کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بارودۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەرکی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ

18:54 - 7 خەزەڵوەر 2722

دیبەیت: کاروان مێراوی

بەرایی: لە ماوەی ڕاپەڕینی خەڵکی شۆڕشگێڕی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نەتەوەکانی تری چوارچێوەی ئێرانی سیاسیی هەنووکە کە زیاتر لە چل ڕۆژی تێپەڕاندووە، ڕێژیمی داگیرکەری ئێران دەستی لە هیچ جۆرە جینایەت و تاوانێکی دڕندانە نەپاراستووە و لەم ماوەیەدا لە شارەکانی کوردستان و ئێرانیشدا زیاتر لە سەدان کەسیان شەهید و هەزاران کەسیشیان بریندار کردووە، هەروەها دەیان هەزار کەسیشیان دەستبەسەر یان بێسەروشوێن کردووە. لەم پێوەندییەدا تۆڕی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بۆ تاوتوێکردنی ئەم پرسە و ئەرکی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم بارودۆخەی ئێستەی کوردستان و ئێراندا، دیبەیتێکی لەنێوان چوار ڕێکخراوی چالاکی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێک هێناوە.

لەم دیبەیتەدا تەیموور ئەلیاسی، نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران ــ ژنێڤ لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاویەر شێخی، ئەندامی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، د. هادی ڕەسووڵ‌زادە، وتەبێژی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا و هەروەها شاڕۆخ حەسەن‌زادە، بەرپرسی ناوەندی مافی مرۆڤی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز) بە نوێنەرایەتیی ڕێکخراوەکانی خۆیان بەشدارییان کردووە.

کاروان مێراوی: بەڕێزان سەرەتا سپاس بۆ بەشداریتان لەم دیبەیتەدا. با بەم پرسیارەوە بچینە نێو باسەکانمان؛ جیا لە ڕووماڵی هەواڵی پێوەندیدار بە مافەکانی مرۆڤ، لەم بارودۆخەی ئێستەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ئەرکی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵات چییە؟

تەیموور ئەلیاسی: بەپێی جێگەی و هەڵکەوتنی ڕێکخراوەکان ئەرکەکان جیاوازن، بۆ نموونە ئێمە وەکوو کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ــ ژنێڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان، جێگە و پێگەی ئێمە وای کردووە کە کاری دادخوازیی ئێمە بریتی بێت لە گەیاندنی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ، کوشتنی خەڵکی کوردستان و نەتەوەکانی تری ئێران بە بەردەنگەکانمان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە پارلەمانی یەکیەتیی ئورووپا، بە وڵاتانی ئورووپایی و پارلەمانی وڵاتانی ئورووپایی، بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. لە هەمان کاتدا ئێمە لەبەر ئەو بارودۆخەی کە هەمانە پێوەندیمان هەیە لەگەڵ میدیا جیهانییەکان کە ناوەندەکانی زۆربەیان لە ژنێڤە، بۆ نموونە ڕویتێرز و ... چەند ناوەندی هەواڵدەری کە له ژنێڤ بنکەیان هەیە، ئێمە هەواڵەکان پێیان دەگەیەنین. بۆیە بەپێی بارودۆخی هەڵکەوتووی ڕێکخراوەکان و دەستپێڕاگەیشتنی ئەو ڕێکخراوانە، ئەرکەکانیان جیاوازن. ئێمە ئەو شانسەمان هەیە کە لە ژنێڤین و دەتوانین لەو بارودۆخەکە کەڵک وەرگرین و پەیامی خەڵکی کوردستان بگەیەنین بە گوێی ناوەندە جۆراوجۆرە جیهانییەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆمەڵگەی نێونەتەوەییی دنیا.

