کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە بریتانیا پشتیوانی لە کوردستان و ئێران کرا

23:43 - 10 رەزبەر 2722

ڕۆژی هەینی ٨ی ڕەزبەر ١٤٠١ی هەتاوی، لەسەر بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، خۆپێشاندانێک  لە لەندەن پێتەختی وڵاتی بریتانیا لە ترافالگا سکوێر دەستی پێ کرد. 

 کۆبوونەوەکە  بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب دەستی پێ کرد و پاشان بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی نوێی حیزبەکەمان و سەرجەم گیانبەختکردوانی دوو حەفتەی ڕابردوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خولەکێک بێدەنگی ڕاگەیاندرا.

 لەلایەن  کاک محەممەد ئیناخی بە نوێنەرایەتی لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەخێرهاتنی بەشداربوان کرا.

دوای خوێندنەوەی چەند پارچە شێعر و پەخشانی شۆڕشگێڕانە و گوتنەوەی کۆمەڵێک دروشم لەلایەن بەشداربووان بە زمانەکانی کوردی و فارسی و ئینگلیسی، ڕێڕەوی خۆپێشاندەران دەستنیشان کرا و بە  ڕێپێوان بەرەو  داون ستریت بە گوتنەوەی  دروشمی ئینگلیسی و بەرزکردنەوەی سەدان وێنە کە هەڵگری  پەیامی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و قوربانییانی دەستی کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران بوون وەڕێ کەوتن.

 پاشان لەبەردەم بینای پارلەمان گردبوونەوەکەیان درێژە پێ دا.

لە بڕگەیەکی تری ڕێوڕەسمەکە  پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە زمانەکانی کوردی و فارسی و ئینگلیزی لەلایەن ''وەلی ڕۆستەمی، گوڵاڵە سەلیمی و ئاریاکۆ ڕەحیمی" خوێندرانەوە.
پەیامی شورای دێموکراسیخوازانی ئێران لەلایان ڕەحیم بەندویی پێشکەش کرا .

بەشێکی بەرچاو لە کەسایەتی گەلانی ئێران و ڕەوندی کوردی لە بریتانیا هاوخەمیی خۆیان ل گەڵ لایەنەکانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران دەربڕی و هاوپشتیی خۆیان بۆ سیاسەتی دروست و حەکیمانەی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی دەربڕی کە نەکەوتوونەتە مەیدانی شەڕێک کە کۆماری ئیسلامی بۆیانی دیاری دەکات تا بەم جۆرە  ویست و داخوازییەکانی خەڵکی وەزاڵەهاتووی سەر شەقامەکانی ئێران بەلاڕێدا ببات. 

ئەندامانی یەکیەتیی لاوان و ژنانی دێموکرات حزورێکی بەرچاو و چالاکانەیان هەبوو کە بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەکانی ناوەندی هاوکاری و ڕاگەیاندراوەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران  لە شەقامەکانی دەورووبەر سەرنجی خەڵکانێکی زۆری بیانی و ئینگلیسییان ڕاکێشابوو.