کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: داواتان لێ دەکەم سیمای ئەوڕۆیی و شارستانییانەی ڕاپەڕینەکەمان بپارێزن

16:04 - 6 خەزەڵوەر 2722

(پەیامی مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان)

خەڵکی بەشەرەف و ئازادیخوازی کوردستان!

کچان و کوڕانی بەهەست و شۆڕشگێڕ!

سڵاوێکی گەرمی پێشمەرگەکانی شاختان پێشکەش.

ئێمە ئێستا پێمان ناوەتە قۆناغێکی نوێ. دوای شەهیدبوونی ژینا، ئێستا ٤٠ ڕۆژ بەسەر ئەو ڕۆژەدا تێدەپەڕێ. لە پێشدا ئیجازە دەخوازم کە بەبۆنەی گیانلەدەستدان و شەهیدبوونی ئازیزانمان لەو ماوەیەدا و بە تایبەت ٨ شەهیدی ٢٤ سەعاتی ڕابردوو، لە کوردستانی خۆشەویستدا، سەرەخۆشی لە هەموومان، خەڵکی بەئەمەگی کوردستان، ئەندامانی و بنەماڵەکانیان، و هەموو دۆست و برادەران و هاوسەنگەرانیان لەسەر شەقامەکانی کوردستان بکەم. ماندوونەبوونیتان لێ دەکەم بەبۆنەی کار و فیداکاریتان لەو ماوەیەدا. جێگای ڕێز و شانازین بۆ هەموو گەلانی ئێران و دنیا.

هاوڕێیانی خۆشەویست!

لە چلەی ماتەمینی ژینای خۆشەویستدا، خەباتەکەمان پێی نایە قۆناغێکی نوێ. وەک دەزانن بە شەهیدبوونی ژینا چەخماخەی، شۆڕشێک لە کوردستانی خۆشەویستدا هەڵگیرسا کە بە دوایی ئەودا، هەموو ئێرانی تەنییەوە و سنوورەکانی تێپەڕاند و گەیشتە نێو هەموو ئێرانییەکان لە سەراسەری دنیادا و دنیا و ئێران هاتە پشتی ئەو ڕاپەڕینە. بەڵام ئێستا قۆناغێکی نوێ دەستی پێ کردووە. قۆناغێک کە هەستیارە و زۆر حەسساسە، بۆیە پێویستە هەنگاوی ورد و حیسابکراو هەڵگرین، بۆ ئەوەی کە لەوە بەدواوە تێچووی گیانیمان کەمتر بێت و دەستکەوتی سیاسیمان زیاتر. لەم ڕاستایەدا داواتان لێ دەکەم خۆ لە توندوتیژی بپارێزن. کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هەموو توانای خۆی، لەپێناو ئەوەدایە کە ڕێپێوانەکان بکێشێتە توندوتیژی. بەڵام ئێمە نابێ بکەوینە داوی پیلانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

لەبیرمان بێ کە سەرکەوتنی ئەو شۆڕش و ڕاپەڕینەمان، بەشێکی گرینگی بەسراوەتەوە بەو ئارامی و لەسەرەخۆبوون و خۆبەدورگرتنی خەباتکاران لە توندوتیژی. ئەوە تایبەتمەندییەکی نوێ بوو کە ئێران و دنیای هاتە پشت. ئەوە دەستکەوتێکی سیاسیی زۆر گەورەیە کە دەبێ قەدری بزانین و بەهێزتری بکەین.

کۆماری ئیسلامی ئێران دیەوێ بە کێشانی ئێوە بە مەیدانی توندوتیژی، بە ئێرانییەکان نیشان بدا کە ئەوە لە کوردستان خەریکن وڵات تێک دەدەن. بە دنیا نیشان بدا کە ڕێپێوانەکان کراونەتە مەیدانێک بۆ هێرشکردنە سەر دامودەزگاکانی حکوومەت و سیمایەکی ناشیرین لەو ڕاپەڕینە بە خەڵکی دنیا نیشان بدا. داواتان لێ دەکەم سیمای ئەوڕۆیی و شارستانییانەی ڕاپەڕینەکەمان بپارێزن. مەکەونە داوی کەسانێک کە لە دوورەوە هانتان دەدەن، لە پەیجەکان، فەیسبووک و بە گشتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

