کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرێوەچوونی ٤٠ەی ژینا لەبەردەم کۆشکی سپی

17:06 - 9 خەزەڵوەر 2722

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٢٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ی میلادی، بەرانبەر بە ٣ی خەزەڵەوەری ١٤٠١ی هەتاوی، لە سەر بانگەوازی کوردەکانی دەڤەری "واشنتۆن" ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی ٤٠ەی "ژینا ئەمینی" بەڕێوە چوو.

لەو یادکردنەوەدا، وێڕای دۆستانی ئەمریکایی، بەشێک لە ئێرانییە ئازادیخوازەکان بەشدار بوون.

سەرەتای ئەو یادکردنەوەیە، بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگەیاندنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی ڕاپەرینی گەلانی ئێران دەستی پێکرد.

ئەوجار "ڕەحیم ڕەشیدی" بە نوێنەرایەتی ڕەوەندی کوردستانیی دەڤەری "واشنتۆن" سەبارەت بە یادی ٤٠ەی ژینا و دوایین ئاڵوگۆڕەکانی ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی قسەی کرد و هاوپێوەندیی شارەکانی کوردستان و چوونی خەڵک بۆ شاری "سەقز"ی بە ڕووداوێکی گرینگ و هیوابەخش لێکدایەوە.

"ڕەشیدی" لە ناوەڕۆکی قسەکانیدا باسی لە دەور و ڕۆڵی ژنانی کوردستان لە خەباتدا کرد و لەمبارەوە وتی: ''ئێمە کە چاومان کردووەتەوە، لەگەڵ دروشمی 'ئازادی بۆ ژن، بەختیاری بۆ کۆمەڵ'، ئاشنا بووین. پێشەوا قازی وەکوو سەرۆککۆماری کوردستان ڕێگای دا مینا خانمی خێزانی بێتە نێو کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی و ئەو ژنە تێکۆشەرە وەکوو یەکەمین سەرۆکی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی دا دەستی بە تێکۆشان کرد.

 ئەوەی ئەمڕۆ لە گۆڕێدایە لەخۆڕا نییە و پاشخانێکی دەوڵەمەندی هەیە و دروشمی ژن، ژیان، ئازادی گرێدراوی ئەو مێژووە پڕ شکۆیەیە".

"ڕەحیم ڕەشیدی" لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باسی لە پێویستیی یەکڕیزی کوردستانی و هاوپێوەندی لەگەڵ گەلانی ئێران کرد و لەمبارەوە داوای لە کوردەکان کرد وێڕای پاراستنی شوناس و کولتووری کوردەواری هەوێنی یەکگرتوویی بن و دەبێ هەمووان بزانن ئێمە وەکوو کورد تەنیا یەک دوژمن دەناسین کە ناوی کۆماری ئیسلامییە و هەرکەس لەم خەباتەدا دژی ئەو ڕێژیمە لەگەڵمان بێ، ئێمە بە دۆستی خۆمانی دەزانیین. هەروەها پێویستە چالاکانە لەو خۆپیشاندان و ئاکسیۆنانەدا بەشدار بین کە دژی کۆماری ئیسلامی و بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ئێران و کوردستان لەئارادایە.

دواتر پارێزەر "سەمیرە قادری" بە زمانی ئینگلیزی وتارێکی پێشکەش کرد و باسی لەو زوڵم و ستەمە کرد کە دژی کوردەکان لە ئێران لەئارادایە و ڕاگەیاند کە دەبێ بە تێکۆشانی هەمەلایەنە پتر پەردە لەسەر ئەو ستەمە لا بدەین.

دواتر "سروە سەلیمی" وەکوو تازەلاوێک قسەی کرد و لەوبارەوە باسی لەو زوڵم و ستەمە کرد کە کۆماری ئیسلامی دژی کوردەکان و خۆپیشاندەران دەیکا و هەروەها لە نێوەئاخنی قسەکانیدا پەرژایە سەر یادکردنەوەی ٤٠ەی "ژینا" لە سەقز و لەمبارەوە دروشم و وتاری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بەرز نرخاند.

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێورەسمەدا، "ئێلی گۆڵد" سەرۆکی "ئەنستیتۆتی گۆڵد" بۆ کاروباری ستراتێژیی نێونەتەوەیی وێڕای دەربڕینی پشتیوانیی خۆی بۆ خۆپیشاندەران هاوکات باسی لەوە کرد بە جیددی کار دەکەن بۆ ئەوەی خەڵکی ئەمریکا باشتر لە ویست و داخوازیی خۆپیشاندەران و گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاگادار بن.