کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپەڕینی نوێی گەلانی ئێران و ترسی لەڕادەبەدەری خامنەیی

14:32 - 12 رەزبەر 2722

سمایل شەرەفی

بۆ جارێکی دیکە و بە پێی سوننەتی هەمیشەیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، عەلی خامنەیی نەتەنیا ویست و داوای خەڵکی ئێرانی لە سەر شەقامەکان بە ڕەسمی نەناسی، بەڵکوو بە بەستنەوەی ئەو ڕاپەڕینە بە دەستی دەرەکی، بەتایبەت بە ئامریکا و ئیسرائیلەوە، فەرمانی لێپرسینەوەی بۆ دەرکردن.

خامنەیی کە دوای ١٧ ڕۆژ لە دەستپێک و درێژەکێشانی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە شوێن و ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێران دژ بە خۆی و تەواویەتی ڕێژیمەکەی ڕاپەڕیون هاتە دەنگ، بە ڕوونی شڵەژاوی و نیگەرانی لە ئیرادەی لێبڕاوانەی خەڵک و چارەنووسی نیزامەکەی بە ڕوخساریەوە دیار بوو.

ئەوەی خامنەیی لە سەر ناڕەزایەتییەکانی خەڵک باسی کرد و خەت و نیشانی بۆ خەڵکی ڕاپەڕیو کێشا، شتێکی جیاواز لە هەڵوێست و دەربڕینەکانی پێشووی سەبارەت بە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە قۆناغەکانی ڕابردوودا نەبوو. ناوبراو ئەمجارەشیان – بە ترس و نیگەرانیی زیاتر لە بەربڵاوی و پەرەسەندوویی ناڕەزایەتییەکان – وەک هەمیشە نەفسی ئەم ڕاپەڕینەی خەڵکیشی بە دەسکرد و پیلانی دەوڵەتانی دوژمن! (ئامریکا و ئیسرائیل) لە قەڵەم‌دا.

خامنەیی لە قسەکانیدا نەیتوانی حاشا لەوە بکا کە نەتەوەکانی ئێران بەتایبەت نەتەوەی ماف‌پێشیلکراوی کورد بۆ ڕاپەڕینی ئەمجارەی خەڵکی ئێران بە گشتی بوونەتە پێشەنگ، بۆیە داماوتر لە هەمیشە پەنای بردە بەر قەوانە کۆنە، کە بە دڵنییاییەوە نەتەنیا خەڵکی ئێران بەڵکوو تەنانەت بازنەکانی نزیک لە خۆی و بەیتەکەیشی، باوەڕی پێ ناکەن.

خامنەیی بە ئاماژەدان بە ناڕەزایەتییەکانی کوردستان و بلوچستان و بە مەبەستی بەلاڕێدابردنی بیروڕای‌گشتیی خەڵکی ئێران، هەوڵی ‌دا کە تۆمەتی جیاییخوازی و تەجزییەتەڵەبی بداتە پاڵ کوردستان و بەم شێوەیە پرسیار لە سەر ئەو پێشانگایەتییە ساز بکا کە لەم قۆناغەدا کوردستان گرتوویەتیە ئەستۆ و تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی ئێرانی بە "چاو و چرای ئێران"ی ناو دێنن.

لە کۆتایی قسەکانیدا، خامنەیی رق و توڕەیی خۆی لە ڕاپەڕینی گشتی و جەماوەریی گەلانی ئێران و چین و توێژەکانی بەشدار و پشتیوان لەم ڕاپەڕینە نەشاردەوە و حوکمی کردە سەر ناوەندە ئەمنییەتی و دەزگای قەزایی ڕێژیمەکەی کە پێویستە بە توندترین شێوە بەرەنگاری خۆپێشاندەران ببنەوە.

ئەوەی ڕاستی بێ هەر وەک لە دەربڕین و ئاماژەکاندا دیار بوو، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بە تەواوەتی هەستی بە ئیرادەی لێبڕاوانەی خەڵکی ئێران بۆ تێپەڕینی یەکجارەکی لەم نیزامە و توڕەیی و بێزراوی خەڵک لە شەخسی خۆی وەک کەسێکی دیکتاتۆر، کردوە. ئەو گوێی لە درووشمە بەرزەکانی؛ "مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆر" و "مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی" و درووشمەکانی دیکەی دژ بە خۆی بووە و، بەو حوکمە توند و ڕقاویانەوە کە دەریکرد، نیشانی ‌دا کە چەندە لە ئیرادەی یەکگرتووانەی گەلانی ئێران ترساون.

ئەوەی لەم نێوەدا لە هەموو شتێک گرینگترە و پێویستە گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران لێی هوشیار و بەئاگا بن، پاراستنی یەکگرتوویی ڕیزەکانیان دژ بە کۆماریی ئیسلامی ئێران و پیلانەکانی خامنەیی و ڕیژیمەکەی بۆ تێکدانی ئەم یەکڕیزی و یەکگرتووییە.