کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری دەستەی نوێنەرایەتیی حیزبە کوردستانییەکان لەگەڵ نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی فینلاند

11:53 - 13 رەزبەر 2722

بە مەبەستی گەیاندنی دەنگی ناڕەزایەتی نەتەوەکانی ئێران بە دەوڵەتی فینلاند دەستەی نوێنەرایەتیی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ بەرپرسی بەشی کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی فینلاند دیداریان کرد.

ڕۆژی پێنجشەممە  ٧ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ی دەستەی نوێنەرایەتیی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مەبەستی گەیاندنی دەنگی ناڕەزایەتیی خەڵکی کوردستان و نەتەوەکانی دیکەی ئێران و داوای هەڵوێست لە دەوڵەتی فینلاند سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەیان کرد و لەلایەن خاتوو "سایلا بارکێ" (Saila BARKE) بەرپرسی کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەو وەزارەتەوە پێشوازی لێ کرا.

لەو دیدارەدا وێڕای باس لە کوژرانی شەهید ژینا ئەمینی و مانگرتنەکانی کوردستان و سەرهەڵدانی خەڵکی ئێران، ڕاپۆرتێک لە سەر سەرکوتی سیستماتیکی سەرهەڵدانی خەڵک لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پێشکەش کرا و دوایین ئاماری کوژرا و بریندارەکانی ئەو ڕووداوانە درایە نوێنەری وەزارەتی دەرەوە.

هەروەها ڕاپۆرتێکی تێروتەسەل لە سەر جینایەتی هێرشی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و  پارتی ئازادیی کوردستان پێشکەش کرا.

هەروەها داوانامەیەک لەلایەن بەشدارانی کۆبوونەوەکەوە ئاراستەی وەزارەتی دەرەوە کرا.

 لەو داوانامەیەدا داوا لە دەوڵەتی فینلاند و یەکیەتیی ئورووپا کراوە پشتیوانیی سیاسیی خۆیان لە سەرهەڵدانی نەتەوەکانی ئێران دەرببڕن، باڵوێزەکانی خۆیان بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە سیاسەت و کردەوە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئێران بکێشنەوە و باڵوێزی ئێران لە وڵاتانی ئورووپایی بۆ سەرکۆنە بانگ بکرێن و ئێران ناچار بکەن لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا ڕێز لە مافی دێموکراتیکدا بتوانن ئازادانە خۆپێشاندان و کۆبوونەوە بکەن.

نوێنەری وەزارەتی دەرەوە خاتوو "سایلا بارکێ" بەڵێنیی دا ڕاپۆرت و داوانامەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە وەزیری دەرەوە و کۆبوونەوەی ڕۆژی پێنجشەممەی وەزیرانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا بگەیەنێت.

ئەندامانی دەستەی نوێنەرایەتیی حیزبە کوردستانییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بریتی بوون لە: "هۆما کەریمی، ڕۆژین برزۆیی، وڵات نەهری و مەجید حەقی".