کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شاری "بریزبێن" لە ناوەندی ئەیالەتی کوینزلەندی وڵاتی ئوسترالیا خۆپیشاندانێک بەڕێوە چوو

22:38 - 2 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی شەممە ٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی بەرامبەر بە ٢٢ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢ی زایینی, لە شاری "بریزبێن" لە ناوەندی ئەیالەتی کوینزلەند لە وڵاتی ئوسترالیا خۆپیشاندانێکی بەرین بە بەشداریی هەزاران کەس بەڕێوە چوو.

خۆپیشاندەران لە خۆپیشاندانەکە دەیان دروشمیان دژی ڕێژیمی ئێران وتەوە.

لە خۆپیشاندانەکەدا چەندین کەسایەتی سیاسیی ئوسترالیا بەشدار بوون و وتاریان پێشکەش کرد.

خاتوو "لاریسا واترز" سێناتۆری حیزبی سەوزەکان و بەرپرسی  تیمی سێناتۆرەکانی ئەو حیزبە لە مەجلیسی سێنا بەشداری خۆپیشاندانەکە بوو و وتارێکی پێشکەشی بەشداران کرد.

ناوبراو لە قسەکانیدا پشتیوانی لە خەباتی گەلانی ئێران بە تایبەتی ژنان کرد و سەرکوتی خەڵکی ئێرانی لەلایەن ڕێژیمەوە مەحکووم کرد و وتی کە حکوومەتی ئوسترالیا پێویستە وەکوو ئامریکا و کانادا هەنگاوی جیددی هەڵبگرێ بۆ خستنەسەری زیاتری گەمارۆکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران و سپای تێرۆریستی پاسداران بخاتە  لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی خۆیەوە.

هەروەها سەرۆکی شارەوانی بریزبێن "ئادریەن شرونە" پەیامێکی پێشکەش کرد و وێڕای پشتیوانیی خۆی وتی کە ئێستا هەموو جیهان گوێی لە دەنگی خەڵکی ئێرانە و پێویستە خەڵکی ئێران بە مافەکانی بگات.

لە ڕێپێوانەکەدا خەڵکێکی زۆری غەیرە ئێرانی بەشدارییان هەبوو.

خۆپیشاندانەکە دوای دوو کاتژمێر بە ڕێپێوان بە نێو شار و دروشم دژی ڕێژیمی ئێران و پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی کوردستان و ئێران کۆتایی پێ هات.