگەر و مەترسیی دووبارەبوونەوەی کارەساتێکی دیکەی لە چەشنی کوشتاری بەکۆمەڵی دەیەی ٦٠ی هەتاوی و تاوانە هاوشێوەکانی ئەم ڕێژیمەی بەدواوەیە. هەربۆیە دەبێ بە نیگەرانییەوە لێی بڕوانین، بەتایبەت کە لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا و، لە ئەنجامی سەرکوتی بێ‌بەزەییانەی جەماوەری ڕاپەڕیو و دەستبەسەرکردن و بێسەروشوێنکردنی هەزاران کەس لە ڕۆڵە ئازادیخوازەکان، مەترسیی سڕینەوە و ڕەشەکوژی و تۆڵەکردنەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە جاران زیاتر هەستی پێ دەکرێت.

خەڵکی ئازادیخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە ئامانجیان ڕووخان و تێکەوەپێچانی تۆماری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە و، شەقام و سەنگەری خۆڕاگرییان چۆڵ نەکردووە؛ پێویستە ئازادیی زیندانییانی سیاسی بکەنە دروشم و، هێماکانی خۆڕاگری و کۆڵنەدان زیاتر بەرجەستە بکەنەوە. پێویستە لە چارەنووسی ڕۆڵەکانیان لە زیندانەکاندا خافڵ نەبن و، پێش بە دووبارەبوونەوەی کارەساتێکی گەورەتر بگرن.

هەروەها، داوا لە کۆڕ و کۆمەڵە بەشەردۆست و ڕێکخراوەکانی ماڤی مرۆڤ دەکەین، بەدوای کەیسی ئەم دواییانەی زیندانی ئێڤین و زیندانییانی سیاسیی نێو چاڵەڕەشەکانی ڕێژیمدا بچن، تا کارە قێزەون و نائینسانییەکانی ئەم ڕێژیمە فاشیست و مرۆڤکوژە زیاتر لەقاو بدرێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتی

مستەفا هیجری

٢٦ی ڕەزبەری ١٤٠١