ئاویەر شێخی: بێگومان تەنیا ئەرکی ڕێكخراوەکانی مافی مرۆڤ ڕووماڵی هەواڵە پەیوەندیدارەکان بە مافەکانی مرۆڤ نییە، ئەرکێکی دیکە، بەتایبەت لە کات و ساتی ئەمڕۆی کوردستان و ئێران دەکەوێتە سەر شانی ئەم ڕێکخروانانە، گەیاندنی دەنگی خەڵک و داواکارییەکانیان بە میدیا جیهانییەکان و ناوەندە پەیوەندیدارەکانە، بەتایبەتی کە بەهۆی پچڕانی هێڵی ئینتەرنێت و پەیوەندییەکان، ڕێگەکانی پەیوەندیگرتنی خەڵکی نێوخۆ و چالاکان بە جیهانی دەرەوە دژوارتر دەبێت. کارێکی دیکە کە ئەم ڕێکخراوانە ئەتوانن بیکەن پێشکەشکردنی داوای هاوکاری و هەڵوێست‌گرتنە لە ناوەند و ڕێکخراوە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ. لەم ڕاستایەدا ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشی لەگەڵ ٤٢ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ڕوو لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەمەڕ پرسی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان و ئێران بڵاو کردەوە.

د. هادی ڕەسووڵ‌زادە:  ئامانجی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی لە چاودێریکردن و بەدواداچوونی ڕاپۆرتەکانی پێوەندیدار بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، ئاگادارکردنەوەی کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکانە وەک ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، تێگەیاندنی ڕێکخراوگەلی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ و تەنانەت بردنی سکاڵا بۆ ناوەند و ئۆرگانەکانی وەک دیوانی مافی مرۆڤی ئورووپا و شۆڕای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەکان. لەم قۆناغە هەستیارەی ئێستای ئێران و بەتایبەت کوردستاندا ئەرکی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ جگە لە ئاگادارکردنەوە و دانی زانیاری و ڕاپۆرتی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بە ئۆرگان و دەزگاکانی بڕیاردەرە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراو و ناوەندە جیهانییەکانی مافەکانی مرۆڤ، ئاگادارکردنەوەی بیروڕای گشتیی جیهانە تاکوو داوا لە دەوڵەتەکانی خۆیان بکەن لە پێوەندییەکانیاندا لەگەڵ حکوومەتی ئیسلامیی ئیران پرسی مافی مرۆڤە لە ئێران نەکەنە قوربانیی بەرژەوەندیی وڵاتەکەیان و ساتوسەودای بەسەرەوە نەکەن.

شاڕۆخ حەسەن‌زادە: ئێمەوە وەک ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان "چاونیوز" پێشتریش بەردەوام هەواڵ و پێشێلکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانمان کە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەکرا، وەک بەڵگە بۆ ڕێکخراوە جیهانییەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤمان دەنارد، بەڵام ئیستە کە ڕەوشی ئێران و کوردستان بەتایبەت بەهۆی مانگرتن و خۆپێشاندانەکانی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە زیاتر لە جاران بەهۆی دەستێوەردانی لایەنە ئەمنییەتییەکانەوە ئاڵۆز بووە، بەردەوام هەوڵمان داوە لەگەڵ ڕێکخراوەکانی دیکە لەسەر خەت بین و هەواڵ و ڕووداوە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە بخەینە بەر دەستی ئەو لایەنانەی ئەم دۆخەیان بۆ گرنگە. کەواتە ئێمە جیا لە ڕووماڵ و گواستنەوەی هەواڵەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی، پێشێلکارییەکانی وەک کوشتنی خۆپیشاندەران، گرتن و بریندارکردنیان کە زۆربەیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەپێکرێن، وەک بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر و ئاشکرا لە پێشێلکارییەکان دەدەینەوە ئەو ڕێکخراوە جیهانییانە و پێیان دەڵێین ئێمەوە وەک دەنگی ئەو خەڵکە مافخوراوە داوای پشتیوانی و هاوکاریتان لێ دەکەین، بەڵکوو خەڵک لەدەست ئەو ڕێژیمە سەرەڕۆ و دیکتاتۆرە ڕزگاری بێت.

