کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ناڕەزایەتیی خوێندکاران لە زۆربەی شارەکانی ئێران

12:09 - 8 خەزەڵوەر 2722

لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی خوێندکاران بە کوشتنی "ژینا ئەمینی" لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، خوێندکارانی زۆربەی زانکۆی شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران دەستیان بە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان کردووە.

لە زانکۆی "ئەلزەهرای مەشهەد"، کاتێک خوێندکاران ناڕەزایەتییان دەربڕیوە هێزەکانی حیراسەتی ئەو زانکۆیە بۆ ناسینەوە و دەسبەسەرکردنیان وێنە و فیلمیان لێ هەڵگرتوون.

هێزەکانی حیراسەت و لیباس شەخسی، موبایلی ئەو خوێندکارانەیان پشکنیون و بە گرتنی دەرگای چوونە ژوورەوە و هاتنەدەر خوێندکارانیان زیندانی کردوون.

لەلایەکی دیکەوە خوێندکارانی زانکۆی "ئابووریی عەلامە ‌تەباتەبایی" بەدژی جیاوازیی ڕەگەزی دروشمی "بسیجی، حراست، پیوندتان مبارک و دانشجو می‌میرد ذلت نمی‌پزیرد"یان دەوتەوە.

خوێندکارانی زانکۆی سەنعەتیی "شاهروود"یش لە بەرامبەر هێزەکانی بەسیج خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد و زۆربەی زانکۆی شارەکانی دیکەش ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

خوێندکارانی علووم پزیشکیی شارەکانی "بەندەرعەباس و بوشێهر"یش بەدژی جیاوازیی ڕەگەزی،  کۆمەڵێک دروشمیان بە دژی ڕێژیم وتووەتەوە و بە هەڵگرتنەوەی وێنە و ناسینەوەیان هێزەکانی حیراسەت و بەسیجی هەڕەشەی دەرکردنیان لەو خوێندکارانە کردووە.