کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات سەردانی بەربژێری لیستی هاوپەیمانیی پارلمانی دانمارکی کرد

10:53 - 8 خەزەڵوەر 2722

شاندێکی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەمەبەستی تاوتوێکردنی هێندێک بابەتی پێوەندیدار بە کوردستانەوە، سەردانی ئەندامانی شارەوانی و بەربژێری لیستی هاوپەیمانیی پارلمانی دانمارکی کرد.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی٤ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، شاندێکی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پێکهاتوو لە "هەژار دەشتی" بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکان و "دانا ئەلیاسی" ئەندامی شاندی پەیوەندییەکان، دیدارێکیان لە گەڵ خاتوو "لیسبێت تۆرفینگ"، ئەندامی شارەوانیی شاری ھۆرسنس و بەربژێری پارتی لیستی هاوپەیمانی دانمارک پێکهێنا.

لەو سەردان و چاوپێکەوتنەدا شاندی حیزبی دێموکرات باسێکیان لە ڕەوشی سیاسیی ئێستای ئێران و کوردستان کرد و تیشکیان خستە سەر شۆڕشی ئێستای گەلانی ئێران کە بە شۆڕشی ژینا ناسراوە و کوردستان چەخماخە لێدەری ئەو شۆڕشەیە؛ هەروەها باسیان لە سەرکوتی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران و کوردستان بە دڕندانەترین شێوە لەلایەن چەکدارەکانی ڕێژیمەوە کرد.

شاندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەدرێژەدا هیوایان خواست ناوبراو دەنگی متمانە بەدەست بێنێ و بچێتە پارلمانی ئەو وڵاتە و ببێتە گەیەنەری دەنگی ڕەوای کورد لە ناوەندەکانی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە.

لەلایەکی دیکەوە خاتوو لیسبێت جەختی لەسەر پێوەندی و کاری هاوبەش کردەوە و بەڵێنی دا، گەر دەنگی متمانە بێنێ، ببێتە پاڵپشتێکی هەمیشەیی دۆزی ڕەوای کورد.

لە کۆتایی دیدارەکەدا و لە چوارچێوەی چالاکیی ئەو ڕێکخراوە بۆ ئەندامەکانیان، ٢٢ مۆم بۆ یادی چلەی ماتەمینی ژینا ئەمینی داگیرسا.