کاروان مێراوی: ئەو ڕێکخراوانە تا چ ئاستێک توانیویانە پرسی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئەو کۆنڤانسیۆنە نێونەتەوەیییانەی کە ڕێژیمی ئێران پێشتر واژۆی کردوون و لەم بارودۆخەدا پێشێلیان دەکات، بە ناوەندی پێوەندیدارە جیهانییەکان بگەیەنن؟

شاڕۆخ حەسەن‌زادە: هەر ئەوەی کە هەتا ئیستا بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژاوایی بەناوی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ چەندین کەس و لایەنی نیزام بخەنە نێو لیستی ڕەشی خۆیان و گەمارۆیان بخەنە سەر، ئەمە ڕێک کاریگەریی ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەکان دەسەلمێنێت. لە دواهەمین هەڵوێستدا یەکیەتیی ئورووپا بۆ یەکەم جار و ڕاستەوخۆ بەرپرسانی هێزە نیزامییەکانی (انتظامی) شارەکانی بۆکان، سەقز و سنەی خستە نێو لیستی ڕەشی خۆیان کە ئەمە هەم بۆ ئێمەمانان دڵخۆشکەرە کە ئەو ڕێکخراو و وڵاتانەی جیهان بە واسیتەی ئێمەوە ئەو کەسانە دەناسن و لە چۆنیەتیی هەڵسوکەوتی ئەوان ئاگادار کراونەتەوە. جیا لەمەش، لە ئاستی هەموو ئێرانیشدا کاری لەم چەشنە کراوە، هەڵبەت ئەمە زۆر کەمە لە ئاست هەموو ئەو پێشێلکارییانە و ڕەنگبێت ئەم هەڵوێستەش زۆر کەمتر لە چاوەڕوانیی ئێمە بێت. بەڵام بۆ دەستپێک دەکرێت وەک کارێکی باش چاوی لێ بکەین کە هیوادارم لە داهاتوو و لە ئەگەری بەردەوامبوونی خۆپێشاندانەکان کە دڵنیام بەڕێوە دەچێت و بەئاکام دەگات، سەرجەم وڵاتانی دێموکرات و لایەنگری مافەکانی مرۆڤ سوورتر دێنە سەر خەت و پێشێلکارانی مافی مرۆڤ باشتر سزا دەدەن.

د. هادی ڕەسووڵزادە: لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەبێت بڵێم، ئەو ڕێکخراوانە کاریگەرییان لەسەر ڕێکخراو و کۆڕ و کۆمەڵە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ و ناوەندەکانی بڕیاردەری دەوڵەتان و کاریگەرییان لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان بووە، بەڵام ڕادەی ئەم کاریگەرییە لە کات و زەمانی جیاوازدا گۆڕانی بەسەردا هاتووە. بۆ وێنە هەر لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا، ٢٢٤ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی و ٦٧ کەسایەتیی سیاسی و مەدەنی داواکارییەکیان واژۆ کردووە کە داوا لە شوڕای ڕێکخراوی نەتەوەکان کراوە کە گوشار بخەنە سەر حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوشتار، گرتن و ئەشکەنجەی خەڵکی ناڕازی ڕاگرێت، کە "ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا"ش یەکێک بووە لەو ڕێکخراوانەی واژۆی کردووە. بە لەبەرچاوگرتنی ڕادەی بەشداریی بەرینی خەڵک لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران لەم ناڕەزایەتییانەدا، پێم وایە کاریگەریی زۆری دەبێت و گەشبینم.

