کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: خەڵک هیچ ڕێگەیەکی تری نییە جگە لە خۆپێشاندان و ڕاپەڕین

13:09 - 9 خەزەڵوەر 2722

کۆمیتەی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان و ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردی ڕۆژی شەممە، ٧ی خەزەڵوەر سمینارێکی بۆ خالید عەزیزی، وتەبێژی   حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێک‌هێنا.

 لەو کۆبوونەوەیەدا کە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە نوێنەرایەتیی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات و کوردانی  دانیشتووی وڵاتی ئاڵمان لە شاری بۆن بەڕێوە چوو، سەرەتا  دوکتور ئاوات، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندی لێکۆڵینەوە و پاشان جەلیل حەسەن‌پوور، ئەندامی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردی باسێکیان لە کار و ئامانجەکانی ئەو ناوەندە کرد. دواتر دواتر سوڵتان دێمە، بەرپرسی کۆمیتەی ئەڵمانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بەخێرهێنانی کۆڕگێڕ و ئامادەبووانی کۆڕەکە، مەبەست و ئامانج لەو سمینارەی شی کردەوە.

لە پانێلی یەکەمی سیمینارەکەدا خالید عەزیزی بە هەڵسەنگاندنی تازەترین گۆڕانکارییەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تایبەتمەندی و فاکتەرەکانی دۆخی ڕاپەڕین لە وڵاتی شی کردەوە. بەڕێزیان لەنێو ئەو فاکتەرانەدا تیشکی خستە سەر دوو فاکتەر، یەکەم شکستی نیزامی سیاسیی وڵات کە توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی نییە، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە حکوومەت لە ڕێگەی هەڵبژاردنی ئازادەوە نەهاتۆتە سەر کار و خەڵک هیچ ڕێگەیەکی تری نییە جگە لەوەی بچێتە سەر شەقامەکان و ڕاپەڕین بکات. دووهەم فاکتەری یەکلاکەرەوەش بە میلیۆن کەس لە نەتەوە و پێکهاتەکانی جۆراوجۆرەکانی ئێرانی فرەنەتەوەن کە بە درێژایی مێژوو  هەموو جۆرە بێبەشی لە ماف، سووکایەتی و پەراوێزخستنێکیان بینیوە.

وتەبێژی حیزبی دێموکرات لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە ئاماژە بە پێویستیی ئاگاداربوونی کۆمەڵگەی جیهانی لەو دۆخەی لە وڵاتدا ڕادەبرێ، گوتی: "ئێمە نیگەرانیی خۆمان لەبارەی ئەگەری هێرشی دووبارەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر حیزبەکانی کوردستان و هەرێمی کوردستان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دەربڕیوە و وەک ڕێکارێکی مرۆڤی داوای ناوچەی دژە فڕینیشمان بۆ هەرێمی کوردستان بۆ پارێزراوبوونی لە دەستدرێژییەکانی کۆماری ئیسلامی کردووە."

پێویستیی پاراستن و بەرینکردنەوەی هاوپەیمانیی نێوان نەتەوەکان بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی تەوەرێکی دیکەی باسەکەی بەڕێز عەزیزی بوو. وتەبێژی حیزبی دێموکرات لەو بەشەدا پێی لەسەر ئەو بابەتە داگرت کە لەگەڵ زەروورەتی هاوپەیمانی و یەکڕیزیی هێز و لایەنە سیاسییەکان، بەڵام ئێمە بە ڕوونی گوتوومانە هەتا پرسی کورد لە ئێران چارەسەر نەکرێت، پرسەکانی ئێرانیش چارەسەر نابن، پرسی کوردیش پرسی ئازادی و مافی نەتەوایەتی و بەرانبەری نەتەوەیەکە. 

ڕۆڵی دیاسپۆرای کورد و ئێرانی لە وەڕێخستنی شەپۆلی هاوپێوەندی و لێک‌گرێدانی خەباتی دەرەوە و ناوەوەی ئێران بۆ ڕاکێشانی سەرنج و پاڵپشتیی بیروڕای جیهانی تەوەرێکی دیکەی باسەکەی بەڕێز عەزیزی بوو کە بەڕیزیان ئەو هەوڵانەی بە تەواوی بەرز نرخاند و داوای کرد هەتا سەرکەوتنی ڕاپەڕین بەردەوام بن.

دوابەشی ئەو سمینارە چوار کاتژمێرییە بۆ پرسیار و وەڵام تەرخان کرابوو کە لەو بەشەدا وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەڵامی سەرنج و پرسیاری کۆمەڵێک کەس لە بەشدارانی سیمینارەکەی دایەوە.