کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک لە فەرانسە بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بەڕێوە چوو

11:17 - 8 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی شەممە ٧ی خەزەڵوەر، بەرانبەر بە ٢٩ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢ی زایینی، لە شاری "لیۆن" دووهەمین شاری گەورەی فەرانسە لەسەر بانگەوازی پێشوو و بە بەڕێوەبەریی "ئالان کوردیان"(سەعید تاهیر) خۆپیشاندانێکی بەرین بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بەڕێوە چوو.

ئەو خۆپیشاندانە کاتژمێر ٣ی دوانیوەڕۆ بە بەشداریی کوردانی هەر چوار بەشی کوردستان و ئێرانییانی دانیشتوو لەم شارە و بەشێک لە خەڵکی ناسیاوی فەرانسە لە شوێنی دیاریکراوەوە بەرەو مەیدانی "پلاس تیغوو" بە دروشی وەک "ژن، ژیان، ئازادی"، "نەمان بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران" و "دەسەڵاتی فاشیستیمان ناوێ" دەستی پێ کرد.

پاشان خۆپیشاندەران زنجیرەیەکی مرۆڤییان وەک سیمبولێک بۆ پاڵپشتی لە سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لەهەمبەر شۆڕشی ژینا بە شێوەیەکی ڕازاوە پێک هێنا.

لە درێژەدا شێعرێک لەژێر ناوی "ناکەوێ، نانەوێ، ڕاوەستاوە ئاڵای ڕزگاری - هاوار هەر بەرزە و نابڕێتەوە لە کوردەواری" بۆ گیانبەختکراوانی ئەم شۆڕشە پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.

ئامانج لە پێکهێنانی ئەم کۆبوونەوەیە بە زمانی فەرانسەوی بۆ بەشداربووان ڕوون کرایەوە.

ئەم خۆپیشاندانە بە هەڵپەڕینێکی کوردی وەکوو سیمبولێک لە یەکگرتوویی و یەکڕێزی کۆتایی پێهات.