ئاویەر شێخی: بێگومان دەتوانین بڵێین کە ڕێکخراوەکان و بەتایبەتی هەنگاو، لەم ڕاستایەدا ئەرکی سەرشانی خۆیان وەک پێویست بەئەنجام گەیاندووە و لە ڕێگەی چەندین ڕاگەیاندراو و خستنە ڕووی بەڵگەی پێوەندیدار توانیویەتی پرسی کورد و سەرکوتەکارییەکانی ڕێژیمی ئێران بە میدیا گەورە جیهانییەکان بگەیەنن، بەتایبەت لەم ناڕەزایەتییانەی دوایدا کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران یاساکانی خۆی پێشێل کردووە، لە دەستبەسەرکردنی منداڵانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ و هێنانی چەکی قورس بۆ ناو شارەکانی کوردستان. ئێمە لەو بوارانەدا ڕاپۆرتی تایبەتی خۆمان بە ڕێکخراوە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ داوەتەوە و ئەو خاڵ و پێشێلکارییانەمان باس کردووە. هەر وەک پێشتریش ئاماژەمان پێ دا، لە ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشدا داوای هەڵوێستی بەپەلەی نەتەوە یەکگرتووەکانمان کردووە کە بینیمان ئەمڕۆ (واتە ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی ٦ی خەزەڵوەر) لە ڕاپۆرتی تایبەتی جاوید ڕەحماندا بەتایبەتی باسی کوردستان و پێشێلکارییەکانی کۆماری ئیسلامی کرا. بەتایبەتی تر کە ئێمە لە ساڵانی ڕابردوودا بینیومانە کە لە ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕاپۆرتی ساڵانەی سکرتێری ئەم ڕێکخراوەیە بە پشتبەستن بە ئامار و ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، باسیان لە پێشێلکاری و سەرکوتەکانی حکوومەتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کردووە و مەحکوومیان کردووە. هەروەها ئێمە پێشبینی دەکەین کە لە ماوەکانی داهاتوودا هەر بە پشتبەستن بە ئامارەکانی ئەم ڕێکخراوانانە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان هەڵوێستیان هەبێت. خاڵی گرینگ لێرەدا گواستنەوەی هەواڵ و سەرکەوتکردنی خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان و ئێران بە میدیا گەورە و جیهانییەکانە، کە ئەم ڕێکخراوانە بەتایبەتی هەنگاو توانیوینە بە شێوەیەکی بەرچاو دەنگی خەڵک بن و زوڵم و پێشێلکارییەکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی لەقاو بدەن.

تەیموور ئەلیاسی: لە پێوەندیی لەگەڵ ئەم پرسیارەدا، دەتوانم تەنیا باسی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ــ ژنێڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان بکەم. ئێمە وەکوو کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان توانیومانە بۆ نموونە له دواهەمین بڕیارنامەی پارلەمانی ئورووپادا دەور و ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕین و پێشنیارمان کرد بە دوو فراکسیۆنی پارلەمانی ئورووپا وەکوو گرووپی ڕینیوی ئورووپا کە لە لیبراڵ‌ ڕادیکاڵەکانی پارلەمانی ئورووپا پێک هاتبوون و هەروەها گرووپی سۆسیال دێموکراتەکان، کە لە ڕێگەی ئەو دوو فراکسیۆنەوە کەڵک وەرگرین و پیشنیاریان پێ بکەین کە بڕیارنامەیەک لەسەر ئێران بخەنە پێش پارلەمانی ئورووپا کە ئەوانیش ئەو کارەیان کرد. ئێمە توانیومانە دوو خاڵی سەرەکی لەو بڕیارنامەیەدا بچەسپێنین، وەکوو؛ ١ــ ژینا ناوی ژینایە نەک مەهسا و خەڵکی کوردستانی ئێرانە. ٢ــ دەبێت ئاماژە بەوە بکرێت کە کورد و بەلووچ زوڵم و ستەمی زۆرتریان لێ دەکرێت. هەروەها لە بڕیارنامە و ڕاگەیەندراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمیسێری پرسی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، جاوید ڕەحمان نوێنەری مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئێران، هەروەها لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژاوا و بەتایبەت میدیاکانی ڕۆژاوا توانیومانە ئەو خاڵە بچەسپێنین کە کوردستان ڕۆڵی یەکەم و سەرەکیی هەیە و کوردستان ڕێبەریی ئەو شۆڕشە دەکات، بەو هۆکارەیشەوە کوردستان زۆرترین زوڵم و ستەمی لێ ئەکرێت. هەر بۆ نموونە لە تەلەفزیۆنەکانی سوئیس و لە هەندێک میدیای گەورە، لە ڕویتێرز، هەروەها بڕیار وایە لەو ڕۆژانەدا لە ئیسکای نیوز ڕاپۆرتێک لەسەر ڕەوتی خۆپیشاندانەکان لە ئێران و بەتایبەت لەسەر کوردستان پێشکەش بکەم.

