کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شنە دروودگەر: ژنان چەخماخەی ڕاپەڕینی ئەم جارەیان لێی داوە و لە بەرنگاریبوونەوەی داگیرکەردا بوونەتە پێشەنگ

14:04 - 4 خەزەڵوەر 2722

هەڤپەیڤین: کاروان مێراوی

ئاماژە: سەرهەڵدانی ئەم جارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی سیاسیی هەنووکە، هەر وەک لە هۆکار و دروشمی ڕاپەڕینەکەدا دیارە، ڕاپەڕینێکی ژنانەیە و ژنان پێشەنگ و ڕۆڵگێڕی سەرەکیی ئەو سەرهەڵدان و ڕاپەڕینەن، شرۆڤەکارانی سیاسییش ژنان بە ڕێبەر و بەڕێوەبەری ئەو ڕاپەڕینە دەزانن و بە شۆڕشێکی ژنانەی لەقەڵەم دەدەن و ئەمەش چوونەپێشی قۆناغێکی تری خەباتی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی سیاسی بەگشتی ئەژمار دەکەن.

ڕێکخراوەکانی تایبەت ژنانی ڕۆژهەڵات کوردستان ماوەی نزیک بە ٧ ساڵە (لە ساڵی ٢٠١۵ی زایینیەوە) بە مەبەستی کاری هاوبەش و کۆدەنگیی زیاتری ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ناوەندێکیان لەژێر ناوی "ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان" پێک هێناوە کە هەم لە ئاستی کوردستاندا کۆمەڵێک کاری هاوبەشی باشیان کردووە و هەم لە ئاستی دەرەوەی کوردستانیشدا وەکوو نوێنەرایەتیی ژنانی ڕۆژهەڵات هەنگاوگەلێکی باشیان ناوە. لەم پێوەندییەدا و لەسەر ئەم پرسە، ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" وتووێژێکی لەگەڵ بەڕێز شنە دروودگەر، سکرتێری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، توێژەر و ڕێنوێنیکاری دەروونی لە قوتابخانە پێک هێناوە کە سەرەنجتان بۆ خوێندنەوەی ڕادەکێشین.

خاتوو شنە با سەرەتای وتووێژەکەمان بەم پرسیارەوە دەست پێ بکەین؛ ڕوانگە و هەڵسەنگاندنی بەڕێزتان لەسەر ئەم ڕاپەینەی کوردستان و ئێرانی سیاسیی هەنووکە چییه؟

 مێژووی خەباتی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا، هاوتەریب بووە لەگەڵ خەباتی نەتەوایەتیی نەتەوەکەمان. هەمیشە ژنان لە کوردستاندا لەگەڵ ئەوەی تێکۆشاون بۆ مافی یەکسانیخوازیی خۆیان، خەباتیان بۆ مافی نەتەوایەتییش کردووە و کاریان بۆ کردووە. ئەوی کە ئێستە لە ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی ڕوو دەدات، ڕق و تووڕەییی ٤٣ ساڵەی حوکمڕانیی ڕێژێمی ئاخوندییە بەرانبەر بە ژنان و خەباتەکەیان لە ئێران و کوردستاندا. هەر وەک باسم کرد، ژنانی کورد بەردەوام پێشەنگ بوون و ئەم جارەش کوژرانی حکوومەتیی ژینایان کردووە بە دەرفەت بۆ بەرەنگاریی داگیرکەر و لە چەند کاتژمێرێکدا بوو بە شۆڕشێک کە هەموو ئێرانی تەنی و زیاتر لە مانگێکە درێژەی هەیە و تا هەڵکەندنی ڕەگ و ڕیشەی دەسەڵاتی ئاخوندی، دانامرکێت. بۆیە لێرەدا و لەم قۆناغەشدا، دەبینین کە پێشەنگایەتییەکەی ئەم بزاڤە سەرانسەرییەش هەر ژنانن و تا بەئەنجام نەگات، ئۆقرە ناگرێت.

ڕۆڵی ژنان و بەتایبەت ژنانی کوردستان لەو ڕاپەڕینەدا چۆن دەبینن؟

هەر وەکوو پێشتر باسم کرد، ئەگەرچی ژنی کورد بە درێژاییی مێژوو هاوتەریب خەبات بۆ مافی یەکسانی و نەتەوەییی خۆی کردووە و لە هەموو ئەو خۆپێشاندان و مانگرتنانەی کە لە ئێران و کوردستاندا بەڕێوە چوون رۆڵی بەرچاوی گێڕاوە، بەڵام ئەم جارە و لە شۆڕشی ژینادا، شریخە و چەخماقەی شۆڕشەکە لەلایەن ژنانی چاونەترسی کوردەوە لێی درا و بوون بە پێشەنگی ژنانی سەرانسەری ئێران.

