کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سمینارێک بۆ خالید عەزیزی وتەبێژی حیزبی دێموکرات لە سوید بەڕێوە چوو

10:07 - 4 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی شەممە ٣٠ی ڕەزبەر١٤٠١ی هەتاوی، کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری "ڤێستێرۆسی" وڵاتی سوید  سمینارێکی سیاسی بۆ "خالید عەزیزی"  وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێک هێنا .

سەرەتای سمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی سوورخەڵاتی گەل و نیشتمان دەستی پێ کرد.

پاشان کردنەوەی سمینارەکە لەلایەن "نەبەز عەلیدووست" و هەروەها لەلایەن  "ئەبووبەکر ڕەحمانی" بەخێرهاتنی بەشداربووان و نوێنەرانی حیزبە سیاسییەکان و ئەندامانی سەرکردایەتی حیزب بە گشتی و بە تایبەتی "خالید عەزیزی" وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرا.

هەروەها بە ناوی پێکهاتەی کۆمیتەی گشتی و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوید سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدانی ڕاپەڕینەکانی کوردستانی ئێران و شەهید" ژینا ئەمینی" بە تایبەتی شەهیدانی کارەساتی مووشەکبارنی ئەم دواییەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان بە گشتی  لە سەرکردایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد.

لە بڕگەی سەرەکیی سمینارەکەدا "خالید عەزیزی" لەمەڕ دوایین ئاڵوگۆڕەکانی کوردستان، ئێران و ناوچەکە قسەی کرد و لە نێوەڕۆکی قسەکانیدا هاتە سەر زەرورەتی  یەکڕیزیی حیزبی دێموکرات و هەروەها لێکەوتەکانی ئەو هێرش و پەلامارانەی ئێران کە لەم دواییەدا کردیە سەر بنکەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان، و لەم چوارچێوەدا ئاماژەی بە مانگرتن و وەڵامی خێرای خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە کۆماری ئیسلامی کرد و بە جوانی  جەختی لە سەر یەکدەنگی و پشتگیری کورد و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان و باقی گەلانی ئێران لە خۆپیشاندانەکانی ئێستای ئێران کرد و بە زەرورەتێکی مێژووساز بۆ گەیشتن بە ئازادی و ڕزگاریی ئێران و ڕووخانی ڕێژیمی ئاخوندی زانی .

 لە بڕگەی دووەمی سیمینارەکە نۆرە درا بە ئامادەبووانی سیمنارەکە و پرسیار و پێشنیار لەلایەن بەشداربووانی سیمینارەکە ئاراستەی ڕێبەرایەتی حیزب کراو و لەلایەن خالید عەزیزی وڵامی پێویستیان  وەرگرتەوە.

 لەنێو ئامادەبوواندا بەڕێز و تێکۆشەر  کاک "مەلاحەسەنی شیوەسەڵی"  ئەندامی ناوەندی سیاسی حیزبی دێموکرات چەند پرسیار و پێشنیاری ئاراستەی" خالید عەزیزی" کرد و هەروەها ڕوو بە ئەندامانی حیزب و خەڵکی کوردستان وتەیەکی کورت و بە نرخی پێشکەش کرد، یەک لەوان داوای کرد کە لە هەلومەرجێکی وا هەستیاردا تۆڵەئەستینی مەکەن بە پیشە، بەڵکوو شان بە شانی گەلانی ئێران بەرەو پێشەوە هەنگاو هەڵگرین.