بابەتێکی تر کە زۆر گرنگە، ئێمە وەکوو کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ــ ژنێڤ، لەگەڵ چەند ڕێکخراوێکی تر هاوپەیمانییەتییەکی نێونەتەوەییمان لە ڕێکخراوەکان دروست کردووە کە زیاتر لە بیست ڕێکخراوی نێونەتەوەیی ئەندامی ئەو هاوپەیمانییەن و چەندین ڕاگەیەندراوی هاوبەشیشمان بڵاو کردووەتەوە کە زیاتر لە چل ڕێکخراو واژۆیان کردووە، لەوانە ڕێکخراوەکانی لێبوردنی نێونەتەوەیی و چاوەدێری مافەکانی مرۆڤ.

ئێمە توانیومانە کە لە چوارچێوەی ڕێکخراوەکاندا هەندێک داواکاریی بخەینە پێش کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و بەتایبەت نەتەوە یەکگرتووەکان کە لەو پێوەندییەشدا بڕیارە بە ڕێبەریی وڵاتی ئاڵمان لە حەوتووی یەکەمی مانگی نۆڤامبردا لە چواچێوەی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی، شۆڕای مافەکانی مرۆڤ کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەسەر پرسی ئێران بگیرێ کە داوای سەرەکیی ئێمەش لەو کۆبوونەوەیە ئەوەیە کە میکانیزمێکی نێونەتەوەیی بۆ دادگاییکردنی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دروست بکرێت کە لە کوشتنی خەڵکی ئێراندا دەستیان هەیە.

کاروان مێراوی: تاکوو ئێستە ئەو ڕێکخراوانە توانیویانە لەسەر بڕیاری ناوەند جیهانییەکان و هەروەها ناوەندە بڕیاردەرەکانی دەوڵەتەکان کاریگەرییان هەبێت؟

د. هادی ڕەسووڵ‌زادە: ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی مافی مرۆڤی چالاک لە ئێران و کوردستان ئەرکی سەرشانی خۆیان بە باشی بەڕێوە بردووە و هەموو پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ کە لە پێوەند لەگەڵ کۆنڤانسیۆنەکانی پێوەندیدار بە مافەکانی پەنابەران، مافەکانی منداڵان و هەروەها پەیمان و بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکانی مافە مەدەنییەکان کە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران واژۆی کردوون، بە ئاگاداریی شۆرای مافەکانی مرۆڤی ڕیکخراوی نەتەوەکان و ڕێکخراو و ناوەندگەلی جیهانی مافی مرۆڤ گەیاندووە. تا ئەوە جێگایەی کە لە ڕێکەوتی ١٨ی نوڤامبری ٢٠٢٠ی زایینی، شۆرای مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەکان حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانی وەک پێشێلکاری هەموو بەندەکانی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ دانا و بە پێشنیاری کانادا لە دژی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بڕیارنامەیەک پەسند کرا، بەڵام ئەم بڕیارنامەیە تا چەندە دێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەڵدەگەڕێتەوە بۆ شێوەی کاردانەوەی وڵاتانی ئەندام لە شۆرای مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەکان.

