کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێپێوانێکی بەشکۆ بۆ پشتیوانیی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لە ئوسترالیا بەڕێوە چوو

16:46 - 30 رەزبەر 2722

ئەمڕۆ شەممه ڕێکەوتی ٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، ڕەوەندی ئێرانی بۆ پشتیوانیی له بانگه‌وازی مانگرتنی سەرانسەریی له ئێران و کوردستان ڕێپێوانێکی بەربەرینی بە بەشداریی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات بۆ ماوەی سێ کاتژمێر لە ئوسترالیا بەڕیوە برد.

لەم ڕێپێوانەدا "جەلال خەڵخاڵ" بەرپرسی کۆمیتەی حیزب له "نیوزلەند" باسێکی سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی خەڵک لە ئێران و کوردستان پێشکەش به ئامادەبووان کرد.

ناوبراو ئاماژەی به ئاگرتێبەردانی زیندانی ئێڤین کرد که وەبیرهێنەرەوەی ئێعدامەکانی سیاسی لە ساڵی ۶۷ و کوژرانی زیندانییانی سیاسی و سینما ڕێکسی ئابادان بوو.

"خەڵخاڵ" هەروەها باسی لە لەشکرکێشی و قڕکردنی میللەتی کورد کرد که وەبیرهێنەرەوەی وتەی "ئەبولحەسن بەنی‌سەدر" لەژێر ناوی "پوتینهایتان را در نیارید تا کوردستان را با خاک و خون یکسان نکنید" کە ئەوەش جۆرێک جیهاد دژی نەتەوەی کورد بووە.

ناوبراو له بەشێکی تر لە وتەکانیدا ئاماژەی به مافی مرۆڤ و مافی دیپڵۆماتیک کرد که "دیپلۆماتەکانی ڕێژیم، نوێنەری سیاسیی ڕێژیمێکی منداڵکوژن و دەبێت مافی مرۆڤ له پارێزراویی دیپڵۆماتیکی ئەو کەسانە بێتە دەرەوە و کۆنسولگەرییەکانی ئێران لەلایەن وڵاتانی ئازادیخواز و دێموکرات دابخرێن و دیپڵوماتەکانیان وەدەربنرێن".

لەو ڕێپێوانەدا داوا کرا کە خەڵک بۆ خۆ ڕێکخستن لە کاتی ئازادیدا شوڕای گەڕەک پێک بێنن.