مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "هاوڵاتی" لەبارەی ڕاپەڕینی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە بایەخەوە لەو سەرهەڵدانە دەڕوانێ. بەڕێزیان بە ئاماژە بە فاکتەری یەكگرتوویی و یەكدەنگیی خەڵكی سەر شەقامە ڕای وایە لە هەموو خۆپیشاندانانەکدا، گشت نەتەوەكان، هەڵگری بیروباوەڕی ئایینی جۆراوجۆر و توێژە جیاوازەكانی کۆمەڵگەی ئێران، هونەرمەندان، سینەماكاران، یاساناسان و ... بە یەكدەنگی دێنە سەر شەقام. هەروەها بەردەوامیی زۆری بەشداری خەڵكەكە سەرەڕا شەهیدبوونی زیاتر لە ٢٠٠ كەس و برینداربوون و دەستبەسەركردنی هەزاران كەس تایبەتمەندییەکی بەرچاوی دیکەی ڕاپەڕینەیەکە کە هیوا بە سەرکەوتنی زیاتر کردووە.
بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دیموكرات لە بەشێکی دیکەی وتووێژەکەیدا تیشکی خستووەتە سەر دروشمی خەڵك لەو ڕاپەڕینەدا کە ڕووخان و نەمانی كۆماری ئیسلامیە و داخوازییەكانیان تەنیا نەمانی ڕێژیمە، بۆیەشە کە ئەمجارە وێنە و سیمبولەكانی ڕێژێم وەك وێنە و بنێرەکانی خومەینی، خامنەیی، قاسم سولەیمانی لە دیوارەكان دادەگرن و دەیانخەنە ژێرپێ و دەیانسووتێنن و هەیكەلەكانیان دەڕووخێنن.
مستەفا هیجری ئەو ئاکامگیرییەی کردووە کە خەڵكی ئێران بەو ڕاستییە گەیشتوون هەتا ئەو ڕێژێمە لە دەسەڵاتدایە، ئەوان بە هیچكام لە داخوازییەكانیان ناگەن، بۆیە بۆ گەیشتن بە خواستەكانیان لێ بڕاون چارەنووسی خۆیان لەگەڵ ڕێژیم یەکلا بکەنەوە و ئەو ڕێژێمە بە یەکجاری لەکۆڵ خۆیان بکەنەوە.
تەواوی وتووێژەکە لەو بەستەرەدا بخوێننەوە:
https://hawlati.co/page_detail?smart-id=26055&utm_source=clubhouse&fbclid=IwAR31vrKvdFeBa-_EzjXY_PmjavA_FEQ3Fvh8WzQD9eCYrExk4ih0gf7Fu7c