کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڕیادێک بۆ چلەی ژینا ئەمینی لە بەردەم باڵەخانەی شارەوانی لە کۆپێنھاگ بەڕێوە چوو

15:53 - 7 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی چوارشەممە ، ٥ی خەزەڵوەر بەرانبەر بە ٢٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ی زایینی کۆمیتەی ھاوبەشی پشتیوانی لە ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران لە وڵاتی دانمارک بەبۆنەی چلەی ماتەمینیی "ژینا ئەمینی" بە داگیرساندنی مۆم و ھەڵگرتنی وێنەی ژینا کۆڕێکی ماتەمینییان لە بەردەم شارەوانیی کۆپێنھاگ پێک ھێنا.

نوێنەرانی هەموو گەلانی ئێران لەو کۆڕەدا بەشدار بوون و لە سەرەتادا لەلایەن پێشکەشکارانی بەرنامە "بێریڤان بەدری" و "نەزیرە" بە زمانەکانی کوردی، فارسی و دانمارکی بەخێرهاتن کران.

دواتر پەیامی کۆمیتەی هاوبەشی پشتیوانی لە ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران بە زمانی فارسی لەلایەن "سوودی" و بە زمانی دانمارکی لەلایەن "سەعید سوڵتانپوور" خوێندرایەوە.

لە بەشێک لە پەیامی "سوڵتانپوور"دا ھاتبوو، کوشتنی ژینا بووەتە ھۆی ئەوەیکە خەڵکی کوردستان و ئێران تووڕەیی و بێزاریی خۆیان لە ڕێژیمی مەلاکان درببڕن کە زیاتر لە ٤٣ ساڵە بە دزیکردن لە خەڵک و وڵات، کوشتنی لاوان، سەرکوتی ژنان، کەمە ئایینییەکان و نەتەوە بندەستەکان، ئێرانیان بۆ خەڵک کردووەتە جەھەننەم.

لەو پەیامەدا داوای لە گەلانی ئێرانیی دانیشتوو لە دەرەوەی وڵات کرد کە وەک خەڵکی نێوخۆ، یەکگرتوو و پێکەوە دەنگی ئازادیخوازیی گەلانی ئێران بە گوێی جیھانییان بگەیەنین.

هەروەها داوای لە پارلمان و حکوومەتی دانمارک کرد پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بپچڕێنن، دەست بە سەر ماڵ و موڵکی بەرپرسانی ڕێژیم و بنەماڵەکانیان لەو وڵاتەدا بگرن کە لە خەڵکیان دزیوە و باڵوێزخانەی ئێرانیش کە بووەتە شوێنی سیخوڕیی ڕێژیم دابخەن.

لە بڕگەیەکی تر لە پەیامەکاندا "ئەلبورز ڕوویین‌تەن" ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای سپاسی ئامادەبووان وتی: "دوای چل ڕۆژ بەردەوامیی شۆڕش زیاتر لە هەموو کاتێک لە ڕووخانی ڕێژیمی ئێران نزیک بووینەتەوە و ئەو خۆپیشاندانانە بەتایبەتی لە چلەی شەهید ژینا لە سەقز و شارەکانی دیکەی کوردستان و ئێران پەیامی بەردەوامی تا سەرکەوتنی شۆڕشی پێ بوو.

هەروەها لە بەشی کۆتایی قسەکانیدا وێڕای گرینگیدان بەو چالاکییانەی کە لە دەرەوە دەکرێت وتی، ئەو چالاکییانە بۆ ئەوە ئەنجام دەدرێن کە پەیامی شۆڕش و خەڵک بە ناوەندەکانی ئورووپایی بگەیەنرێن هەتا پێداچوونەوە بە سیاسەتی خۆیان و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران بکەن.

لەو کۆڕیادەدا دوو پەیام بەزمانی دانمارکی لەلایەن "حەلیمە ئۆغوز" پارلمانتاری سەر لیستی سۆسیالیستی گەل و "ئێلیسا" خوێندرایەوە و هەروەها سێ پەیام بە زمانی فارسی لەلایەن "فریشتە محەممەدی"، "ئەمیر پاکباز" و "ڕەئووف حەسەنزادە" پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.

دواتر دوو پەخشان لەلایەن "دڵنیا مەزهەری" و "ئەحمەد ڕەحمانی" بۆ چلەی ژینا پێشکەش بە بەشداربووان کرا.

هەروەها "ڕەشید قازی" چەند وتەیەکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

کۆڕیادی چلەی ماتەمینی ژینا ئەمینی بە وتنەوەی دروشم و سروود کۆتایی پێھات.