کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لە وڵاتی دانمارک بەڕێوە چوو

11:14 - 1 خەزەڵوەر 2722

دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٢ ئوکتۆبری ٢٠٢٢ی زایینی، خۆپیشاندانێکی بەرین کە لەسەر داوای کوردان و ئێرانییەکانی دانیشتوو لە وڵاتی دانمارک بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی گەلانی ئێران پێک هاتبوو، بەڕێوە چوو.

سەرەتا خۆپیشاندەران لەلایەن پێشکەشکارانی بەرنامە "هەژار دەشتی" و "ئارەزوو" بە سێ زمانی کوردی، دانمارکی و فارسی بەخێرهاتن کران، پاشان خۆپیشاندانەکە بە وتنەوەی چەند دروشمی جۆراوجۆر دەستی پێ کرد.

بەرنامەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و سروودی "ای ایران" و ڕاگرتنی ساتێک بیدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی گیانبەختکردووی سەرهەڵدانی ئەمجارەی ئێران و کوردستان دەستی پێ کرد.

دواتر پەیامی هاوبەشی گەلانی ئێران بە زمانی دانمارکی لەلایەن "هۆنیا ئازەربار" خوێندرایەوە.

پاشان "نیکۆلای وامەن" وەزیری ئابووریی دانمارک بە پێشکەشکردنی چەند وتەیەک پشتیوانیی خۆی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دەربڕی.

لە درێژەدا پەیامەکانی هاوبەشی گەلانی ئێران بە زمانی کوردی لەلایەن "سەربەست ئۆرمیە"، بە زمانی فارسی لەلایەن "حەمید مومتاز سەنعەتی" و بە زمانی ئینگلیزی لەلایەن "دەریا خوسرەوی" خوێندرایەوە.

پاشان بە ڕێپێوان خۆپێشاندەران لەنێو شاری "ئارهۆس" بە وتنەوەی دروشمی جۆراوجۆر و بە چوار زمانی "کوردی، فارسی، دانمارکی و ئینگلیزی" بەرە و شوێنی دیاریکراو بەرێ کەوتن.

دواتر "تۆبیاس" بە نوێنەرایەتیی پارتی "مۆدێراتی" دانمارک چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و پشتیوانی خۆی لە شۆڕشی گەلانی ئێران ڕاگەیاند.

پاشان "هەنار خوسرەوی" گۆرانییەکی بە زمانی ئینگلیزی پێشکەش کرد.

لەنێو ئاخنی بەرنامەکە چەند گۆرانی و سروودێک بە هاوکاری دەفژەنی کورد "شەهرام ئەلقاسی" پێشکەش کرا.

هەروەها گۆرانی "دایە دایە وەخت جەنگە" بە زمانی لۆری لەلایەن "ئارمان ڕەزایی" و هەروەها سروودی "تاکەی تاکەی" لەلایەن "یەدوڵڵا چراغیـ"ـیەوە پێشکەش کرا.

لە کۆتاییدا بۆ جارێک دیکە خۆپیشاندەران بە ڕێپێوان و بە دانی دروشم بەرەو شوێنی یەکەم گەڕانەوە و بە چەند سروود و پارچە مووزیک کۆتاییان بە خۆپێشاندانەکە هێنا.

لایەنە کوردییەکانی بەشداربوو لەو خۆپیشاندانەدا بریتی بوون لە "ناوەندی هاوکاریی ‌هێزەکانی کوردستانی ئێران، سازمانی دێموکراتیکی یارسان" و هەروەها چەند کەسایەتییەکی ئێرانی ئازادیخوازی غەیری کورد لە نەتەوەکانی فارس، ئازەری و عەرەب".