کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شاری "پێرت" لە وڵاتی ئوسترالیا خۆپیشاندانێکی بەرین بەڕێوە چوو

11:43 - 2 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، خۆپیشاندانێکی بەرفراوان بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان و ئێران، لە شاری "پێرتـ"ـی وڵاتی ئوسترالیا بەڕێوە چوو.

لە خۆپیشاندانەکەدا ڕێژەیەکی زۆر لە ئەندامانی حیزب و کوردی دانیشتووی ئەو شارە بەشدارییان کرد.

هەروەها لە خۆپیشاندانەکەدا خەڵکێکی زۆری ئۆکراینی بۆ پشتیوانی لە خەڵکی کوردستان و ئێران دژی ڕێژیمی ئێران ئامادە بوون.

لە خۆپیشاندانەکەدا چەندین وتار خوێندرانەوە کە لەودا یارمەتیدانی ڕێژیمی ئێران بە ڕووسیە لە دژی ئۆکراین مەحکووم کرا.

دوکتور "ئەن ئاڵی" وەزیری خوێندن و لاوان، لە خۆپیشاندانەکەدا بەشدار بوو و چەن وتەیەکی پێشکەش کرد و لە وتەکانیدا پشتگیری خۆی بۆ ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران بۆ گۆڕینی ڕێژیمی ئێران ڕاگەیاند و باسی لە شۆڕش و هاتنە سەر شەقامی خەڵکی میسر و سەرکەوتنی ئەوان کرد و ئاواتی سەرکەوتنی بۆ گەلی کوردیش خواست.

 خۆپیشاندانەکە لە کاتژمێر ١١ بۆ ١ی نیوەڕۆ درێژەی کێشا و دوای سێ کاتژمێر کۆتایی پێهات.