دەزانین ئەم ڕاپەڕینە لە کوردستانەوە سەرچاوەی گرتووە، وەک دەوترێت هەنووکە ژنانی کورد ڕێبەریی ڕاپەڕینێکی سەرانسەری لە ئێرانی سیاسیدا دەکەن، بۆچوونی بەڕێزتان لەم بارەیەوە چییە؟

ژینا ئەمینی کچە کوردێک بوو کە لە پێتەختی ئێران و لەلایەن پۆلیسی بەناو ئەخلاقی ڕێژیمەوە شەهید کرا. هۆکارەکەی بۆ هەموو لایەک ڕوون بوو کە، ژینا سەرەتا بە هۆی "ژنـ"ـبوونی و دواتر بە هۆی "کورد"بوونیەوە (هۆکارە سەرەکییەکەی) شەهید کرا. بۆیە هەر وەک لە ڕابردوودا ئەزموون کراوە، نەتەوەی کورد بەرانبەر بە پێشێلکردنی مافە نەتەوایەتییەکانی بێدەنگ نەبووە. ئەم جارەش و بە هۆی ئەم غەدرە گەورەیەی کە لە ژینا کرا، ژنانی دلێری نەتەوەکەمان بێدەنگ نەبوون و هاتنە مەیدان. ئەویش بە یەکگرتوویی و پاڵپشتیی نیوەکەی دیکەی کۆمەڵگەی کوردستان کە پیاوانن. ئەوەش بوو بە چەخماغەی سەرهەڵدانی ئەم ڕاپەڕینە مەزنە کە تا ئێستە و ٣٢ ڕۆژە بەردەوامە و هەتا دێت زیاتر ڕێژیم لە لێواری زبڵدانی مێژوو نیزیک دەکاتەوە.

ئێوە وەک ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێوەندییەکی باشتان لەتەک ڕێکخراوە و ناوەندەکانی تایبەت بە ژنانی نەتەوەکانی تری چوارچێوەی ئێرانی سیاسی هەیە و پێشتریش چەند ڕاگەیەندراوی هاوبەشتان بڵاو کردووتەوە، لە ئێستەدا بەرنامەی هاوبەشتان بۆ ڕۆڵ و پێگەی ژنان لە بەردەوابوونی ئەو ڕاپەڕینەدا هەیە؟

سەبارەت بە رێکخراوەکانی تایبەت بە ژنانی نەتەوکانی دیکەی ئێران، پێویستە ئاماژە بەوە بکەم کە ئێمە بەردەوام لەگەڵیان لە پەیوەندیدا بووین و هەر پرسێک و مژارێک کە پێوەندیدار بووبێت بە ژنان و تەنانەت مژارە گشتییەکانیش،  پێکەوە ڕاوێژمان کردووە و ڕاگەیەندراوی هاوبەشمان بووە و بەردەوام پاڵپشتیی یەکتر و هاوئاهەنگ بووین. بۆ ئەم ڕاپەڕینەش بەدڵنیایەوە بەردەوام لە پێوەندیداین و هەموو لایەکمان لەسەر خەتین بۆ هاوئاهەنگی و رێکخستینی زیاتر لە ڕاستای بەرنامە و پلانە تایبەتەکانمان بۆ داهاتووی ڕاپەڕین و ئێران.

ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵات چ هەنگاوگەلێکی بۆ ڕاکێشانی سەرەنج و پاڵپشتیی ناوندە جیهانییەکانی تایبەت ژنان بۆ ئەو ڕاپەڕینە ڕابکێشێت؟

ئێمە وەکوو ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەوڵی خۆمان داوە کە ببین بە دەنگی ژنانی ڕۆژهەڵات بۆ دنیای دەرەوە و ڕێکخراو و ناوەندەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ و ژنان و لە ڕێگەی نوێنەرەکانمانەوە لە وڵاتان، هەروەها لە ڕێگەی نوسراوەوە داوای پاڵپشتیمان کردووە بۆ ژنان و خەڵکی کوردستان و ئێران، لەو پێوەندییەشدا تا ئەو جێگەیەی کە لە تواناماندا بووە لایەنە پەیوەندیدارەکانمان لە شۆڕشی ژینا و دۆخی ئێران و کوردستان، ئاگادار کردووەتەوە.

ئاسۆی ژنانی ئێرانی سیاسی و بەتایبەت ژنانی کوردستان لەم ڕاپەڕینەدا چۆن دەبینن؟

ئەم ڕاپەڕینە لە سەرەتاوە بە پێشەنگایەتیی ژنان بووە. ئەو پێشەنگایەتییەش بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" درێژەی هەیە و بەخۆشیەوە هەر زوو سنوورەکانی کوردستان و ئێرانی تەنی و هەموو دنیای گرتەوە. چونکە لەڕاستیدا ژن سەرچاوەی ژینە و ژینیش بەبێ ئازادی واتای نییە. بۆیە من زۆر گەشبینم بە سەرکەوتنی ئەم راپەڕینە و کۆتاییهێنان بە زوڵم و داگیرکارییە.

ئێوە وکوو ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان توانیوتانە لە ئاستی پێویستدا هێز و چالاکیی ژنانی کورد لەم ڕاپەڕینەدا بە جیهانی دەرەوە بناسێنن؟

وەکوو ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئەم ڕاپەڕینەوە، پشتیوانیی خۆمان بۆ ئەم شۆڕشە مەزنە ڕاگەیاند. هەر لە ڕاگەیاندن و پستیوانیکردن لە مانگرتنەکان بگرە، هەتا بەشداریکردنی ئەندامەکانمان لە مانگرتن و ڕژانە سەر شەقامەکان، جا چ لە نێوخۆی وڵات و چ لە دەرەوەی وڵاتدا. هەموو ئەمانەش بە ئامادەکاری و هاوئاهەنگی بووە لەگەڵ ناوەند و رێکخراوەکانی ژنانی نەتەوەکانی دیکەی ئێران.

خاتوو شنە دروودگەر، سپاس کە کاتتان تەرخان کرد و لەم وتووێژەدا هاوکارمان بوون، لە کۆتاییدا ئەگەر شتێک ماوە بۆ باسکردن یان هەر پەیام و قسەیەکتان هەیە بفەرموون.

سپاس بۆ ئێوە و بە هیوای سەرکەوتنی ئەم شۆڕشەمان بە پێشەنگایەتیی ژنانی بوێر و چاونەترس.