کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێپێوانێکی بەرین دژی ڕێژیمی ئێران لە واشنتۆن

13:02 - 1 خەزەڵوەر 2722

لە "واشنتۆن"، ڕێپێوانێکی بەرین بە دژی دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بۆ پاڵپشتیی لە شۆڕشی سەرانسەریی ئێران بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، بۆ جارێکی دیکە ڕەوەندی ئێرانی لە شاری واشنتۆن بەشێویەکی بەرچاو بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران خۆپیشاندانی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و لەبەردەم کۆنگرێسی ئامریکا کۆ بوونەوە و بە وتنەی دروشم، وتار و سروودی شۆڕشگێڕی پشتیوانیی خۆیان بۆ ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دووپات کردوە.

خۆپیشاندەران بە بەرزکردنەوەی وێنەی ''ژینا ئەمینی'' و وتنەی دروشم بە دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران داوای ڕووخانی ئەو ڕێژیمە و پشتیوانیی خۆیان بۆ مانگرتن و ناڕەزایەتیی جەماوەری لە كوردستان و ئێران دەربڕی.

لەو کۆبوونەوەدا، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر داوای کۆمیتەی حیزب بە شێوەیەکی بەرچاو و بە ئاڵای کوردستان و جلوبەرگی کوردییەوە چالاکانە بەشداریی خۆپیشاندانەکەیان کرد و بە وتنەوەی دروشمی جۆراوجۆر دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران چوونە بەردەم كۆشکی سپی و بە تێکرا داوای پشتیوانیی ئامریكایان لە خەڵکی ئێران کرد.

هەروەها ئەندام و لایەنگرانی دڵسۆزی حیزبی دێموکرات لە ویلایەتەکانی ''تێنسی و ئاریزۆنا'' بە شێوەیەکی بەرچاو بەشداریی خۆپیشاندانەکانیان کرد و بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان و وێنەی شەهیدان و وتنەوەی دروشم پشتیوانیی خۆیان بۆ کوردستان و ڕاپەرینی خەڵکی ئێران دووپات کردوە.