کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانێک بۆ مەحکوومکردنی سەرکوتەکانی ڕێژیمی ئێران لە ئاڵمان

19:38 - 29 رەزبەر 2722

لە شاری "هامبۆرگ"ـی ئاڵمان، لەسەر بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و ناوەندی چالاکانی ڕێگای ئازادیی ئێران، بەمەبەستی شەرمەزارکردنی سەرکوتەکانی ڕێژیم بۆ سەر خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران، خۆپیشاندانێک بەڕێوە چوو.

لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، لە سەر بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و ناوەندی چالاکانی ڕێگەی ئازادیی ئێران، لە شاری "هامبۆرگ"‌ـی وڵاتی ئاڵمان، بەمەبەستی مەحکوومکردن و شەرمەزارکردنی سەرکوتی خوێناوی و کوشتنی خەڵکی ناڕازی ئێران لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی خامنەییەوە بەتایبەت لە کوردستان و هەروەها بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی سەرانسەریی ئێران، بەبەشداریی سەدان کەس خۆپیشاندانێک بەڕێوەچوو.

لەو خۆپیشاندانەدا، پلاتفۆڕمی کوردی هامبورگ، چالاکانی بەلووچ و عەرەب، ژمارەیەک لە ئۆکرانییەکانی نیشتەجێی ئاڵمان و چالاکانی ئازادیخوازی ئاڵمانی بەشدار بوون و بە وتار و پەیام و دروشم  پشتیوانیی خۆیان بۆ خەبات و سەرهەڵدانی شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەربڕی.

هەروەها پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن "کەماڵ حەسەن پور" خوێندرایەوە و چەند گۆرانی و سروودی شۆڕشگێڕانەش پێشکەش کرا و بە وتنەوەی دروشم دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ''ژن، ژیان، ئازادی'' کۆتایی بە خۆپیشاندانەکە هات.