کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی لە پارلمانی سوئێد: دیپلۆماتە ژنەکانتان بە حیجابەوە مەنێرن بۆ ئێران، ئەوە بێڕێزییە بە جووڵانەوەی ژنانی ئەم وڵاتە

14:10 - 4 خەزەڵوەر 2722

خالید عەزیزی وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پاش نیوەرۆی ڕۆژی سێشەممە، ٣ی خەزەڵوەر (٢٥ی ئوکتۆبر) لە سەر بانگهێشتنی حیزبی لیبراڵی سوئێد بۆ قسەکردن لە سەر دۆخی ئێران و کوردستان، شۆڕشی ژینا و شوێندانانی لەسەر کۆمەڵگەی ئێران سەردانی پارلمانی ئەو وڵاتەی کرد.

لە سەرەتای ئەو کۆبوونەوەیەدا خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەرینی گەلانی ئێران ڕاگەیەندرا. دواتر خالید عەزیزی لایەنە جۆراوجۆرەکانی ڕاپەرینی گەلانی ئێرانی کە کوژرانی ژینای کچە کورد بە دەستی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی چەخماغەکەی لێدا، بۆ بەشدارانی کۆبوونەوەکە شی کردەوە.

بەڕێز عەزیزی باسی لەوە کرد کە ناڕەزایەتی‌دەربڕین بە مەرگی ژینا کۆدەنگییەکی بەرینی لەنێو خەڵک و جۆراوجۆرییەکانی ئێراندا دروست کردوە و کاردانەوە جیهانییەکان لەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش هەر دێ و پتر دەبن. وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو کۆبوونەوەیەدا داوای لە نوێنەرانی پارلمان و دەوڵەتی سوئێد کرد کە دیپلۆماتە ژنەکانتان بە حیجابەوە مەنێرن بۆ ئێران، چونکی ئەوە بێڕێزییە بە جووڵانەوەی بەربەرینی ژنان لەو وڵاتەدا.

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو کۆبوونەوەیەدا پانێلێک بە بەشداریی فرێدریک مالم، نوێنەری پارلمان لە حیزبی لیبراڵ؛ هانس ئێکسترۆم، نوێنەری پارلمان لە حیزبی سوسیاڵ دێموکرات و وتەبێژی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی سوئێد؛ ماگنووس نورێل، لێکۆلەر و کارناسی ڕۆژهەڵاتی نێوەراست و خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکرات پێک‌هات. لەو پانێلەدا بەشداران وڵامی پرسیاری زۆر و جۆراوجۆری ئامادەبووانی کۆبوونەوەکەیان لەبارەی دۆخی ئێران و کوردستان دایەوە.

جیا لە نوێنەرانی بەشدار لە پانێلەکەدا سێ نوێنەری پارلمان لە حیزبی سۆسیال دێموکرات، دوو نوێنەری پارلمان لە حیزبی مودراتەکان، سێ نوێنەری پارلمان لە حیزبی دێموکراتەکانی سوئێد، نوێنەرێکی پارلمان لە حیزبی ناوەند (سەنتەر)، نوێنەرێکی پارلمان لە حیزبی چەپ، دوو نوێنەری پارلمان لە حیزبی لیبرال، دوو نوێنەری فیدراسیونی کۆمەڵە کوردییەکان لە سوئێد و هەیئەتی نوێنەرایەتیی پارتی دێموکراتی کوردستان و کۆمەڵەکە کەسایەتییەکی سیاسیی کورد و ئێرانی بەشداری کۆبوونەوەکە بوون.