کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چلەی شۆڕش و ژیانەوەی ژینا

16:43 - 5 خەزەڵوەر 2722

ڕەزا داشجوو

چل ڕۆژ دوای کوشتنی ژینا لەلایەن حکوومەتی ویلایەتی فەقیهـ، ژنان وپیاوانی شاری ژینا حەماسەیەکی دیکەیان خوڵقاند. ئەوان کە چل ڕۆژ پێش ئێستا لە کاتی ناشتنی کچە جوانەکەی شارەکەیان بە ڕەمزی "ژینا نامرێت" و بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، گەورەترین شۆڕشیان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەست پێ کرد، لە چلەی شۆڕشی ژینا لە ماراتۆنی خۆشەویستی و ئازادیدا، خوێنێکی تازەیان لە دەمارەکانی شۆڕش گەڕاند.

لە ماتەمینی ژینای کوردستان، سەقز، پڕ بوو لە سۆز، پڕ بوو لە خۆشەویستی و زانین. ئەمڕۆ جارێکی تر بکوژانی ژینا درکیان بەوە کرد کە ئەو ئاگرەی کە هاوشارییانی ژینا بۆ تۆڵەی خوێنی بە ناحەق ڕژاویی دایانگیرساند تا تەواوی جەستەی لەرزۆک و لاوازی دیکتاتۆر نەسووتێنێت، ناکوژێتەوە. ئێستا داگیرکەرانی کۆماری ئیسلامی درکیان بەوە کردووە کە چ هەڵەیەکی گەورەیان کردووە و تووشی چ کاردانەوەیەک بوون، تێچووی کوشتنی ژینا هەموو ژیانیانە!

لە یەکێک لە جوانترین وێنەکانی ڕێوڕەسمی دڵسۆزی و وەفاداری خەڵکی سەقز لە چلەی شۆڕشی ژینا، کچێکی پاک و جوان بە قژی پەرتەوازە لە ێو خەڵکانێکی زۆر وەک نیشانەی سەرکەوتن دەستی بەرز کردۆتەوە، وەک ئەوەی ئەمە بیابانی مەحشەر بێت، ئەم خەڵکەش هاتوون کە شایەدی بدەن، بەڵێ هاتوون بڵێن چۆن دیکتاتۆری دڕندە خەونی کچە جوانەکەی شارەکەی لەنێو برد، چۆن ژیانی خێزانێکی وێران کرد، ئەوان داوای سزای مردن دەکەن بۆ هەموو بکوژان و تاوانبارانی ئەم کارەساتە. وادیارە ئەم کچە گەنجە بڕیارە ڕستەکە بخوێنێتەوە، بەڵام چەکەکەی نە دەمانچەیە و نە شمشێرە. بە قژی پەرێشانەوە دەیەوێت ئەفسانەی کەسە خراپەکانی نێو چیرۆکەکە پووچەڵ بکات، هەمان ئەو قژەی کە دێژەخیمان گیانی ژینای لە پێناودا گرت..

ئەو ژینایەکی ترە، ژین لەم وڵاتەدا کۆتایی نایەت، لەنێو ئەو کەسانەی ئازادییان خۆش دەوێت و لە پێناویدا دەمرن، مردن درۆیەکی گەورەیە. بۆ ئەو کەسانەی کە بە ئازار و دەرد ژیاون، دانیشتن و ماتەم‌گێران هیچ مانایەکی نییە، ئەم خەڵکە فێربوون لە ئازارەکانیان ڕێگایەک دروست بکەن بۆ  سەرکەوتن. ئەم خاکە بە تەنگانەیەکی بێ‌ئەژماردا تێپەڕیوە، بەڵام هەرگیز سەری بۆ هیچ ستەمکارێک دانەنواندووە،گیانی داوە و ژیانی بەخشیوە، بەڵام تەسلیمی داگیرکەر نەبووە.

خەڵکی ئێرە پشتیان بە شاخەکان گەرمە نەک بە بێگانەکان. لە شاخەکان وانەی وەستان فێربوون.  خەڵکی ئەم خاکە هەموو شتێک دەدەن بۆ ئەوەی پێکەوە بن. ئێستا وەرزی ژیانەوە ژینایە، ئێستا وەرزی گوڵکردنە لە پاییزی جوانی کوردستاندا، ساڵی دوو بەهار، ئەمە سروشتی کوردستانە، هەندێک جار پاییز دەگۆڕێت بۆ بەهار، جوانتر و ڕەنگاوڕەنگتر.