کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێکی بەرین بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان و ئێران لە وڵاتی سوئێد بەڕێوە چوو

13:58 - 9 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی شەممە ٧ی خەزەڵوەر، بەرامبەر بە ٢٩ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢ی زایینی، خۆپیشاندانێکی بەرین بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی خەڵکی کوردستان و ئێران لە شاری "ستۆکهۆڵمـ"ـی وڵاتی "سوئێد" بەڕێوە چوو.

لەو خۆپیشاندانەدا کە لەلایەن ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران  و کۆمەڵی پشتیوانی لە خەباتکارانی خەڵکی ئێران (جمعیت پشتیبانی از مبازات مردم ایران)ـەوە  پێکهاتبوو، کۆمیتەی سوئێدی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب و هەروەها ئەندامانی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ، یەکیەتییەکانی ژنان و لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سوئێد و ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە گۆڕەپانی ناوەندی شاری (سێرگێلستۆڕی) بەڕێوە چوو.

ئەو خۆپیشاندانە چوار ڕۆژ دوای چلەی "ژینا"، لە چوارچێوەی پێشنیاری ئەنجومەنی بنەماڵەی گیانلەدەستداوانی فڕۆکەی ئۆکراینی لەژێر ناوی "خۆپیشاندانی مرۆیی لە جیهان دژی ڕێژیمی ئێران" و هەروەها بە فەرمیی ناساندنی "شۆڕشی نوێ لە ئێران"، بەڕێوە چوو.

سەرەتای خۆپیشاندانەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" دەستی پێکرد.

پاشان چەندین پەیام و سروود و گۆرانیی شۆڕشگێری لەلایەن چەندین کەسەوە پێشکەش کرا کە بریتی بوون لە:

ـ پەیامێک لەلایەن "ڕاگنێگۆرد"- نوێنەری سۆسیال دێموکراتەکان و شارەداری ستۆکهۆڵم

ـ گۆرانییەک بە زمانی ئینگلیزی لەلایەن "ماهان موین"

ـ خوێندنەوەی نامەی ناڕەزایەتیی سەندیکای کرێکاران لەلایەن "سەعید تاخاڤی"

ـ پێشکەشکردنی  گۆرانییەک بە زمانی کوردی لەلایەن هونەرمەند نەجمەدین غوڵامی

ـ خوێندنەوەی پەیامی کۆمەڵەی پشیوانی لە خەباتی خەڵکی ئێران لەلایەن"ڕۆژە مەحمودی"

ـ پێشکەشکردنی گۆرانییەک بە زمانی فارسی لەلایەن "نەغمە کوێستانی"