تەیموور ئەلیاسی: لە پێوەندیی لەگەڵ ئەو کۆنڤانسیۆنانەی کە ڕێژیمی ئێران واژۆی کردوون، لە کۆی ئەو ٩ کۆنڤانسیۆنە پەیماننامە نێونەتەوەیییە، کۆماری ئیسلامیی ئێران پێنج دانەیانی واژۆ و پەسەند کردووە. بۆ نموونە؛ کۆنڤانسیۆنی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، کۆنڤانسیۆنی مافە کۆمەڵایەتی و کولتووری و ئابوورییەکان، کۆنڤانسیۆنی مافەکانی منداڵان. دیارە ئێمە لە کۆی کۆمیتەکانی مافی مرۆڤی ئەو کۆنڤانسیۆنانە بە شێوەیەکی سیستەماتیک، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان توانیویەتی ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی پێشکەیان بکات و لە هەموو ڕاسپاردنامەکانی ڕاپۆرتەکان و ڕاسپاردنامەکانی ئەو کۆمیتانەی کۆنڤانسیۆنەکان، ئێمە توانیومانە پرسی مافی مرۆڤ و بەتایبەت پرسی پێشێلکاریی مافی مرۆڤی نەتەوەکانی ئێران و بەتایبەت نەتەوەی کورد لە ناوەڕۆکی ئەو کۆمیتانەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو کۆنڤانسیۆنە پچەسپێنین.

شاڕۆخ حەسەن‌زادە: بە پێوەندیی بەردەوام و زانیاریی ڕاست و دروست هەروەها دانی ئەو بەڵگە و ناو و ئادرەسە جۆراوجۆرانەی ڕۆژانە بەدەستمان دەکەوێت و دەیاندەینەوە بە لایەنەکانی مافی مرۆڤی کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کار و چالاکی دەکەن، هەروەها ڕووماڵ و هەواڵ و زانیاریی بەردەوام دەتوانین جیهان لە هەموو ئەو پێشێلکاری و کارەسات و جینایەتانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەرحەق بە نەتەوەی کورد دەکات، ئاگادار بکەینەوە و وەک پرسێکی هەنووکەیی بیخەینە بەرباس.

ئاویەر شێخی: ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان توانیویانە لە کاتی خۆپیشاندان و ڕاپەڕینەکانی خەڵک سەرکوتکارییەکانی کۆماری ئیسلامییان بە میدیا گەورە جیهانییەکان گەیاند، بێگومان ئەگەر هەوڵی ئەم ڕێکخراوانانە بۆ بەمیدیایی‌کردنی پێشێلکارییەکانی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت نەبوایە، هیچ دوور نەبوو لە کوردستانیش کوشتارێکی دیکەی هاوشەی زاهیدان لە بێدەنگیدا ڕووی بدایە. هەروەها گەمارۆکانی ئەم دواییەی بەرپرسانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە وڵاتانێکی وەک کانادا و ئاڵمان و هەروەها گەمارۆکانی ساڵانی ڕابردوو، بێگومان بە پشتبەستن بە ڕاپۆرت و ئامارە بڵاوکراوەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەسەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بووە. دیارە تەنیا ئەمە فاکتەر نەبووە، بەڵام دەتوانین بڵێین کە ڕۆڵێکی گرینگیان گێڕاوە. ئەگەر ڕاپۆرت و ڕاگەیاندنەکانی ئەو ڕێکخراوانە و بەتایبەتی ئەو ڕێکخراوانەی توانیویانە بێلایەنیی خۆیان لە گواستنەوەی هەواڵەکان بپارێزن نەبوایە، لەوانەبوو گوشارەکانی سەر ڕێژیمی ئێران لە ئەمڕۆدا بەو ڕادە بەرچاوە نەبوایە.

کاروان مێراوی: هاوڕێیانی هێژا، سپاس کە لەم دیبەیتەدا بەشداریتان کرد. وێڕای ماندوونەبوونی لە ئەرک و چالاکییەکانتاندا، هیوای سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازین.