کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی

18:09 - 13 رەزبەر 2722

خەڵکی کۆڵنەدەر و تێکۆشەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان!

خوشک و برایانی ئازیز!

هەروەک ئاگادارن ڕۆژی چوارشەممە شەشی ڕەزبەر (٢٨ی سێپتامبر، بنکە و بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و لایەنەکانی دیکەی نیشتەجێ لە باشووری کوردستان کەوتنە بەر هێرشێکی بەربەرینی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، کە بەداخەوە کۆمەڵێک قوربانی و شەهید و برینداری لێ کەوتەوە.

بۆچی کۆماری ئسیلامی ئەو هێرشەی کردە سەر ئێمە؟ وڵامەکەی زۆر ڕوونە. هەروەک هەموو لایەکی ئێوە ئاگادارن لە دە ڕۆژی ڕابردوودا بەدوای شەهیدبوونی ژینا ئەمینی لە تاران و بەدوای ئەوەدا کۆمەڵگەی ئێران بەگشتی بە هەموو نەتەوەکانیەوە، بە هەموو چین و توێژێکەوە، بە هەموو ئایین و ئایینزاکانەوە، بە هەموو ڕێکخراوە سیاسییەکانەوە، لەگەڵ یەک بە هاوکاری و هەماهەنگی و هاوپێوەندیی ئێجگار زۆرەوە ئەو خەبات و جموجۆڵە مەدنییەیان دژی کۆماری ئیسلامی وەڕێ خست و، کۆماری ئیسلامی بۆ یەکەم جار دوای ئینقلابی ئێران، خۆی لە بەرانبەر ئاپۆڕای میلیۆنیی کۆمەڵانی خەڵکی ئێراندا دەدیت، تووشی شکستێکی ئێجگار زۆر گەورە بوو.

لە تەنیشت ئەوەدا جێگەی خۆیەتی بڵێین بەشداری بەربڵاوی ژنان و هەروەها شیعاری "ژن، ژیان، ئازادی" کە لە ئێراندا بوو بە سیمبولێک بۆ بەردەوامیی ئەو سەرهەڵدان و ڕاپەڕینە، لە کۆمەلگەی نێودەوڵەتیشدا بە رادەیەکی یەکجار زۆر دەنگی دایەوە و، کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی بە ڕێکخراوە دەوڵەتی و غەیرە دەوڵەتییەکان کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان مەحکووم کرد. تەنانەت بابەتی هێرشەکەی کۆماری ئیسلامی و دەستدرێژییەکانی لە شوڕای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا هاتە بەر باس. بۆیە کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەیکە قەرەبووی ئەو شکستە بکاتەوە. لەو پێوەندییەدا چونکی مەسەلەی کوردستان و خەبات و تێکۆشانی کوردستان و ژنان و پیاوانی کوردستان لە سەفی پێشەوەی ئەو خەباتە جەماوەرییەدا بوون و بە شێوەیەکی ئارام و هێمن لە نێوخۆی وڵات پەرەی دەستاند، نەیدەتوانی بە مەیلی خۆی و ئەو جۆرەی دەخوازێ بە ئاقاری توندوتیژییدا بەڕێت. بۆیەشە دەست کرد بە تۆڵەکردنەوە لە حێزبی دێموکراتی کوردستان ئێران و لایەنە کوردییەکانی دیکە. ئەمە هۆکاری سەرەکیی هێرشە بەربەرینەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر حیزبی دیموکرات بوو. وەک گوتم، یەکەم بۆ ئەوەی کە بیروڕای گشتیی ئیران و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەلاڕێدا ببات، بۆ ئەوەیکە بابەتەکان لە چوارچێوەی ئێراندا بێنە دەرێ و زۆرتر شتەکە پێوەند بدرێتەوە بە دەرەوەی سنوورەکانی وڵات. بۆ ئەوەی کە بڵێ لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانەوە هەڕەشەمان لەسەرە، دەنا خەڵکی ئێران لەدژی کۆماری ئیسلامی مەسەلەیەکیان نییە. ئەوە لە حاڵێک‌دایە بە میلیۆن کەس لەو خەبات و جموجۆلە جەماوەرییەدا بەشدارییان کرد. حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و لایەنەکانی دیکەش بەباشی لەوە گەیشتبوون، بۆیە هەمیشە خەڵکیان هان دەدا لە خەبات و تێکۆشانی خۆیاندا بە شێوەی ئارام و هێمنانە بچنە پێشێ، پەنا بۆ توندوتیژی نەبن، بیانوو نەدەنە کۆماری ئیسلامی کە ئەو خەبات مەدنی و ئارام و شارستانییانە بە ئاقاری توندوتیژدا ببات.

خەڵکی تێکۆشەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان!

ئێوە هەمووتان دەزانن کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەموو ماوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا و هەر لە سەرەتای هێزگرتنی ئەو ڕێژیمەوە بە شیوازی جۆراوجۆر هەمیشە کراوەتە ئامانج، ڕێبەرانمان لە ڤییەن تێرۆر کران، لە میکۆنووس تێرۆر کران، دەیان کادرمان لە باشووری کوردستان تێرۆر کران، هەزاران پێشمەرگەمان بوون بە قوربانی، ئەوە لە حاڵێک‌دایە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەمیشە باوەڕی بە چارەرسەی ئاشتییانەی لە ئێراندا بووە. ئێمە هەوراز و نشێومان زۆر بووە، قوربانیمان زۆر داوە، تەنانەت هەروەک باسم کرد ڕێبەرانیشمان لەپێناو ئەو خەبات و تێکۆشانەدا فیدا کردووە. بۆ جارێکی دیکەوە لێرەوە دووپاتی دەکەمەوە ئێمەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە خەبات و تێکۆشانی خۆمان بەردەوام دەبین. هەرگیز بەچۆک دانایەین. حیزبێک کە لە قووڵایی ڕۆژهەڵتی کوردستاندا دروست بووە، حیزبێک کە تەحەممولی هەموو ئەو دەورانانەی کردووە، حیزبێک کە ئێوە کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پشتین و، پەیامەکانی وەردەگرن، دڵنیابن بەوانە  بەچۆک دانایە. حیزبەکەی ئێوە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران لە ئاستی نێودەوڵەتییشدا تێ‌دەکۆشێ بەرپرسانە باسی بارودۆخەکە بکا و باشتر سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ لای دۆخی ئێران ڕابکێشێ.

ئێمە ڕوو بە خەڵکی خۆمان پێ لەسەر ئەوە دادەگرینەوە کە بە شێوەی هێمنانە و دوور لە توندوتیژی، بە شێوەیەکی ئارام بتوانن دەنگی خۆتان لەدژی ئەو جینایەتەی کۆماری ئیسلامی هەڵبڕن. لە تەنیشت ئەوەدا پێوەندی و هاوکاری و هەماهەنگیی خۆتان لەگەڵ گەلانی دیکەی ئیران بەهێز بکەن و بیانکەن بە بەردەنگی خۆتان و پێیان بڵێین ئێمەی کورد هەمیشە باج و تێچووی قورسمان داوە بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ ئێوە لە دژی کۆماری ئیسلامی؛ وەک چۆن ئەوجاریش کۆماری ئیسلامی تۆڵەی لە ئێمەی کورد کردەوە و هێرشی کردە سەر ڕێبەرانی ئێمە لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران و لایەنەکانی دیکە.

خەبات و تێکۆشانی هەموو ئێمە لەپێناو مافە نەتەوایەتییەکانی خۆمان و دامەزراندنی دێموکراسی لە ئیران بەردەوام دەچێتە پێشێ. داهاتوو هی ئێمەیە.