کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک لە یادی ٤٣ـەمین ڕۆژی خۆڕاگریی گەلانی ئێران لە وڵاتی دانمارک بەڕێوە چوو

13:57 - 9 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٧ی خەزەڵوەر بەرانبەر بە ٢٩ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢ی زایینی لەلایەن کۆمیتەی ھاوبەشی پشتیوانی لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێرانەوە خۆپێشاندانێکی گەورە و کەموێنە لە بەردەم شارەوانیی "کۆپێنھاگ" پیتەختی وڵاتی دانمارک بەڕێوە چوو.

لە سەرەتای ئەم گردبوونەوە جەماوەری و بەرفراوانەدا، چەندین گۆرانی، سروود و دروشمی شۆڕشگێڕی بە زمانەکانی کوردی و فارسی وترایەوە و ئامادەکاری بۆ ئەوە کرا کە خۆپیشاندانەکە ئاراستەیەکی تر بەخۆیەوە بگرێت و بەشێوەی زنجیرەیی جیاواز لە خۆپیشاندانەکانی تر بەڕێوە بچێت.

ئاپۆڕای خۆپێشاندەران زیاتر لە سێ بۆ چوار کیلۆمیتر بوو کە بەنێو شەقامەکانی "کۆپێنھاگـ"ـدا بەرەو شوێنی مەبەست و دوورگەیەکی ئاویی گەورە لە ناوەندی شاری کۆپێنھاگ بە دروشمدان بەڕێ کەوتن.

ئەم ئاپۆڕا جەماوەرییە بەشێوەی بازنەیی ھەموو دوورگەکەی داگرتبوو کە ڕازابۆوە بە ئاڵای گەلانی ئێران و وێنەی ئەو شەھیدانەی کە لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێراندا خوێنی خۆیان بەختی ئازادیی نیشتمانەکەیان کردووە.

کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارک وەک هەمیشە ڕۆڵێکی سەرەکیی لە بەڕێوەبردنی ئەم خۆپیشاندانە جەماوەرییە بەرفراوانەدا ھەبوو. 

جیاوازیی ئەم خۆپیشاندانە لەگەڵ خۆپێشاندانەکانی تری کۆپێنھاگ ئەوە بوو کە وتاری ھیچ لایەن، ھێز و کەسایەتییەک نەخوێنداریەوە تەنیا خوپێشاندانێکی ھێمنانە و وتنەوەی دروشم، سرود و گۆرانیی شۆڕشگێڕی بوو.

دیمەنەکانی ئەم خۆپێشاندانە ڕاستەوخۆ لەلایەن چەند تێلێویزیۆنەوە ڕووماڵ دەکرا و ڕیپۆرتاژی ئەم خۆپێشاندانە لەلایەن "کوردکاناڵە"وە ئامادە دەکرا.

خۆپێشاندانەکە تا درەنگانی ئێوارە بە دروشمی کوردی، فارسی، دانمارکی و ئینگلیزی درێژەی کێشا.