کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێکی جەماوەری لە نۆروێژ بۆ پشتیوانی لە گەلانی ئێران

14:45 - 3 خەزەڵوەر 2722

بەدوای بانگەوازی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و نوێنەرانی لایەنە سیاسیەکان لە وڵاتی نۆروێژ بە بەشداری هەزارن کەس لە ئەندامانی حیزب و ڕێکخراوەکان و ڕەوندی ئێرانی بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی زیاتر لە یەک مانگی ڕابردووی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران، لە شاری "ئۆسڵۆ" پێتەختی نۆروێژ خۆپیشاندانێکی بەرین بەڕێوە چوو. 

خۆپیشاندەران لە وێستگەی قەتاری شاری "ئۆسڵۆ" کۆ بوونەوە و دواتر بە شەقامی سەرەکیی ئەو شارەدا بەرەو وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژ وەرێ کەوتن و بە گوتنەوەی دروشمەکانی دژی ڕێژیم و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و کۆمەڵێک دروشم بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندانی نێوخۆی ئێران نموونەیەکی بێ‌وێنەیان لە یەکگرتوویی نیشان دا.

ئەوەی جێگای ئاماژەیە لەو خۆپیشاندانەدا هەموو لایەنەکان بە ئاڵای تایبەت بە خۆیان بەشدار بوون کە یەکگرتوویی ئەو هێزە سیاسییانە ببوو جێگای تێڕامانی خەڵک و پووچەڵکردنەوەی ئەو پرۆپاگەندەی ڕێژیم کە بە دژی هێزە سیاسییەکانی دەکرد.

هەروەها لەو خۆپیشاندانەدا کۆمەڵێک کەسایەتیی سیاسی و نوێنەری ڕێکخراوە نۆروێژیەکان بۆ مەحکوومکردنی کوشتاری خەڵکی ئێران و داکۆکی لە مافی ژنان و پشتگیری لە داخوازییەکانی ئامادەبووان پەیامەکانیان پێشکەش کرد کە بریتی بوون لە: 

- ''ئینگۆن یەرستاد'' سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی نۆروێژ
- ''مانی حوسێنی'' ئەندام پارلمانی سەر بە حیزبی کرێکاری نۆروێژ
- ''سەحەر ئایدار'' ئەندام پارلمانی سەر بە حیزبی سووری نۆروێژ
- ''کاترین لێین کریستیانسن'' سکرتێری بەرەی ژنانی نۆروێژ