کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڕیارنامەی بەشدارانی خۆپێشاندانی پشتیوانی لە ڕاپەرینی خەڵکی ئێران (هێلسینکی)

11:44 - 13 رەزبەر 2722

تاوانی کوشتنی ژینا (مەهسا) ئەمینی لە شاری تاران بوو بەهۆی شەپۆلێکی بێ وێنە لە ناڕەزایەتیەکانی خەڵک لە شەرمەزارکردنی ئەو جینایەتە لە کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێراندا.

 هەزاران خەڵکی ناڕازی بۆ مەحکوومکردنی ئەو جینایەتە لە شار و ناوچەکانی جۆراوجۆری ئێرانەوە ڕژانە سەر شەقامەکان و خوازیاری ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوون.

خۆپێشاندان و ڕاپەرینی خەڵکی ئێران لەکاتێکدا درێژەی هەیە کە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بریتی لە هێزە ئەمنییەتییەکان، ئیتلاعات و هێزە چەکدارەکانی دیکە لە هەموو شێوازێکی توندوتیژ دژی خۆپێشاندانە ئارامەکانی خەڵک کەڵک وەردەگرن و تا ئێستا دەیان کەس لە خەلکی بێتاوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم کوژراون و سەدان کەس بریندار بوون.

ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ناڕازی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئێرانەوە گیراون و لە ژێر ئەشکەنجە دان. هاوکات لەگەڵ ئەمە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی خوڵقاندنی کەشی ترس و بێ بڕوایی دەستی کردووە بە تێرۆری نێودەوڵەتی دژی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە کوردستانی باشووردا و  لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بنکە و مەقەڕەکانی هێزەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی بە خەستترین شێوە بۆردمان کردووە و لە ئاکامدا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی بێتاوان گیانیان لەدەست داوە و ژمارەیەکی زۆر کە لەنێو ئەو کەسانەدا ژن و منداڵن کە بریندار بوونه.

مافی ژیانێکی ئازاد، ژیانێکی شکۆمەندانە و بوونی مافی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە بنەماکانی کۆمەڵگای مۆدێڕنی ئەمڕۆن، ئەو مافانەی کە لە ماوەی ٤٣ ساڵی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لە خەڵکی ئێران زەوت کردووە.

ئێستا کە ئێمە لێرە کۆ بووینەتەوە، بەشێکی زۆر لە شار و ناوچەکانی ئێران لە کوردستانەوە تا بەلووچستان، لە ئەحوازەوە تا ئازەربایجان و گیلان، تاران، ئیسفەهان، مەشهەد و هتد بە توندترین شێوە کەوتوونەتە بەر هێرشی زۆردارانەی ڕێژیمی ئێران و هەموو ڕۆژی بینەری کوژران و برینداربوونی خەلکی بێتاوانین.

 ڕێژێمی ئێران هەموو ڕێگەکانی پێوەندیگرتنی خەڵک لەگەڵ جیهانی دەرەوەی بەستووە  و هەر ئێستا پێوەندی لە نێوان شار و ناوچەکانی ئێرانی بە نزمترین ئاستی خۆیان گەیشتووە. ڕێژیمی ئێران بە بڕینی پێوەندیی ئینتێرنێت و ڕێگەکانی دیکەی پێوەندی هەوڵ دەدات دەست بکات بە کوشتار و قەڵاچۆی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران و بۆ ئەوەی دەسەڵاتی ڕەشی خۆی درێژە پێ بدات.

لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا ڕێژمی ئێران لە سەردەمی دەسەڵاتی خۆیدا چ لەنێوخۆ و چ لە دەرەوەی وڵات دەستی لە هیچ جینایەت و تاوانێک نەپاراستووە. لەنێو خۆی ئێراندا خەڵک دەگیرێ و ئێعدام دەکرێ و مافی سروشتیی ژیانێکی ئازاد و شکۆمەندانە لە خەڵک زەوت کراوە.

 لە دەرەوەی وڵات ئەو ڕێژیمە بەهۆی پشتیوانیی بەردەوام لە تێرۆریزم و ڕێکخستنی هێزە تێرۆریست و توندئاژووەکان بووەته بە مەترسییەکی جیددی بۆ سەر ئەمنییەتی وڵاتان و ئاشتیی جیهانی.

دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بووە بە ڕەمزی بەرگریی نەتەوەکان و هەموو پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران دژی ئەو حکوومەتە دیکتاتۆرە و هەموو پێکهاتە نەتەوەیی، ئایینیەکان بریتی لە کورد، فارس، تورک، بەلووچ، عەرەب، تورکمان، بەهایی، سوننه و هتد یەکدەنگ و یەکگرتووانە خوازیاری ڕووخانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و پێکهاتنی حکوومەتێکی دێموکراتیک لەسەر بنەمای یاساکانی نێونەتەوەیی و جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤن.

بەو بۆنەوە ئێمە بەشدارانی خۆپێشاندانی پشتیوانی لە ڕاپەرینی خەڵکی ئێران لە فینلاند

١ـ داواکارین لە بیروڕای گشتی، بەتایبەت یەکیەتیی ئورووپا، خەڵک و دەوڵەتی فینلاند پشتیوانی بکەن لە ڕاپەرینی خەڵکی ئێران و بە ڕەچاوکردنی گەمارۆی سیاسی، دیپلۆماتیک و گەمارۆ هۆشمەندەکانی ئابووری لەسەر باڵە نیزامی و سیاسییەکانی ڕێژیم ئەو ڕێژیمی تێرۆریست و تێرۆریستپەروەرە لە کارایی بخەن.

٢ـ  لە ڕێگای شوڕای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە هانای خەڵکی ئێرانەوە بێن و بە پشتیوانیی خۆیان خوازیاری کۆتایی به ماشێنی کوشتار و تێرۆری کۆماری ئیسلامیی ئێران بهێنن.

٣ـ بۆ شەرمەزاریی قەڵاچۆی خەڵکی بێتاوانی ئێران و ئاپارتایدی سیستماتیکی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژی ژنان، باڵوێزەکانی خۆیان لە ئێران بکێشنەوە.

٤ـ   باڵوێزەکانی ئێران لە هەموو وڵاتان بۆ ئاگادارکردنەوە بانگ بکرێن و باڵوێز و ناوەندەکانی ڕێژیمی ئێران دابخرێن.

٥ـ  زەخت بخرێتە سەر ئێران بۆ جێبەجێکردنی بەرپرسایەتی و بەڵێنه نێونەتەوەییەکان خۆی لەمەڕ ڕەچاوکردنی مافی مرۆڤ و جێبەجێکردنی جاڕنامەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان.

بەشداران لە خۆپێشاندانی پشتیوانی لە ڕاپەرینی خەڵکی ئێران (هێلسینکی)

١ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢ی زایینی

٩ی  ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی