کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێکی چەند ھەزار کەسی لە شاری "کۆپنهاگـ"ـی وڵاتی دانمارک بەڕێوە چوو

15:46 - 2 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی شەممە ٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠١ ھەتاوی بەرامبەر بە ٢٢ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢ی زایینی، کۆمیتەی هاوبەشی پشتیوانی لە ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران و ''Spot on Iran''خۆپیشاندانێکی گەورەی چەند ھەزار کەسی بە مەبەستی پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان و ئێران و گەیاندنی دەنگی ئەوان بە خەڵک، ئۆرگانەکان، حیزبە سیاسییەکان و میدیاکانی دانمارک بەڕێوە برد کە ژمارەیەک کەسایەتی سیاسیی و ڕێبەری پارت و لایەنە دانمارکییەکان و پارلمانتار و سەرۆکوەزیرانی پێشووی وڵاتی دانمارکیش بەشدار بوون.

خۆپیشاندانەکە لە بەردەم باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی دانمارک بەرەو باڵەخانەی پارلمانی ئەو وڵاتە دەستی پێ کرد، کە خۆپێشاندەران بە وتنەوەی دروشم و سروود و گۆرانی شۆڕشگێڕی ھێندەی دیکەی جۆش و خرۆشیان بە خۆپێشاندانەکە بەخشی.

سەرەتا پەیامی "کۆمیتەی هاوبەشی پشتیوانی لە ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران" بە زمانی فارسی لەلایەن "زیوەر میرلاشاری"، پەیامی "کۆمیتەی هاوبەشی پشتیوانی لە ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران" بە زمانی دانمارکی لەلایەن دوکتور''سەعید سوڵتانپوور" ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆمیتەی دانمارکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پێشکەش کرا.

لە پەیامی دوکتور''سەعید سوڵتانپوور"دا ئاماژە بە "ژینا ئەمینی" وەک هێما و یەکگرتوویی کوردستان و هەموو شوێنەکانی دیکەی ئێران و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی خەڵکی وەزاڵەهاتوو و خواستی ئەوان بۆ ڕووخانی ڕێژیم کرا و هەروەها لە بەشیکی دیکەی پەیامەکەدا ئاماژە بە سەرکوتی خەڵکی ئێران لەلایەن ڕێژیم و یەکگرتوویی ئەو جارەی خەڵک و بەرزکردنەوەی دروشمگەلی تایبەت لەوانە  "ژن ژیان ئازادی" و دروشمی دیکە دژی ڕێژیم درا.

هەروەها لە بەشیکی دیکە لە خۆپیشاندانەکەدا کۆمەڵێک کەسایەتی و هەنەرمەند وتاریان پێشکەش کرد کە بریتی بوون لە:

''ئیدا ئاوکێن" ئەندامی پارلمانی دانمارک لە حیزبی سۆسیال دێموکرات

"لارس لۆکە ڕاسمۆسن" ڕێبەری حیزبی "مۆدێراتانێ" و سەرۆکوەزیرانی پێشووی وڵاتی دانمارک

"سوفییە کارستێن نیلسێن" بەرپرسی سیاسیی حیزبی ڕادیکاڵ وێنسترا

"مای ویلادسێن" بەرپرسی سیاسیی حیزبی ئێهیسلیستێن

"پیا ئۆلسێن" ڕێبەری حیزبی سۆسیالیستیسک فۆلکە پارتی (ئێس ئێف)

"کاتارینا ئامیزبۆل" وتەبێژی حیزبی کۆنسێرواتیڤ فۆلکە پارتی لە پارلمانی ئۆرووپا

"ییلدز ئاکدۆگان" لە کوینەغۆد فور کوینە

"کاترین سووسلوو" ویۆلۆنژەن

"تینا مێلمگۆرد" فینالیستی بەرنامەی ئیکس فاکتۆر

لە خۆپیشاندانەکەدا ڕێژەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب لە وڵاتی دانمارک و دەستەی بەڕێوەبەریی کۆمیتەی حیزب و بە گشتی کوردستانیان و ئێرانیانی دانیشتووی ئەو وڵاتە  و کۆمەڵیکی زۆر لە تێلێڤیزیۆن و ڕۆژنامەکان بەشدار بوون کە ڕووماڵی خۆپیشاندانەکەیان دەکرد.