کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوە و ڕێپێوانی پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان و ئێران لە فینلاند

13:03 - 1 خەزەڵوەر 2722

لە درێژەی چالاکیی، خۆپیشاندان ‌و ناڕەزایەتییەکانی کوردان و ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵات بۆ پشتیوانیی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران، لە شاری "ھێلسینکی"ـی پێتەختی وڵاتی فینلاند، خۆپیشاندانێکی بەرین بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، کۆبوونەوە و خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانیی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران و کوردستان، بە بەشداریی سەدان کەس لە کوردان و ئێرانییەکانی دانیشتووی ئەو وڵاتە و نوێنەرانی حیزبەکانی فینلاند، لە ''Senaatintori'' لە نزیک کلیسای بەناوبانگی شاری ھێلسینکی ''Tuomiokirkko'' بە سروودی نەتەوایەتیی ''ئەی ‌ڕەقیب'' دەستی پێ کرد.

پاشان ''ئێرکی توۆمیۆیا'' (Erkki Tuomioja)، ئەندامی پارلمان و وەزیری پێشووی دەرەوەی فینلاند، چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و وێڕای بەرزنرخاندنی خەباتی ژنانی ئێران، کوشتن، گرتن و سەرکوتی خۆپیشاندەران و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە مەحکووم کرد و  هەروەها پشتیوانیی خۆی لە خواستی ژنان بۆ ئازادی‌ و بەدەستهێنانی مافەکانیان دەربڕی.

 دواتر بەشداربووان بە ڕێپێوان ‌و وتنەوەی درووشم بە زمانەکانی کوردی، فارسی، فینلاندی ‌و ئینگلیزی بە ناو شاردا ڕێیان پێوا و لە "کامپی" لەنێو شاری هێلسینکی کۆ بوونەوە و بەرنامەکان بە وتەی میوانان ‌و دروشم ‌و سروودی ئەی شەهیدان ‌و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە خەبات ‌و قوربانییەکانی ئەم دواییانەی کوردستان ‌و ئێران درێژەی کێشا.

''سارا سۆفی''، ئەندام پارلمانی فینلاند و ئەندامی ڕێکخراوی بەرگریی لە ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان وتەیەکی پێشکەش کرد، ناوبراو لە وتەکانیدا، پشتیوانیی خۆی بۆ خەباتی ژنانی ڕاپەڕیوی گەلانی ئێران دەربڕی ‌و ئەوانی بە بوێر وەسف کرد و بوێریی کچان ‌و ژنان ‌و خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران ‌و کوردستانی بەرز نرخاند و وتی: ''ئەم دروشمە لە شەقامی فینلاندیشدا دەنگی داوەتەوە''.

 ناوبراو هەروەها وتی: ''خەبات لە ئێراندا بۆ مافی بەرانبەر لە ئارادایە و ئەرکی ئێمەیە کە چاومان بکەینەوە و ببینین لە ئێراندا چی ڕوو دەدا. ئەرکی ئێمەیە پشتیوانی لە خەڵکی ئێران بکەین کە بۆ ئازادی ‌و مافەکانی خۆیان خەبات دەکەن و ئێمە یادی ژینا ئەمینی ‌و هەموو ئەو کەسانە دەکەینەوە کە خەبات دەکەن‌ و گیان ‌و ژیانی خۆیان خستووەتە مەترسییەوە و ئەمە لە بیر ناکەین''.

 لە درێژەی بەرنامەکاندا، ''تیینا ساندبێرگ''، نوێنەری حیزبی شیوعیی فینلاند، ''ئانوو ساری''، نوێنەری حیزبی فێمینیستی فینلاند و هەروەها ''گەشاو بیبانی''، نوێنەری حیزبی چەپەکانی فینلاندیش چەند وتەیەکیان پێشکەش کرد و وێڕای پشتیوانی لە داخوازیی ژنان‌ و خەڵکی ئێران‌ و کوردستان، سەرکوت، کوشتن ‌و گرتنی ژنان، لاوان‌ و خوێندکاران‌  و قوتابییانی ئێران‌ و کوردستانیان مەحکووم کرد.