بەرژەوەندی و قازانجی شۆڕشەکەمان لە درێژەدانیەتی بە شێوەی هێمنانە. دەبێ چاوەڕوان بین کە ئەو ڕێپێوانانە، ماوەیەکی درێژتر درێژەیان هەبێ. لەبیرتان بێ کە شۆڕشی ئێمە دەبێ هاوشان بێ لەگەڵ شۆڕشی سەرانسەریی گەلانی ئێران. نە وەدوا کەوین و نە ئەوەندە وەپێش کەوین کە تووشی خەساری زیادی بین. ئێمە دەمانەوێ لە درێژەی ئەو ڕاپەڕینەدا، یەکەم تێچووی گیانیمان کەمتر بێ. دوویەم ئەوە کە کوردستان بپارێزین، کوردستان مڵکی ئێمەیە، ماڵی ئێمەیە و دەبێ بیپارێزین لە هەموو حاڵەتێکدا. یەکگرتوویی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، وەک گلێنەی چاو بپارێزن. هەروەها ئەو یەکگرتووییە کە لەگەڵ سەرانسەری خەڵکی ئێران پێک‌هاتووە قەدری بزانن و بەهێزتری بکەن. سەرکەوتنی ئێمە لە یەکگرتوویی‌دایە.

خاڵێکی دیکە کە دەمەوێ ئاماژەی پێ بکەم، ئەوەیە کە درێژەدانی ڕاپەڕینی کوردستان و ئێران، بۆتە هۆی ئەوەی کە بەگوێرەی ئەو هەواڵانە کە بە من دەگا، بەشێک لە چەکدارە تورکەکان کە لەنێو هێزەکانی ڕێژیم‌دان، نافەرمانی دەکەن و بەرەوڕووی ڕاپەڕینەکانی شار سەنگەر ناگرن. لە ئەرتەشدا هەر ئەو دیاردەیە وردە وردە دەرکەوتووە. ئەوانە جێگای ڕێزن و ئێمە دەبێ پێشوازییان لێ بکەین. هەر لەو پێوەندییەدا پێم‌خۆشە ئیشارە بکەم بە پشتیوانی بێ‌ئەملاولای خۆشک و برا تورکەکانمان لە ئازەربایجان. ئێمە دەنگی هەزاران خەباتکاری تورکمان لە تەورێز بیست کە دروشمی "کوردستان، کوردستان چشم و چراغ ایران"یان دەدا.

ئێمە ئەو پەیامە وەکوو پەیامی دۆستایەتی و هاوپەیمانی، هاودەردی لەگەڵ گەلی تورک لە ئازەبایجاندا و لە هەموو ئێراندا وەردەگرین. لە مێژووی ڕابردووماندا، ئێمە خاڵی زۆر ڕوون و درەوشاوەمان هەیە لە پێکەوەژیان، ئێستاش کە ئێمە شان بە شان و هاوپەیمان لەگەڵ ئەوان بەدژی ڕێژیمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامیی ئێران خەبات دەکەین؛ دەمانەوێ دوای ئەو ڕیژیمە، چ ئەوانەی لەگەڵ یەکتر دەژین لە شار و گوندەکان، چ ئەوەی کە دراوسێی یەکتر دەبین، ئەو هاوپەیمانییە حورمەتی بۆ دابنێین و ژیانێکی باشتر بۆ هەموو خەڵکەکەمان دابین بکەین. سەردەم سەردەمی ژیانی بەئاشتی و سەردەمیانەیە. ئێمە ئەو پەیامە دۆستانەیەمان وەرگرتووە لە ئێوە و ئێستاش داوا دەکەین لە ئێوە ئازیزان، هەروەها هەموو خەڵکی ڕاپەڕیوی شارەکانی ئێران کە بە ڕێپێوانی هێمنانە، پشتیوانی بکەن لە خوشک و براکانیان لە کوردستان، بە تایبەت لە شارەکانی مەهاباد، بۆکان، سنە و شارەکانی دیکە کە کەوتوونەتە بەر هێرشی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران. ئێمە هەموومان پێکەوە شان بە شانی یەکتر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕادەماڵین و پێکەوە ئێران ئازاد دەکەین و ئاوەدانی دەکەینەوە.

لە دواییدا جارێکی دیکە سەرەخۆشیی خۆم، لە هەموو خەڵکی کوردستان و بەتایبەت بنەماڵەی شەهیدەکان ڕادەگەیەنم. ئارەزوو دەکەم بە سەدان کەس لە خەباتگێڕانی شەقام کە بریندار بوون، هەرچی زووتر برینەکانیان چاک بێتەوە و، بگەڕێنەوە مەیدانی شەقام. سەرکەوتن بۆ ئێمەیە و کۆماری ئیسلامی مەحکووم بە نەمانە.

بژین و سەرکەوتوو بن بۆ ئازادیی ئێران و گەلانی ئێران.

مستەفا هیجری

٦ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی