کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانێک بۆ پشتیوانی لە ڕاپەرینی گەلانی ئێران لە وڵاتی دانمارک

15:08 - 8 خەزەڵوەر 2722

دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، خۆپێشاندانێکی گەورە لەلایەن ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، بەڕێوە چوو.

سەرەتای خۆپێشاندانەکە بە سروودی نەتەوایەتی 'ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان بە دوو زمانی کوردی و دانمارکی لەلایەن پێشکەشکاری بەرنامە "هەژار دەشتی"ـیەوە بەخێرهاتنی بەشداربووان کرا.

هەروەها پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، بە زمانی دانمارکی لەلایەن "مینا عەزیزی"ـیەوە خوێندرایەوە.

"عەزیزی" لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بە ڕاپەڕینی ئێستای کوردستان و ئێران کرد کە بە ناوی شوڕشی "ژینای کورد" ناوبانگی دەرکردووە و هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە ئێمە ئەمڕۆ لێرەین هەتا پێکەوە و یەکگرتوو لەژێر دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بۆ دەربڕینی تووڕەیی خۆمان بە دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، پشتیوانی خۆمان لەو شوڕش و ڕاپەڕینە کە لە کوردستان و ئێران دەستی پێکردووە، دەربڕین.

هەروەها ناوبراو داوای کرد کە وڵاتانی ئورووپایی کۆتایی بە ساتوسەودای بازرگانی لەگەڵ ئەو ڕێژیمە بێنن و لە تەنیشت خەڵک بوەستن.

پاشان پەیامی سازمانی دێموكراتیكی یارسان بە زاراوەی "کەلهوڕی" لەلایەن "فروزان ئەلقاسیـ"ـیەوە خوێندرایەوە.

لە بەشێکی دیکەی خۆپیشاندانەکەدا "سۆفی" بە نوێنەرایەتی پارتی سوسیالیستی گەلی دانمارک (SF) چەند وتەیەکی پێشکەشی بەشداربووان کرد.

لەلایەکی دیکەوە لەلایەن "دانا ئەلیاسی" بەرپرسی کۆمیتەی ناوچەی "میت یوولەند" چەند وتەیەک لە سەر یەکگرتوویی و یەکڕیزیی گەلانی ئێران پێشکەش بە بەشداربووانی خۆپێشاندانەکە کرا.

دواتر شێعرێک لەلایەن "شوڕش خەبات" خوێندرایەوە.

لەو پێوەندییەدا "ئەندریاس"، بە نوێنەرایەتی پارتی چەپی ڕادیکال( Radikal Venstre) چەند پەیڤێکی پێشکەشی بەشداربووان کرد.

لە بڕگەیەکی دیکەدا، دوو پارچە سروودی "کوردی و لوڕی" لەلایەن "یەدوڵڵا چراغیـ"ـیەوە، پێشکەش کران.

هەروەها دوو سروودی دیکەی کوردی بە ناوەکانی "سڵاوی گەرمی دڵی پڕ هومێدی مەت پێشکەش و دەمی ڕاپەرین" پێشکەش کران.

خۆپیشاندانەکە دوای نزیک بە ٣ کاتژمێر، بە دانی چەندین دروشمی جۆراوجۆر بە زمانەکانی کوردی، دانمارکی و ئینگلیسی بە دژی ڕێژیمی ئێران، کۆتایی پێ هات.